حکومەتی هەرێم بودجەی بزوتنەوەی گۆڕان دەبڕێت
گۆڕان : هیچ شوێنێک نییە سکاڵای لێ تۆمار بکەین
نوچەنێت/ ئاکانیوز
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت لەهەموو دنیادا هاوکاری دارایی بە حزبی سیاسی دەدرێت بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو مانگە بودجەی بزوتنەوەی گۆڕانی بڕیوە.
راشیدەگەیەنێت بەهۆی ئەوەی هیچ جێگایەک نییە سکاڵای لێ تۆمار بکەن رێوشوێنی یاسایی ناگرنە بەر.
حەمەتۆفیق رەحیم وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس دەڵێت”لە هەموو دنیادا هاوكاری دارایی بە حزبی سیاسی دەدرێ و بۆ دیاریكردنی بڕەكەیشی ژمارەی دەنگدان یاخۆ ژمارەی كورسی لە پەرلەمان رەچاو دەكرێ، لە ئێستادا پرۆژە یاسایەك بۆ پێدانی بودجە و هاوكاری دارایی بە حزبە سیاسییەكانەوە هەیە، بەڵام تا ئێستە لە سەر چۆنیەتیی پێدانی بڕە رێك نەكەتوون”.
وتەبێژی بزوتنەوەکە بۆ ئاژانسی کوردستان بۆ دەنگو باس ئاشکرای دەکات کە”مانگانە بڕی نیو ملیۆن دۆلار بە بزووتنەوەی گۆڕان دەدرا، ئەگەرچی ئەو بڕە پارەیە زۆر كەمتر بووە لەو هاوكارییەی بە حزبە بچووكەكان دەدرێ، بەڵام ئێمە رازی بووین، چونكە بەلامانەوە ئەوە گرینگ بوو ئەم بابەتە ببێتە یاساو بە یاسایەك بودجە و هاوكاری بە حزبەكان بدرێ”.
حەمە تۆفیق راشیدەگەیەنێت” تا ئێستاش بڕیار لە پێدانەوەی ئەو بڕە بودجەیە بە بزووتنەوەی گۆڕان لە ئارادا نییە”.
لەباری گرتنە بەری رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر بەبڕینی بودجەکەیان حەمەتوفیق رەحیم وتویەتی کە رێوشوێنی یاسایی ناگرنە بەر “چونكە هیچ شوێنێك نییە سكاڵای لێ تۆمار بكەین”.