ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغى:هونه‌رمه‌ندان بیركردنه‌وه‌یان گۆڕاوه‌ زیاتر به‌ لاساییكردنه‌وه‌ نووساون

0

گه‌نجى هونه‌رمه‌ند له‌برى لاساییكردنه‌وه‌ى بێگانه‌یه‌ك باشتره‌ بچێته‌ دێهاته‌كان و به‌دواى ره‌سه‌نایه‌تى بگه‌ڕێت

من له‌ كاره‌كانم جدیم و ئه‌وه‌ى به‌مه‌ رازییه‌ ئه‌هلا و سه‌هلا ئه‌گینا ناچار نیم مێشكى خۆم ماندوو بكه‌م

هونه‌ریى بیانى بۆئه‌وه‌یه‌ له‌ لایه‌نى رۆشنبیرى سوودمه‌ندى لێى نه‌وه‌ك ببێ به‌ لاسایى و ده‌ست و قۆرگ بنووسێ

ده‌شتى هه‌ولێر پڕیه‌تى له‌ ئاوازى جوان

دیمانه‌ى لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

بواری مۆسیقا یەکێکە لە بوارەکانی ژیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندین هونەرمەند و هونەردۆست و مۆسیقاری کوردی ناسراومان هەیە کە موڵکی کوردن و کوردیین جێگای بایەخێکی هونەریین، خزمەتیان پێشکەش بە میللەت کردووە.

ئەمڕۆ هونەرمەند ئەنوەر قه‌رەداغی یەکێکە لە هەرە ناسراوترین مۆسیقاری کوردی کە سێ به‌شى تەمەنی لەناو مۆسیقا وهونەری کوردی بردۆتە سەر، دڵسۆزانە بایەخ بەو بوارە دەدات.

ئەنوەر قەرەداغی ناوی تەواوی ( محمد ئەنوەر عومەر قەرەداغی)یە لەدایکبووی شاری هەڵه‌بجه‌یە و دواتر له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى روویان کردۆتە شاری سلێمانی، لە خێزانیكی ئاینپەروەر گەورە بووە.

ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغى له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى “نوچه‌نێت” وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێكى دایه‌وه:‌

پەتای کۆرۆنا لە سەرانسەری دونیا پڕۆژە هونەرییەکانی ڕاگرتووه‌، هونەرمەندان پرۆژەکانیان ڕاگرت و زیانیان بەرکەوت، ئایا مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی بەم پەتایە چ پرۆژەیەکی دواکەوت؟

بێگومان زیانى زۆری لێداین، بەڵام لە هەندێ ڕووەوە بۆ قه‌ره‌بووكردینه‌وه‌. لە کاری تازە بۆ نموونە بەتەما بووین خەریکی ئیش لەسەر گرووپی کیژان بکەین. بەرنامەیەکی زۆر تێروتەسەلمان ئامادە کردبوو. چوار ڕۆژی مابوو بۆئەوەی کەوا بەرنامەکەمان جێبەجێ بکەین، ئەوەبوو ئیتر ئە وەختە بوو بە کەرەنتینە. چاوەڕێمان کرد بکرێتەوە نەکرایەوە، ڕاستیەکەی ئیتر ئیشەکە مردار بووه‌وه‌. بۆیە کێشەی دارایی به‌سه‌ر داهات. ئەوەی ئێمە ده‌مانویست دڵنیا بووم نەدەکرا، لەبەر ئەوە جارێ دوامانخست بۆ ئەم کاتە.

هەر سەبارەت بە کۆرۆنا و مانەوە لە ماڵەوە چ بیرۆکەیەکت لا گەڵالە بوو، چۆن لەم دابڕانەی هونەر کاتت دەبردە سەر؟

لەماڵەوە زۆر ئیش و پڕۆژەم هەبوو، ئیشم تێدا کردبوون، بەڵام تەواوم نەکردبوون، به‌هۆی ئەوەی پێشتر کاتم نەبوو چونکە زۆر سەرقاڵ بووم، دواتر لەماڵەوە بەهۆی کەرەنتینەوە هەموویم تەواو کرد، کە نزیکەی ٢٠ بەرهەمێک دەبێ کەوا دووانیم کلیپ کرد و بەتەماین وردە وردە ئەوانیتریش کلیپ بکەین و هەندێکی گرووپی کچانە و هەندێکی بەرهەمی خۆمە، ئاوا بەو شێوازە توانیوومە سوود لەوەختەکەش وه‌ربگرم. لەگەڵئەوەشدا لەم پەتایە هەندێ لە خۆشەویستانمان و کەسوکارمان لە دەستدا. بەداخەوە دەڵێم ئەوەش کاریگەری هەبوو لەسەر ئەوەی کەوا بێتاقەتی ڕوومان تێبکات و دەسمان نەچێتە ئیشوکار.

هەمیشە گلەیی لە نەوەی نوێی و هونەرمەندان هەیە تۆ چ تێبینیەکت لەسەریان هەیە؟ ئایا بەو میوزیكه‌ى ئێستا گوێبیستی دەبین پێشکەوتن و گۆڕانێکی سروشتی هەموو شتێک نوێ دەبێتەوە؟ یان بەلادانی دەزانی؟

من گلەیم نییە تەنیا سەرزەنشتێکە دەیکەم. بەڕاستی هونەرمەندی بە توانامان هەیە، بەڵام بەداخەوە دەڵێم کەوا نەڕۆشتون بئاڵێن بە مۆرکی کوردایەتی و مۆڕکی کوردیی لە ڕەسەنایەتی کوردی و ئەوانە هەستی لاساییکردنەوەیان زیاتر لە ناخدا چەسپیوە، نه‌وه‌ك خەمی کولتووری میللەتەکەی خۆیان بخۆن. بۆ نموونە وەرە دەشتی هەولێر چەندین میلۆدی جوانی تێدایە لە دەشتی شارەزوور هەمان شت، لە ناوچەکانی تری کوردستان شتی زۆر جوان هەیە. با ئاستی ڕۆشنبیری ئەم گەنجانە بگاتە ئاستێک کەوا بە خەمخۆری کولتووری میللەتەکەیان بن نەک بە لاسایکردنەوە.

تۆ دەتوانی سوود لە کولتووری میللەتان وه‌ربگرى، ئیستفادەی لێ بکەی لەڕووی دەوڵەمەندکردنی خودی خۆت، نەک لە دەست و پەنجەو تۆنی دەنگ وقورگت بگرێ. بتوانی گۆرانیەکی باش بڵێ، تۆ بتوانی لاسایی تورکی یان فارسی بکەیتەوە یاخود عەرەبی ،بچۆرە لای شوانێک یا بگەرێ بە دێهاتەکان نەختێک لەو جووتیارانه‌ نزیک ببینەوە بزانین چۆن گۆرانی دەڵێن و ئەو هەستە بێنین وەریگێرین لە دەنگ و پەنجەوە و لە هەستەوە دڵنیام کە کولتوورێکی زۆر جوانمان هەیە.

ئه‌وه‌ى ده‌یكه‌م گلەیی نییە، بەڵام سەرزەنشتێکە دەیکەم کەوا ئه‌وان بێخەمن لەو بوارانەدا. پێویستە بڕۆن زیاتر ئەو شتانە کۆبکەنەوە و هونەرێک پێشکەش بکەن کەوا کۆمەڵگا قبووڵی بکات و نەبێ بە گۆرانییەکی سەندەویچی. هەندێ گۆرانی هەیە كه‌ گوێبیستى بیت، وه‌ك ڕێتمێکی خۆش دێنه‌ گوێچکەتەوە، بەڵام کە هەر ڕۆشتە ئەو لا ، دوو ڕۆژ دوای ئەوە لێی بپێچیتەوە هەر نازانی گۆرانی بێژەکەش کێیە یان هەر نازانێ لەکوێ گوێت لێبووە!

با ئه‌وان گۆرانییەک دروست بکەن یا بەرهەمێک دروست بکەن لە هزری خەڵکیدا بمێنێتەوە، جێگەی سەرنج بێت، جێگەی ئەوەبێت تێڕوانینیان هەبێ. بپرسە ئەم هونەرمەندە کێیە؟ ئەم ئاوازە چییە؟ ئەم تێکستە هی کێیە؟ چۆن دروست بووە؟ ئەمە مۆڕکێکی جوانە پێوەی، بۆچی دەبێ هەموو کات مۆرکێکی میللەتێکی ترمان بەدڵ بێت و بەڵام هی میللەتەکەی خۆمان پشتگوێی بخەین و فرامۆش بکەین.

مامۆستا ئەنوەر ئامۆژگاری چییە بۆ هونەرمەندە گەنجەکان؟

چەند دەتوانن لە تەکنیکی مۆسیقا شارەزابن ئەوە زۆر باشە، بەڵام بیبەسنەوە بە ڕەسەنایەتی کۆمەڵگای کوردەوارییەوە. بێگومان کۆمەڵگای کوردەواری هەر ناوچەیەک تایبەتمەندی باشی هەیە. مه‌رج نییه‌ تۆ هەموو ناوچەکان لە ئامێز بگریت. دەتوانی لە سوچێکدا تۆ دەستی پێوەبگری، هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکەی لەگەڵ ناوچەکانی تردا چەند دەتوانی لە ڕووی تەکنیکیدا خۆی ئاماده‌ بکات و لە ڕووی هەستەوە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگا خۆی تێدابێت، ئایا لە تێکستدایە ئایا لە مۆرکدایە یاخود لە ڕەسەنایەتیدایە ئەمەش پێویستی بە تێکەڵبوونە.

لەناو کۆمەڵگدا تێکەڵبوون نەک لەگەڵ چینێکی دیاریکراو، کەوا هەر یەک شت دەبینى و هیچی تر نابینن، چەند دەتوانن مێشکیان دەوڵەمەند بکەن، لە هونەرەکان سوود وەربگرن، ئیسفادەی لێبکەن بۆئەوەی بتوانن کولتوورێکی جوانی خۆیان پێشکەش بکەن کە پێی دەوترێ کولتووری کوردی.

چۆن هانی ئەوانە دەدەی که‌ ئەکادیمیای هونەریان تەواو کردووە بۆئەوەی تواناکانیان بەرەو پێشەوە ببەن؟

زۆرێک لەوانە بۆ دەسکەوتی وەزیفەیەک دەرۆنه‌ ئەوێ، بەڕاستی مەبەستەکە لە ناخیاندا مۆسیقاو خوێندن نییە، بەڵام هەندێکیشیان هەیە بەوپەڕی توانایەوە کە هەیەتی توانای جوانی هەیە.

ئەوە دەکەوێتە سەر ئەو دەزگا هونەرییانە، یاخود ئەو شوێنە هونەرییانە کەوا پێویستی بە تواناى ئەوان هەیە کە ئایا حکومەت بتوانی دایانمەزرێنێ، چاوەڕێی کاریان لێبکات، چاوەڕێی پرۆژەیان لێ بکات، لە دەزگا میدیاکان بتوانن ئیش بکەن کە توانای خۆیان پێیشان بەن، بیکەن بە بەڵگە بۆخۆیان.

من ئەوەم لەبەرچاوە کە بتوانن هونەرمەند ڕێگەی خۆی بدۆزێتەوە بۆ سەلماندنی هونەرەکەی، بەڵام لە هەمان کاتدا بتوانێ ڕێز لە هونەرەکەی خۆی بگرێ نەهێڵێت ببێت بە مۆسیقایەکی لایڤ میوزیک بەجۆرێک بەوانەی کەوا بۆ مەستەکان مۆسیقا بژەنن یا بۆ مەستەکان گۆرانی بڵێن.

میوزیکی کوردی لەگەڵ ئەو هەموو پێشکەوتنە و ستۆدیۆیە و تەکنەلۆژیایەی ئێستا کە هەیە، هەست ناکەی بەرەو دواوە کشاوەته‌وه‌؟

وەڵاهی من ناڵێم بەرەو دواوە کشاوەته‌وه‌، بەڵام بیرکردنەوەی هونەرمەندان گۆڕاوە. بەداخەوە دەڵێم لاساییکردنەوەیان زاڵبووە بەسەریاندا له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌. لەجیاتی ئەوەی لاوکێک بڵێت لەگەڵ بەستەیەکدا بگونجێت، جارێ مەقامی کوردی هەر ئیهمال کراوە. بەداخەوە دەڵێم هەتا لەناو پەیمانگاکاندا دراسەتێکی وا نییە کەوا بۆ بەسەرکردنەوەی مۆسیقای کوردی تێدا بێت بۆئەوەى ئەو هونەرمەندانە هیچ نەبێت بکەونە جووڵە لەوێوە خاڵی دەسپێکردنیان بێت، بتوانن لەوێوە بێنە ناو دنیاکەوە. تۆ سەیری میدیاکان دەکەی هەمووی سەتەلایت و تەکنەلۆژیا وایکردووە هەرچی کەناڵی جیهانی هەیە لەبەرچاوتە لەپشت ئەوەی کە جوانە دەیەوێت لاسایی ئەو بکاتەوە.

بەڵام هەستی نەتەوایەتیان لا کەمبووه‌تەوە. بەداخەوە دەڵێم ئەو هەستە نییە کە پاڵ بە هونەرمەندانەوە بنێ کەوا ئیشی کوردی بکات یاخود کارێکی جوان بکات. ئێمە لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکان کە لە میهرەجانێکدا بۆ بەغداد دەڕۆیشتین بەشدار دەبووین چەنده‌ کورد دەهات دوو هێنده‌ عەرەب دەهات، بە ڕاستی دەرگا و پەنجەرە دەشکا ته‌نیا بۆئەوەی بێنە ژوورەوە. شاهێدەکان مه‌وجودن کە ئەو حاڵەتانە رووی دەدا. کە دەڵێن وەڵا تیپێک لە سلێمانیەوە هاتووە تیپێکی زۆر بەهێزە هەتا هونەرمەندە عەرەبەکان زۆر بە پەرۆشەوە بوون بێن بزانن ئێمە چیمان کردووە، دەیانبینی کە ڕاستە داوایان دەکرد کە بێن لەگەڵماندا ئیش بکەن.
ئەمە وای لێ دەکردین کە زیاتر پابەندبین بە ڕەسەنایەتی خۆمانەوە، بۆئەوەی بیسەلمێنین کەوا کورد خاوەن کولتوورێکی جوانە، خاوەن هونەرێکی جوانە، هونەرمەندی باشی خۆی هەیە، خاوەن کەسی باش و جوانن بۆئەوەی بتوانین سەرنجیان ڕاکێشین و گوێ لە هونەرەکەمان بگرێت ئەو گرووپە مۆسیقایەی به‌م جۆره‌ بوو جێگای خۆشحاڵیمان بوو.

ئەگەر جیا لە هەندێک پرسیاری هونەریی پرسیاری تری تایبەتت لێ بکەین، دەڵێن مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی لە کاتی کارکردنی هونەریی زۆر جدییە و دەگاتە ئاستی توندی و ڕەقی مامه‌ڵه‌كردن، ئەمە چەندی ڕاستە؟

ئێمە کە داده‌نیشین پرۆڤە دەکەین هەموو شتێک کاتی خۆی هەیە، جددیات کاتی جددیاتە، گاڵتە وقسەی خۆشیش کاتی خۆی هەیە. بێگومان کە ئێمە ئیش دەکەین لە ناوەڕاستی پڕۆڤە یەکێک بەوپەری گاڵتەوە قسە لەگەڵ کەسێکی تر دەکات ئەویش دەیکاتە گاڵتە وپێکەنین جەوەکە دەگۆڕێ. تۆ له‌و كاته‌دا لەو دنیایەی کەوا مۆسیقاى لێیە دەچیتە دنیایەکی تر، بەڕاستی من ئەو شتانە بێزارم دەکات. من جدییم لە کارەکانم ئەوەی لەگەڵمدا ئیش دەکات دەڵێم “ئەهلا وسه‌هلا” ئەوەی ڕازی نییە مجبوور نییم ئه‌عسابى خۆم ماندوو بکەم و بسوتێنم لەبەرئەوەی وەڵا ئەو نوکتەی هەیە دەیەوێ بیگێڕێتەوە، نوکتە وقسەی خۆش کاتی خۆی هەیە ئێمەش گاڵتە وقسەی خۆش دەکەین، بەڵام لەکاتێکدا کە ڕێستی پڕۆڤەیە، دوو قسەی خۆش دەکەین بەڵام جدیات جدیاتە.

لەم پەتایەدا کۆمەڵێک هونەرمەند گیانیان لە دەستدا، بە کامیان زۆر نیگەران بووی یان بە شێوەیەکی گشتی چ شتێک نیگەرانی کردی؟

وەڵا زۆر ناڕەحەت بووم بە لەدەستدانی هونەرمەندان. بەڵکو بۆ هەموو ئه‌وانه‌ نیگه‌ران بووم كه‌ به‌ كۆڕۆنا ڕۆیشتن چونکە هەموو ئەوانە مرۆڤی کورد بوون و لەدەست کورد دەڕۆن هەموویان خەسارەتێکی گەورە بوون کە لە کورد ڕۆشتن، هەزار سڵاو لەگیانیان زۆر بەداخم بۆیان.

زۆر بە دەگمەن دیمانەی تایبەت بە ژیانی خۆت دەکەیت و دەتەوێت زۆرتر دیمانەکانت لەچواچێوەی پرۆفیشناڵی و کارەکانی خۆت بێت، بۆچی ؟

وەڵا هیچ هەروا خۆی شتێکە هاتووە، بە رێكه‌وت بووە و هیچ مەبەستێکم نەبووە و تا بڵێم بۆچی وا بووە بۆچی وا دەبێ ، من هەموو کات وەڵامی ئەو پرسیارانەم داوەتەوە کە لێم دەکرێت و لێم دەپرسن. بە بەردەوامی لە چوارچێوەی پرسیار وەڵامم داوەتەوە و نەڕۆیشتۆتە ناو ژیانی تایبەتی خۆم، چونکە شتێکە تایبەت به‌ خۆمه‌وه‌ و حەزم لێی نەبێ لێم بکرێت، بەڕاستی هەندێ پرسیاریش هەیە خۆم ئەڵێم لێم بکرێ.

چاوپێکەوتنم لەگەڵ دەکرێ لەسەر ئەساسی ئەوەی هونەرمەندێکم لە بواری مۆسیقا وله‌ هونەر ئیش دەکەم. بۆ نموونە خێزانم پەیوەندی چییە بەو بابەتەوە پشتگیرمە و لەودا دەتوانم ئەوە بڵێم و تەواو، پێویست ناکات بڵێم وەڵا حەزی لە چییە و حەزی لە چی نییە، چی دەخوا و چی ناخوات، شتێکی تایبەت بە خۆمانە یاخود منداڵەکانیشم هەمان شت، بە پێویستی نازانم ڕوونی کەمەوە، ئەمە شتێکە تایبەتە بە خێزان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com