نوچهنێت
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی چەندین ساڵە ڕووسیا وەک هاوپەیمانی ستراتیژی خۆیان دەبینن و بە تایبەت شەڕی سووریا و هاوکاری نێوان ئەو دوو وڵاتە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە بەشار ئەسەد وەک خاڵی سەلمێنەری ئەو هاوپەیمانێتییە دەزانن. بەڵام بە پێی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤارێکی زانکۆی بەرگری نیشتمانیدا بڵاو کراوەتەوە، ڕووسەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران بە جۆرێک تر بیر دەکەنەوە.
“هێزی ناوچەیی ئێران و کاریگەریی لەسەر هاوئاراستەیی سیاسەتی دەرەکی ڕووسیا” ناوی وتارێکی ئهکادیمییه کە لە نوێترین ژمارەی گۆڤاری “لێکۆڵینەوەی بەرگری ستراتیژی” لە لایەن “زانکۆ و ناوەندی لێکۆڵینەوەی باڵای بەرگری نیشتمانی و توێژینەوە ستراتیژییەکان” بڵاو کراوەتەوە.
ئەو توێژینەوە دەری دەخات کە مۆسکۆ تەنیا لە ئەگەری جێبەجێبوونی چەند مەرجی تایبەتدا دەسەڵاتگرتن و هێزگرتنی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەدا قەبووڵ دەکات.
ئەو توێژینەوە بە پێی هەندێ دیمانە و بیروبۆچوونی ٣١ بەرپرسی باڵای سەربازیی و سیاسیی ئێران و ڕووسیا و هەروەها هەندێ سەرچاوەی تر ئامادە کراوە.
ئەو توێژینەوە زانستییە ٤٩ فاکتەری سەبارەت بە ڕوانگەی ڕووسیا بە نیسبەت هێزگرتنی کۆماری لە ناوچەدا داڕشتووە.
گرنگترین فاکتەر، بە پێی ڕوانگەی ئەو کەسانەی کە دیمانەیان لەگەڵ کراوە، ئەوەیە کە “بەهێزبوونی ئێران لە ئاستی ناوجەییدا پەیوەندی بەوە هەیە کە چەندە لە ئاراستەی دابینکردنی بەرژوەندییەکانی ڕووسیادا بێت”.
بە پێی ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوەیە ڕووسەکان لە هەبوونی “وڵاتێکی بەهێزی ئایدۆلۆژی” لە دراوسێیەتی خۆیاندا “خۆشحاڵ نین”. ئەویش وڵاتێکی وەک ئێران کە خاوەن دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژییە.
هەروەها شارەزایان لەو توێژینەوەدا باسی ئەوەیان کردووە کە “ڕووسیا خوازیاری ئێرانێکە کە نە ئەوەندە بەهێز بێت کە تێچووەکانی ڕووسیا بەرز بکاتەوە و نە ئەوەندە لاواز بێت کە لایەنەکانی تر بتوانن دەستێوەردانی تێدا بکەن”.
بە بڕوای شارەزایان، ڕووسیا کاتێ لەگەڵ هێزگرتنی کۆماری ئیسلامی کێشەی نابێت کە ئەو هێزە “لە دژی ڕووسیا نەبێت و بە پێچەوانەوە ببیتە هۆی گرژی و ناکۆکی تاران لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا”.
هەروەها ئەو شارەزایانە وتوویانە کە “ئەگەر ڕووسەکان هەست بەوە بکەن کە ئێران لە ڕووسیا دانابڕێت، لەگەڵ هێزگرتنی لە ناوچەکەدا هاودەنگن بە مەرجێ تاران لە وڵاتانی ڕۆژاوا نزیک نەبێتەوە”.
لەو توێژینەوەیەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تێڕوانینی ڕووسیا بۆ ئێران هەرگیز “تێڕوانینێکی ستراتیژیک” نەبووە و ئێستاش نییە و ئێرانی بەهێز لە ڕووی سەربازیی و ئەتۆمییەوە “ناتوانێ جێگای خۆشحاڵی و پەسەندی ڕووسەکان بێت”.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە مۆسکۆ پێی خۆش نییە کە ئێران لە بوارە جیاوازەکانی ناوچەدا هەڵوێستی چالاکانەی هەبێت.
بەرپرسان و شارەزایانی ئێرانی کە لەو توێژینەوەیەدا بەشدارییان کردووە وتوویانە کە ڕووسەکان تەنیا بە مەرجێ پێشوازی لە هێزگرتنی ئێران دەکەن کە ئەو هێزە لە دژی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بێت.
بە بڕوای ئەوان، “ڕووسەکان پێیان خۆش نییە ئێران ئەوەندە بەهێز بێت کە دواتر ڕووسیا پشت گوێ بخات”. ڕووسیا “نە دەیەوێ ئێران لاواز بێت و نە بەهێز” بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی [مۆسکۆ] وەک تاقە هێزی ناوچە بمێنێتەوە.
١٠ شارەزا و بەرپرسی ڕووسیش کە لەو توێژینەوەیەدا بەشدارییان کردووە، وتوویانە مۆسکۆ نایەوێت ئێران لە ڕووی سەربازیی و بە تایبەت لە ڕووی ئەتۆمییەوە بەهێز بێت.
ئەو شارازایانە هەروەها وتوویانە مۆسکۆ بە باشتری دەزانێ ئێران دژی ئەمریکا بێت، لە ڕووی بەرگری و ئاسایشەوە بەستراوەی مۆسکۆ بێت، ئایدۆلۆژی نەبێت و هەروەها لە ڕووی جیۆپلۆتیک و جیۆستراتیژیکەوە لە ئاراستەی بەرژوەندییەکانی ڕووسیادا بێت.
ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوە نیشاندەری ئەوەن کە ڕووسیا وەک جاران ئێران بە “ئامرازێکی گوشار بۆ سەر ڕۆژاوا” دەبینێ و وەک “حەوشەی دواوە” چاوی لێ دەکات و لە سەرەوە دەڕوانێتە تاران، ئەگەرچی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش لەوە ئاگادارن، بەڵام بێدەنگی دەنوێنن.
هەروەها بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی، واتە ئەو بەرنامەی کە ڕووسیا وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەو بەرنامەیە لە [بنکەی ئەتۆمی] بووشەهر دادەنرێت، یەکێکە لەو پرسە گرنگ و ستراتیژیکانە کە لەو توێژینەوەیەدا ئاماژەی پێ کراوە و بە ئاشکرا ئاماژە کراوە کە مۆسکۆ دژی ئەوەیە ئێران ببێتە وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆم.
سەرەڕای هاوکاریی ڕێژەیی ڕووسیا لە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی، گومان لەوەدا نییە کە ڕووسەکان دژی پەرەسەندنی ئەو بەرنامەیەن و ئیمزای مۆسکۆ لە ژێر هەموو ئەو بڕیارنامانەدا کە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دژی تاران دەری کردوون دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە.
ڕووسیا بە جدی دژی ئەوەیە ژمارەی وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی بەرز ببنەوە و ئێران یەکێک بێت لەو وڵاتانە، چونکە بڕوای وایە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێگەی ڕووسیا وەک گەورە وڵاتی خاوەن چەکی ئەتۆمی تێکدەشکێنێ.
هەروەها لە ڕوانگەی مۆسکۆوە، ئیسلام هەم لە ڕووسیا و هەم لە ئاسیای ناوەندی و قەوقازیادا هەڕەشەیەکە لە دژی سەقامگیری و ئاسایش و یەکپارچەیی فیدراسیونی ڕووسیا و ژینگەی دوروبەری ئەو وڵاتە. “ئێرانێکی ئیسلامی بەهێز” دەتوانێ بە ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی ڕووسیا سەبارەت بە بارودۆخی مۆسڵمانانی قەوقازیای باکووریی، لە دژی مۆسکۆ هانیان بدات.
مەیلە بەهێزە ناسیونالیستییەکان لە ڕووسیا و ئەو مەیلەی کە هەوڵی زیندووکردنەوەی ئیمپراتوری ڕووسیا دەدات هەبوونی ئێرانێکی بەهێز و خاوەن دەسەڵات لە ئاسیای ناوەندی و قەوقازدا بە یەکێک لە گرنگترین مەترسییە شاراوەکان دەبینێ.
پێشبڕکێی ئێران و ڕووسیا لە دەریای خەزەر و ڕێککەوتنە یاساییەکان سەبارەت بەو دەریاییە و هەروەها کێبەرکێی ئەو دوو وڵاتە لەو ناوچانەدا کە هێڵەکانی گواستنەوەی وزەیان پیادا تێدەپەڕێ ئەو هۆکارانەی ترن کە بوونەتە هۆی ئەوەی مۆسکۆ ڕوانگەیەکی خۆپارێزانەی دەربارەی هێزگرتنی ئێران لە ناوچەدا هەبێت.
کۆی ئەو پێشبڕکێ جیۆپلۆتیکانەی نێوان ئێران و ڕووسیا تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر ڕەوتی هاوکاری نێوان ڕووسیا و ئێران داناوە، چونکە ڕووسیا نیگەرانی ئەوەیە هێزگرتنی زیاتری ئێران لە بواری ئەتۆمی و سەربازیدا، تاران بکاتە ڕکابەرێکی بەهێز و جدی لە بەرانبەر ڕووسیادا.
بۆیە ستراتیژی ڕووسیا سەبارەت بە هێزگرتنی ئێران لە ناوچەکە لەسەر ئەو بنەمایە دانراوە کە هاوکارییەکان نابێ بە شێوازێک بن کە ئێران لە داهاتوودا ببێتە هێزێکی سەربەخۆ و کاریگەر لە بەرانبەر ڕووسیادا.
بێهنام قۆلی پور/ ایران وایر