له هه‌ولیر هێرش ده‌كرێته سه‌ر په‌رله‌مانتاران و رۆژنامه‌نووسان
هه‌ولێر: نوچه‌نێت
له خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌مرۆی شاری هه‌ولێر، هێرش ده‌كرێته سه‌ر په‌رله‌مانتارانی ئۆپۆزسیۆن و رۆژنامه‌وانان و هه‌ندێكیشان بریندار ده‌كرێن، تا ئێستاش حكومه‌ت هیچ هه‌ڵوێستێكی فه‌رمی ده‌رنه‌بڕیوه له‌سه‌ر رووداوه‌كانی شاری هه‌ولێر.
به پێی لێدوانی په‌یامنێرانی نوچه‌نێت، له شاری هه‌ولێر لایه‌نگرانی سه‌ر به پارتی دیموكراتی كوردستان، هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر، كه له ناویاندا ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی تێدایه، لایه‌نگرانی پارتی هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر محه‌مه‌د كه‌یانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ر بة فراكسیۆنی گۆڕان و برینداری ده‌كه‌ن، هاوكات په‌لاماری ئۆتۆمبێلی ئارام قادر سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌درێت، به‌پێی لێدوانی ئه‌ندامانی فراكسیۆنی گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، ته‌قه به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌دا ده‌كرێت.
هاوكات هه‌ر ئه‌مرۆ په‌لاماری ژماره‌یه‌ك له رۆژنامه‌نووسان دراوه، كه به مه‌به‌ستی روماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كه‌ی هه‌ولێر له نزیك مزگه‌وتی ره‌شاد موفتی له‌شاری هه‌ولێر كۆبوبنه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له مه‌كۆی هه‌ولێری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، به نوچه‌نێتی راگه‌یاند، بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له پشته‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كه‌وه‌یه و وتی “ماوه‌یه‌كه ئاماده‌یی بۆ ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ڵك وه‌ربگرین له‌و گردبوونه‌وه‌یه‌ی خوێندكاران له كاتی ئاهه‌نگی ده‌رچوونیان، سازى دەکەن”.
له‌لایه‌كی تره‌وه تا ئێستا حكومه‌ت هیچ هه‌ڵوێستێكی فه‌رمی نه‌نواندووه له به‌رانبه‌ر رووداوه‌كانی ئه‌مرۆی شاری هه‌ولێر.