بایدن پێداچوونه‌وه‌ بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبان ده‌كات

0

نوچه‌نێت

جیک سالیوان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جۆ بایدن، لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ حەمدۆللا موحیب، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان، وتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت پێداچوونەوە بە ڕێککەوتننامەکەی نێوان ئەمریکا و گرووپی تالیباندا بکات.

بە پێ ڕاگەیاندنی کۆشکی سپی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە میانەی وتووێژ لەگەڵ هاوتا ئەفغانییەکەی وتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنەکەی مانگی فێبریوەری ساڵی ٢٠٢٠ی ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان بکات و لەوە دڵنیا بێتەوە کە ئایا گرووپی تالیبان بەڵێنەکانی خۆی سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان، کەمکردنەوەی توندوتیژی لە ئەفغانستان و گفتوگۆی سوودمەند لەگەڵ لایەنەکانی تری ئەو ڕێککەوتنەی جێبەجێ کردوون یان نا.

بە پێی ڕاپۆرتی ئێران ئینته‌رناشناڵ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی جۆ بایدن ڕۆژی هه‌ینى ، لە گفتوگۆ لەگەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەفغانستان جەختی لەوە کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لەو هەوڵە دیپلۆماسییە بەهێزانە لە ئاستی هەرێمیدا دەکات کە ئامانجیان یارمەتیدانە بە هەر دوو لایەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسیی بەردەوام و هەمیشەیی بە مەبەستی جێگیرکردنی ئاشتی لە ئەفغانستان.

حەمدوللا موحیب ڕۆژی شەمووى رابردوو، لە چەند تویتێکدا کە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی بڵاوی کردنەوە نووسیویه‌تى کە لە وتووێژ لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی، ڕێککەوتوون کە بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەسێکی هەمیشەیی و جێگیرکردنی ئاشتی دادپەروەرانە و بەردەوام لە ئەفغانستانی دیموکراتیکدا، بە جۆرێ کە توانای پاراستنی دەستکەوتەکانی دوو دەیەی ڕابردووی هەبێت، هەروەها لە بواری پاڕێزگاریکردن لە مەفەکانی هەموو ئەفغانییەکان و درێژەدان بە ڕیفۆرمەکان هاوکاری بکەن.

بە پێێ ڕاگەیەندراوی کۆشکی سپی، جیک سالیوان لە وتووێژ لەگەڵ موحیب، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەمریکا دەیەوێت هەموو ڕابەرانی ئەفغانستان لەو دەرفەتە مێژووییە بە مەبەستی جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ئەفغانستان پێشوازی بکەن و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایش لە دەستکەوتە مەزنەکان لە بواری دابینکردنی مافی “ژنان، کچان و پێکهاتەکانی ئەفغانستان” لە ڕەوتی گفتوگۆکانی ئاشتیدا پشتیوانی دەکات.

جیک سالیوان لەو وتووێژەدا جەختی کردووەتەوە کە هاوکارییەکانی ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەتی ئەفغانستان و هێزەکانی ئاسایشی ئەو وڵاتە گرنگی تایبەتیان هەیە بۆ ئەمریکا. حەمدوللا موحیب جەختی کردەوە کە ئەفغانستان هەر وەک پێشوو بەڵێنەکانی سەبارەت بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا جێبەجێ دەکات و لە بواری ئاسایش، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم و پەیوەندییە هەرێمییەکان لەگەڵ ئەمریکادا هاوکاری دەکات.

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا، ئەوە دووەمین بەرپرسی باڵای ئیدارەی نوێی ئەمریکایە کە باسی لە لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە لە ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان کردووە. پێش سالیوان، ئانتۆنی بلینکن کە بایدن بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە دیاری کردووە، لە بەرانبەر لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا وێرای ئەوەی جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە شەڕی درێژخایەنی ئەمریکا لە ئەفغانستان و چوونە دەرەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە کردەوە، وتی پێویستە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕێککەوتننامەکەی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان بکرێت. وەزیری پێشنیارکراوی دەرەوەی ئیدارەی جۆ بایدن هاوکات وتیشی کە هێشتا لە وردەکارییەکانی ئەو ڕێککەوتنە ئاگادار نییە.

حکومەتی ئەفغانستان بە توندی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان ناڕازییە و جێگرەکانی سەرۆک کۆماری ئەفغانستان دوای هەڵبژاردنی بایدن وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا، ڕایانگەیاند کە ئەوان خوازیاری پێداچوونەوە بەو ڕێککەوتننامەیەدان.
حکومەتی ئەفغانستان پێی وایە، گرووپی تاڵیبان دوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا، کۆتایی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوەی ئەلقاعیدە نەهێناوە، توندوتیژی زیاتر بەکار دەهێنێت و بە وتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، تاڵیبان ئیرادە و ویستی جێگیرکردنی ئاشتی و گفتوگۆی جدی لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان نییە.

پێشتر گرووپی تاڵیبان ڕایگەیاندبوو کە ڕێککەوتننامەی دوحە لەنێوان تاڵیبان و ئەمریکا ڕێککەوتن لەگەڵ کەسێکی تایبەتدا نییە بەڵکو ڕێککەوتنە لەگەڵ دەوڵەتێکدا و هیوادارن ئیدارەی نوێی ئەمریکا پابەندی ڕێککەوتنەکەی دوحە بێت.

لە لایەکی ترەوە، تۆڕی هەواڵنێری C.NN لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە جۆ بایدن دەیهەوێت زەلمای خەلیلزاد، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ گفتوگۆکانی ئاشتیی ئەفغانستان، تا ئەو کاتەی کە تیمە نوێکە لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ڕێککەوتننامە بکات و سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمریکا سەبارەت بە ئەفغانستان ڕوون بێتەوە، لەو پۆستەدا بمێنێتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com