سیهام میران، تایبەت بە نوچەنێت
ئه‌حمه‌د سه‌فار بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له لێدوانێكى بۆ “نوچه‌نێت” باسى له كێشه‌كانى بودجه‌ى گشتى عێراق كرد و دووپاتى كرده‌وه دژایه‌تى زۆر بۆ پشكى هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت و گوتیشى، “ئه‌سته‌مه بڵێم پشكى هه‌رێم له بودجه به ئاسانى تێده‌په‌ڕێت”.
د.ئەحمەد سەفار، بڕیارده‌رى لیژنەی دارایی په‌رله‌مانى عێراق له‌و باره‌وه بۆ “نوچەنێت”باسى له كێشه‌كانى بودجه كرد و گوتی، “کورتهێنان زۆرە به نزیكه‌ی ٧١ ترلیۆن دینار ده‌خه‌مڵێندرێت. ئه‌وه‌یش پێچه‌وانه‌ی یاساى دارایى گشتییه، كه دەڵێ کورتهێنان نابێ لە ٣% زیاتر بێت. بەڵام ئێستا نزیکەی ٢٢%ە ئەو کورتهێنانە نزیکەی ٤٤% لە کۆی هەموو بوجەدایە، ئێمە هەوڵدەدەین ئەو کورتهێنانە کەم بکەینەوە، ئه‌وه‌ش ته‌نیا به كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی زۆری كۆمه‌ڵێك شوێن و له‌به‌رانبه‌ردا زیادكردنی داهاتی گشتی”.
سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تى زیادكردنى داهات و ئه‌و بڕه داهاته‌ى دێته به‌رده‌ستى حكومه‌تى عێراق، ئه‌حمه‌د سه‌فار گوتى “كۆى داهاتى ناوخۆ ده‌گاته 93 ترلیۆن دینار، 73 ترلیۆن نه‌وتییه و 20 ترلیۆن داهاته‌كانى تره”.
دووپاتیشى كرده‌وه ده‌توانرێت داهاتى عێراق زیاد بكرێت، چونكه وه‌ك ئاماژه‌ى بۆ كرد به‌ر له‌هه‌موو شتێك به‌هۆى جیاوازى نرخى نه‌وت ده‌كرێت داهات زیاد بكرێت، چونكه له بودجه‌دا نرخى به‌رمیلێك نه‌وت به 42 دۆلار خه‌ملێنراوه و كه‌چى ئێستا نه‌وت به 55 دۆلاره. ئه‌حمه‌د سه‌فار باسى له‌وه كرد هاوكات لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مان هه‌وڵ ده‌دات خه‌رجییه‌كانیش كه‌م بكاته‌وه.
له‌سه‌ر چۆنیه‌تى تێپه‌ڕاندنى پڕۆژه یاساى بودجه ئه‌حمه‌د سه‌فار دووپاتى ده‌كاته‌وه به‌هۆى ئه‌وه‌ى عێراق به‌ره‌و هه‌ڵبژاردن ده‌چێت، ئه‌وا لایه‌نه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن پرۆپاگه‌نده و موزایه‌ده بكه‌ن، بۆیه پێشبینى ناكرێت، پڕۆژه یاساى بودجه به ئاسانى تێپه‌ڕێت.
بڕیارده‌رى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق گوتى، “ده‌رباره‌ی پشكی هه‌رێمی كوردستان ئێمه له هه‌وڵه‌كانمان به‌رده‌وامین تا بتوانین به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خۆی و بێ كه‌موكوڕی جێگه‌ى بكه‌ینه‌وه و به سوودی هه‌رێمی كوردستان یاساكه تێپه‌ڕێندرێت، به‌ڵام راستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گریش هه‌یه به‌داخه‌وه له‌ناو په‌رله‌مان دژایه‌تی بۆ به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه و ئه‌سته‌مه بێڵن به ئاسانی پرۆژه‌كه تێپه‌ڕێت”.