لەبەردەكی سەرا بە (اللە اكبر اللە اكبر) ڕێگا لەخوێندنەوەی هۆنراوەیەك لەسەر ئەنفال دەگیرێت
نوچەنێت. گۆڤاری سڤیل
لەبەردەكی سەرای شاری سلێمانی كە رۆژانە خۆپیشاندانەكانی تێدا ئەنجام دەدرێت، خۆپیشاندەران بە دروشمی (اللە اكبر اللە اكبر) ڕێگایان لەخوێندنەوەی هۆنراوەیەك گرت، كە لەسەر كارەساتی ئەنفال نوسرابوو.
ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە لەبەردەكی سەرای سلێمانی خۆپیشاندەران یادی كارەساتی ئەنفالیان كردەوە، لەو یادەدا شاعیرێك بەناوی (ئەڤین عومەر) هۆنراوەیەكی لەسەر كارەساتی ئەنفال ئامادە كردبوو، ویستی بۆ خۆپیشاندەرانی بخوێنێتەوە، بەڵام خۆپیشاندەران كە زۆرینەیان ئیسلامییەكان بوون ڕێگەیان لەخوێندنەوەی هۆنراوەكە گرت.
بەر لەخوێندنەوەی هۆنراوەكەی، خانمی شاعیر ئەڤین عومەر روونكردنەوەی لەسەر هۆنراوەكەی دا و وتی” بەهەڵە لێم تێ مەگەن، كە ئەم هۆنراوەیە دەخوێنمەوە، من ڕقم لەهیچ ئاینێك نییە، بە ئیسلامیشەوە، ئەم هۆنراوەیە هەندێك وشەی تێدایە كە دژی ئەو (اللە اكبر)ەیە كە لە ئاڵاكەی سەدامدا هەبوو، لەژێر ناوی (اللە اكبر)دا سەدام گوندەكانی كوردستانی وێران كرد، كوردی كیمیابارانكرد، كوردی ئەنفال كرد، بۆیە تكاتان لێ دەكەم بەهەڵە لێم تێ مەگەن”
دوا بەدوای ئەم وتانە خۆپیشاندەران بە دروشمی (اللە اكبر اللە اكبر) ڕێگریان لە خوێندنەوەی هۆنراوەكە كرد و داوای هێنانە خوارەوەی ئەڤین عومەریان كرد، دواتر لەژێر پاڵەپەستۆی خۆپیشاندەراندا ئەو شاعیرە هاتەخوارەوە و ڕێگای پێنەدرا هۆنراوەكەی بخوێنێتەوە.