كازمى ده‌بێت له‌به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێم رژدتر بێت

0

نوچه‌نێت

لیژنه‌ى ئاسایش وبه‌رگرىى په‌رله‌مانى عێراق سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر ده‌نگۆى ده‌ستپێكردنى ئۆپراسیۆنێكى گه‌وره‌ى توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌دات و ده‌ڵێ، “ده‌بێت حكوومه‌تى عێراق له‌به‌رانبه‌ر توركیا رژدتر بێت و به‌ تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێت قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى عێراق له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌رووى 10 ملیار دۆلاره‌”.

دوێنێ ماڵپه‌ڕه‌ عێراقییه‌كان راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى لۆفیگارۆى فڕه‌نسیان بڵاوكردبووه‌وه‌ و كه‌ تێیدا پێشبینى ده‌كرێت، توركیا له‌ساڵى 2021 ئۆپراسیۆنێكى گه‌وره‌ بۆ سنووره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجام بدات.

دوێنێ “نوچه‌نێت”یش پوخته‌یه‌كى ئه‌و راپۆرته‌ى لۆڤیگارۆى بڵاوكرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ ئه‌یوب ره‌بیعى ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئاسایش وبه‌رگرى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى ئارتى رووسى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باسى له‌وه‌ كردووه‌ ده‌بێت عێراق له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌وڵانه‌ى توركیا رژدتر بێت و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بێت.

ئه‌یوب ره‌بیعى ده‌ڵێ، “پێویسته‌ حكومه‌تى عێراق هه‌ڵوێستى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و پێشیلكارییانه‌ هه‌بێت و دۆسیه‌كه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمكارى وڵاتانى عه‌ربى و ته‌واوى رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بدات”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێیوایه‌ عێراق ده‌توانێ به‌ كارى بازرگانى فشار بخاته‌ توركیا، به‌ تایبه‌تى ده‌زانرێ قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌نێوان توركیا وعێراق له ‌سه‌رووى 10 ملیار دۆلاره‌.

دوێنێ راپۆرتێكى رۆژنامه‌ى لۆفیگارۆى فڕه‌نسى بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ تێیدا هاتووه‌ “وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هیچ شتێك ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ناوه‌ستێنێ، دواى ئه‌وه‌ى به‌ ده‌ستوه‌ردانه‌ سه‌ربازییه‌كانى له‌ سووریا و لیبیا و قه‌وقاز مه‌ست بووه‌ و ئێستا له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2021 چاوى بڕیوه‌ته‌ باكوورى عێراق كه‌ زۆربه‌ى دانیشتووانى كوردن و ئه‌مه‌یش نوێ نییه‌”.

جیا له‌وه‌یش لۆفیگارۆ پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كات له‌ چه‌ند مانگى داهاتوودا ئۆپراسیۆنێكى گه‌وره‌ له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه ‌بچێت و ته‌واوى سنووره‌كان له‌ په‌كه‌كه‌ پاك بكرێنه‌وه‌ و هێزه‌كانى توركیا به‌ره‌و لێدانى قه‌ندیل بچن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com