ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار: هه‌شت ساڵه‌ پڕۆژه‌ یاساى گه‌شتوگوزار ئاماده‌ كراوه‌ به‌ڵام بێ ئه‌نجامه‌

0

تا ئێستا یاسایه‌ك بۆ په‌ره‌پێدانى گه‌شتوگوزار نییه‌

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

جارێكى تر پڕۆژه‌ یاساى گه‌شتوگوزار به‌ په‌رله‌مانى كوردستان درایه‌وه‌ و وێراى ئه‌وه‌ گه‌شتیارێكى زۆر روو له‌ كوردستان ده‌كات، كه‌چى تا ئێستا یاساى گه‌شتوگوزارى نییه‌.

نادر رۆستى گوته‌بێژى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى نوچه‌نێت باس له‌ ده‌قى یاساكه‌ ده‌كات و دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مان په‌سند بكرێت، ئه‌وا ده‌توانێ له‌ 80% كێشه‌ى گه‌شتوگوزار له‌ كوردستان چاره‌سه‌ر بكات

ئەو پرۆژە یاسایەی کە دانراوە لە چەند ماددە پێکهاتووە ؟

ئەم پرۆژە یاسایە لە چەند دەروازە و بڕگە و ماددەیەك پێکهاتووە، مەرج نییە ئەو ماددە و بڕگانە وەك و خۆی بمینێتەوە کە دەچێتە پەرلەمان، رەزامەندی و حکومەتی لەسەر وەردەگیرێت. چونکە رەنگە زیاد بکرێت رەنگە کەم بکرێتەوە بۆیە ناکرێت ئێستاکە بڕیار لەسەر هیچ شتێك بدەین تا پەسند نەکرێت.

گرنگترین ماددەکانی ئەم پرۆژەیاسایە چین ؟

ئەو رەشنووسەی پرۆژە یاسایە زیاتر لە هەشت ساڵە کاری لەسەر دەکرێت لە دەستەی گشتی گەشتوگوزار وە چەند جارێك بەرزکراوەتەوە تاکو ئێستاکە هیچ ئەنجامی نەبووە. بەڵام ئێستاکە خەریکە جموجۆڵێك پەیدا دەبێت، ئەم خولەی پەرلەمان بەنیازن پرۆژە یاسایەکە بخەنە گفتوگۆوە چەند دەستکاریەکی لەسەر بکەن دواتر رەشنووسەکەی بەرزبکەنەوە بۆ پەرلەمان.

پێتواییە ئەم پرۆژە یاسایە دواکەوتووە ؟ پێشتر كار به‌ چەند یاسایەک کراوە، کەموکوڕی ئەو یاسایانە چی بوو؟

باس لە هیچ پرۆژە یاسایەکی نوێ نەکراوە تەنیا ئەوەی ئێستا نه‌بێت كه‌ پێشتریش هه‌بووه‌ وه‌ك له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كرد ، بەڵام دواکەوتووە زۆریش دواکەوتووە .

گرنگی بە گەشتوگوزار نەدراوە لە هەرێمی کوردستان لە رووی یاسایەوە، کە یاسایەکی بۆ دابڕێژرێت. ئەگینا پێویست بوو لەگەڵ دروستبوونی دەستەی گەشتوگوزار یاسای پەرەپێدانی گەشتوگوزار هەبووایە، تەنیا یاسای هەیکەلی وەزارەتی شارەوانی هەیە کە لەوێ باسی دەستەی گەشتوگوزار دەکات ئەمەش هەیکەلە نەك یاسای پەرەپێدانی گەشتوگوزار .

ئەم یاسایە لە پەرلەمان په‌سند بكرێت، ئایا هیچ کەموکورتیەك لە سەرگەشتیار دەمێنێ ؟

ئەم یاسایە پەسند بکرێت لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گەشتوگوزار سوودی زۆری لێوەردەگرێت. مافی گەشتیار و هاووڵاتى و کۆمپانیا و لایەنەکان ئەرکی هەمووان دیاری دەکرێت، بەیاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. هەموو ئەو چالاکیانەی بەرێوەدەچن یان ئەو پەرەپێدانەی بۆ گەشتوگوزار دەکرێت، هەموو بە یاسا رێکدەخرێت و سوودی هەموو لایەکی دەبێت.

گرنگترین کۆسپ لەسەر ئەم یاسایە چی دەبن لە پەرلەمان؟

من نازانم لە پەرلەمان چ کۆسپێك دێتە پێش ئەم یاسایە، بەڵام گەورەترین کۆسپی پێش ئەم یاسایە ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستان تاکو گرنگی وەكو پێویست گرنگی بە گەشتوگوزار نەدراوە. ئەگەر گرنگی پێبدرابایە دەبووایە چەند ساڵێك پێش ئێستا گه‌شتوگوزار یاسای تایبەتی خۆی هەبووایە.

کۆسپ لە یاسا دروستکردن رەنگە نەبێت، تەنیا ئەگەر لەسەر ئەو بڕگانە هەبێت کە باسی باری ماددی و داهات و گەڕانەوە و تەرخانکردنی داهات بۆ پەرەپێدانی گەشتوگوزار ئەمەش لە بەینی پەرلەمان و حکوومەت دەبێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com