له زڕگوێز ئابڵۆقه‌ی كه‌مپی كۆمه‌ڵه ده‌درێت…… مه‌ترسی دووباره بوونه‌وه‌ی سیناریۆكه‌ی كه‌مپی ئه‌شره‌ف ده‌كرێت
نوچه‌نێت: تایبه‌ت
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست نوچه‌نێت كه‌وتوون، هه‌ڵمه‌تێك بۆ چۆڵكردنی كه‌مپی كۆمه‌ڵه له گوندی زڕگوێزی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی ده‌ستی پێكردووه، سیاسه‌توانێكی كوردی رۆژهه‌ڵڵاتیش پێشبینی ده‌كات، كه هه‌مان سیناریۆی كه‌مپی ئه‌شره‌ف له كه‌مپه كوردییه‌كانیش دووباره ببنه‌وه.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی ده‌ست نوچه‌نێت كه‌وتوون، ئه‌گه‌ری خستنه‌ڕووی سیناریۆیه‌ك هه‌یه بۆ په‌لاماردانی كه‌مپی كورده‌كانی رۆژهه‌ڵلات له پارێزگای سلێمانی، گومانیش ده‌كرێت كه ئه‌و سیناریۆیانه له چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵماتانه‌دا بێت، كه ئێران له دژی كه‌مپی حیزبه نه‌یاره‌كانی به‌ده‌ستییه‌وه‌یه‌تی، به تایبه‌تی له‌و ناوچانه‌ی كه هه‌یمه‌نه‌ی ئێران به‌سه‌رییاندا زاڵه، له ئێستاشدا ئه‌و سیناریۆیانه، له به‌رانبه‌ر كه‌مپی زڕگوێزی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران په‌یڕه‌و ده‌كرێت، چونكه به‌پێی زانیارییه‌كان، دانیشتوانی گوندی زڕگوێز خۆپیشاندانیان كردووه و داوای قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌یان كردووه، له به‌رانبه‌ر ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له كه‌مپی زڕگوێزدا ماونه‌ته‌وه و مۆڵه‌تی (15) رۆژیشیان داناوه، له كاتێكدا كه ماوه‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر نیشته‌جێ بوونی كورده‌كانی ئه‌و كه‌مپه‌تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا گوشاره‌كان بۆ سه‌ر ئه‌و كوردانه‌ی رۆژهه‌ڵڵات زیاد ده‌بێت، بۆیه پێشبینی ده‌كرێت، ئه‌و خۆپیشاندانانه یه‌كێك بێت له‌و سیناریۆیانه‌ی كه له‌دژی ئه‌و كه‌مپه په‌یڕه‌و بكرێت..
له راگه‌یاندراوێكدا كه كۆپییه‌كی به نوچه‌نێت دراوه و به‌رواری (27ی خاكه لێوی 2711)ی له‌سه‌ره، كۆمیته‌ی رۆژهه‌ڵڵاتی كوردستانی ناوه‌ندی چاك (كوردۆساید)، داوا له لایه‌نه سیاسییه‌كان و جه‌ماوه‌ری باشووری كوردستان ده‌كه‌ن، به وریاییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن، له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه “به پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی بڵاو كراونه‌ته‌وه, دانیشتووانی گوندی زڕگوێز ئابلوقه‌ی باره‌گاكانی كۆمه‌ڵه‌یان داوه به مه‌به‌ستی سه‌ندنه‌وه‌ی زه‌ویه‌كانیان, كه له ساڵی (1988)ه‌وه ئه‌و شوێنانه پاش راگواستنی خه‌ڵكه‌كه‌ی دراوه به كۆمه‌ڵه”، له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا پشتیوانی قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی جوتیاره‌كان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها هاتووه “ئێمه له كاتێكدا پشتیوانی له قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی جوتیارانی گوندی زڕگوێز ده‌كه‌ین له لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، له هه‌مان كاتدا ته‌وقیتی ئه‌م ئابلوقه‌دانه كه هاوكاته له‌گه‌ڵ په‌لاماری كه‌مپی ئه‌شره‌ف به گومانین له هه‌ڵبژاردنی كاته‌كه”.
هه‌ر له‌و راگه‌یاندراوه‌دا، كۆمیته‌ی رۆژهه‌ڵڵاتی كوردستانی ناوه‌ندی چاك، داوا ده‌كات له هه‌موو لایه‌ك به ورییاییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن، له راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه “لێره‌وه داوا له جه‌ماوه‌ر و پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كانی باشوور ده‌كه‌ین، به وریاییه‌وه مامه‌ڵه بكه‌ن و نه‌كه‌ونه ته‌ڵه‌ی نه‌خشه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه, چۆن رۆژهه‌ڵاتیه‌كان هه‌میشه له ناخۆشییه‌كاندا پشت و په‌نای ئێوه بوون, ئاواش ئه‌مڕۆ پارت و رێكخرا و په‌نابه‌ره‌كانی رۆژهه‌ڵات له باشوور بپارێزن له نه‌خشه گڵاوه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران”، هه‌روه‌ها هاتووه “چاودێری كوردۆساید (چاك)، ئه‌ركی پاراستنی گیان‌و ماڵی هاوڵاتیانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌زانێت و له ئه‌گه‌ری هه‌ر چه‌شنه ڕووداوێك، هه‌موو ڕیكخراوه جیهانیه‌كانی مافی مرۆڤ، له‌ڕاستیه‌كان ئاگادار ده‌كاته‌وه”.
له لایه‌كی تره‌وه، حسێن مه‌ده‌نی نوسه‌ر و سیاسه‌توانی رۆژهه‌ڵڵاتی كوردستان له دیمانه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری سیڤل، دووباره كردنه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆی كه‌مپی ئه‌شره‌ف له كه‌مپه كوردنشینه‌كانیش به دوور نازانێت، مه‌ده‌نی ده‌ڵێت “ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی كورد، زۆر وشیار بێت، ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی كورد، له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه بێت، به‌رژه‌وه‌ندی پارتی و یه‌كێتی و هه‌رێمایه‌تی و شه‌خسی نا، ئه‌وه‌ی به كاری كورد دێت، به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ییه، ده‌بێت كورد ئاستی وشیاری هێنده به‌رز ببێته‌وه، كه رۆژێك یه‌كگرتوویان بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاوا نه‌ڕوات و په‌رش و بڵاو بمێنینه‌وه، هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستان، به جۆرێك ئاوازێك لێبدات، ئه‌وكات مه‌علومه، توشی كێشه ده‌بین”، هه‌روه‌ها مه‌ده‌نی ده‌ڵێت “ئێران زۆر زیره‌ك و وریا و شه‌یتانه، ئه‌وه‌ی له كه‌مپی ئه‌شره‌ف كراوه، ئه‌شهه‌دوو بیللا تاوانه، له بنباڵی ئه‌مریكاشدا ئه‌وه ده‌كرێت، ئه‌وه كاریگه‌ری خراپی هه‌یه، ئه‌ی قه‌ڵوعام چۆنه، كه هه‌ر ئاوا پان و به‌رین و وه‌نێو ئه‌و خه‌ڵكه ده‌كه‌ن؟ ئه‌وه شتێكی مه‌ترسی داره، خه‌ڵكی ئازادی خواز له هه‌ر شوێنێكی دنیا و یه هه‌ر لیباسێك و فیكره‌یه‌ك هه‌ن، ده‌بێت ئه‌وه مه‌حكوم بكه‌ن، ئه‌و كاره دڕندانه‌یه‌ی كۆماری ئیسلامی، له كه‌مپی ئه‌شره‌ف به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ئه‌شهه‌دوبیللا فه‌وقلعاده، دڕندانه و وه‌حشانه و دژه مرۆڤایه‌تییه، چۆن ده‌گوترێت ئه‌مه كێشه‌ی خۆیانه”، مه‌ده‌نی ئێران به رژمێكی دڕنده ناو ده‌بات، كاره‌كانیشی به وه‌حشی گه‌ری ده‌زانێت، ده‌ڵێت “ئاخر باشه ئێران لایه‌كی ئۆپۆزسیۆنه و ئاوا مامه‌ڵ‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، گه‌ر هه‌رێمی كوردستانیش ته‌نیا له بیری ئه‌وه‌دا بێت، خۆی بپارێزێت و كاری به پارچه‌كانی تری كوردستانه‌وه نه‌بێت، ئه‌وا بێگومان، ده‌بێته ده‌رفه‌تێكی یه‌كجار زۆر ره‌خساو، كه ئێران ئه‌وه‌ی له كه‌مپی ئه‌شره‌ف كردوویه‌تی، بێ له نێو كه‌مپه‌كانی حیزبه كوردییه‌كانیشدا بیكات، كه زۆر خه‌ته‌رناكه، ده‌بێت ئه‌مه له‌به‌ر چاو بگیردرێت”.
له لێدوانێكدا بۆ نوچه‌نێت، چاودێرێكی سیاسی ئاماژه به‌وه ده‌دات، له‌و ناوچانه‌ی كه ئێران هه‌یمه‌نه‌ی هه‌یه به سه‌ریدا، هه‌موو ئه‌گه‌رێك له ئارادایه، وتی “ه ناوچه‌كانی سلێمانی به ئاشكرا هه‌یمه‌نه‌ی ئێران هه‌ست پێده‌كرێت، بۆیه هه‌ر ئه‌گه‌رێك به دوور نازانرێت، له سه‌رێكی تریشه‌وه كه‌مپه‌كانی ئه‌و ناوچانه به درێژایی دنیای دوای راپه‌ڕین، هه‌میشه ئامانج بوون بۆ لێدان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، چونكه ئه‌و هێزانه‌ی كه له‌وێ ده‌سه‌ڵاتییان هه‌یه و ئه‌و هێزانه‌ش كه ده‌سه‌ڵاتییان نیه و جه‌ماوه‌رییان زۆره له‌و ناوچانه، له‌ژێر كاریگه‌ری بڕیاره‌كانی ئێراندان”.