حكومه‌ت روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر باجى سه‌ر ئۆتۆمبیل ده‌دات

0

سیهام میران، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

حكومه‌ت روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر باجى سه‌رئۆتۆمبیل ده‌دات و ده‌ڵێ، “هێشتا دیاریمان نه‌كردووه‌ مه‌به‌ست له‌ ئۆتۆمبیلى گرانبه‌ها چییه‌ و به‌ڵام دڵنیایى خه‌ڵك ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئۆتۆمبیلى چینى هه‌ژار و مامناوه‌ند ناگرێته‌وه‌”.

دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى سه‌پاندنى باج به‌سه‌ر ئۆتۆمبیلى هاووڵاتیان، خه‌ڵكێكى زۆر نیگه‌ران بووه‌، بۆیه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى باجه‌كان له‌رێى نوچه‌نێته‌وه‌، روونكردنه‌وه‌ ده‌دات.

د. كه‌مال وه‌رتى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى باجه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى دارایى بۆ نوچه‌نێت گوتى، “ئه‌و بڕیاره‌ى باسكراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ باجى سه‌ر ئۆتۆمبیل پێویسته‌ هاوئاهه‌نگى بكرێت له‌نێوان وه‌زاره‌تى دارایى و وه‌زاره‌تى ناوخۆ”.

دووپاتیشى كرده‌وه‌، تا ئێستا بڕیاره‌كه‌ نه‌چووه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردن، رێنمایى پێویست دانه‌نراوه‌. له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانى گوتى، “به‌ڕوونى دیاره‌ ئوتۆمبیله‌ گرانبه‌هاكان باجیان ده‌خرێته‌ سه‌ر”. له‌سه‌ر وشه‌ى “گرانبه‌ها”یش روونكردنه‌وه‌ى هه‌بوو، كه‌مال وه‌رتى گوتى، “هێشتا له‌سه‌ر نرخى گرانبه‌ها قسه‌ نه‌كراوه‌ و ئه‌ویش به‌ كۆمه‌ڵێك پێوه‌ر دیارى ده‌كرێت ئۆتۆمبیله‌ گرانبه‌هاكان چین و چى ده‌گرێته‌وه‌”.

به‌ڕێوه‌به‌رى باج گوتیشى “لیژنه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ داده‌نیشێ و مه‌رجه‌كان دیارى ده‌كات و له‌وانه‌یه‌ پێوه‌ره‌كان زۆر بێت، به‌ڵام دڵنیایى خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ ئۆتۆمبیلى چینى هه‌ژار و خه‌ڵكى مامناوه‌ند ناگرێته‌وه‌”.

له‌ كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى به‌دوورى نه‌زانى باج ئه‌و كه‌سانه‌ بگرێته‌وه‌ كه‌ دوو ئۆتۆمبێلیان هه‌یه‌ و دووپاتیشى كرده‌وه‌ له‌ نزیكترین كاتدا رێنمایى ده‌رده‌چن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com