تەوەر : فرەفتوایی و لیژنەی فتوا لەکوردستان
دكتۆر محەممەد بامۆكی، بەرپرسی مەكتەبی زانایانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان:
هەركاتێك لیژنەی فتوا توانی، متمانەی گەورە بەدەست بهێنێت، حیزبی ئیسلامی و غەیری ئیسلامی ناتوانێت خیلافی ئەو شت بڵێت
تەوەری نوچەنێت : فرەفتوایی و لیژنەی فتوا لەکوردستان
دكتۆر محەممەد بامۆكی، بەرپرسی مەكتەبی زانایانی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لەوەڵامی پرسیارەکانی تەوەری نوچەنێت، دەڵێت لەکوردستان لیژنەی فتوا سەربەخۆ نییە و حیزبی دەسەڵاتدار تەداخولی كارەكانی دەكات، پێی وایە ئەگەر لیژنەی فتوا بیەوێ کاریگەر بێت، دەبێت متمانە بەدەست بێنێت، ئەوكاتە حیزبی ئیسلامی و غەیری ئیسلامی ناتوانێت خیلافی ئەو شت بڵێت.
دڵشاد هەرتەلی – نوچەنێت
نوچەنێت : حزبە ئیسلامییەکان، لەناو خۆیان مەکتەبی زانایانی ئاینیان هەیە، رۆڵی ئەو مەکتەبی زانایانە چییە؟ ئیشیان چییە لەناو حزبەكەتاندا ؟
د.محەممەد بامۆكی :مەكتەبی زانایانمان لەكۆمەڵی ئیسلامی، سەرپەرشتی مامۆستایانی ئایینی و بانگخوازان و قوتابیانی زانستە شەرعییەكان دەكات، كە ئەندامی كۆمەڵن.
نوچەنێت : ئایا ناکرێ حزبە ئیسلامییەکان بگەڕێنەوە بۆ لیژنەی فتوای کوردستان لەجێی مەكتەبی زانایانی تایبەتی خۆيان بۆ فتواو مەسەلەی دینی ؟
د.محەممەد بامۆكی : ئێمە لیژنەی فتوامان نییە، لەمەكتەبی زانایانی خۆمان، گەر مامۆستایەك لەتەلەفزیۆن یان رادیۆیەك بەرنامەیەكی هەیە و قسەیەك دەكات، ئەوە مامۆستاكە قەناعەتی خۆیەتی دەیڵێت.
نوچەنێت : تێبینیان چییە لەسەر لیژنەی فتوای کوردستان؟
د.محەممەد بامۆكی : لیژنەی فتوای كوردستان لیژنەیەكی باشە كەهەیە، وە مامۆستای باش و شارەزای تێدایە،بەڵام ئەوەی كە تێبینی لەسەرە ئەو لیژنەی فتوایە، مەكتەبی یەكێتی زانایانی لەپشتیەتی، كە حیزبی دەسەڵاتدار تەداخولی ئیشیان دەكات و بەتەواوی سەربەخۆنین، تاڕادەیەكی باشیش باشە، بەڵام تەواو سەربەخۆنین و ئەو تەواو سەربەخۆنەبونە وادەكات، لە هەر مەسەلەیەك كە دەسەڵات نەیویست، ئەوان ناتوان پێچەوانەی بكەن، بەڵام لە شتە ئاساییەكان كاری خۆیان دەكەن، زۆربەچاكی و هیچ كێشەی تێدانییە، وەكو پرسی شەرعی و مامۆستایان، بەڵام بۆ هەر شتێك لەگەڵ ئاڕاستە و دەسەڵاتی حیزب تێك بگیرێت، دەسەڵاتی نابێت.
نوچەنێت : بۆچی کە لیژنەی فتوا هەیە ئێوەش ئەم مەكتەبانەتان هەیە، بێ بڕواییە بە لیژنەی فتوا، یان چییە؟
د.محەممەد بامۆكی : ئێمە لەكۆمەڵی ئیسلامی ئیشی مامۆستایان و رێنمایی كردنیان و هەڵسوكەوتیان لەناو مزگەوت و جەماوەر دەكەین، مەكتەبی تەنفیزی ئەوە ناكات، رەنگە ئەو بەبۆنە نەبێت كۆنەبێتەوە لەگەڵیان، ئەوەی ئێمە سەرپەرشتی دەكەین، زیاتر خەم لە ئیش و كارەكەی خۆی و مزگەوت و قوتابخانە شەرعییەكان دەخوات، ئێمە كۆمەڵێ قوتابخانەی خۆمان هەیە، خەڵك تیایاندا فێری زانست دەبێت، دەبێت خۆمان خەمیان لێبخۆین، گەر خۆمان خەمیان لێنەخۆین ئەوەی لەشوێنێكی ترە دەڵێت پەیوەندی بەمنەوە نییە، یان بانگخوازانە كەبەشێكی گەورەی مەكتەبەكەمانە بۆ ناو حیزبەكەی ناوخۆمانە كە پەروەردەی خەڵك دەكات.
نوچەنێت : خۆ دینی حزب و دینی لیژنەی فتوا جیاواز نین… بۆ نابێ یەک مەرجەعی ئایینی هەبێت.
د.محەممەد بامۆكی : ئەگەر بێت و لیژنەی فتوا یا مەكتەبی زانایانی كوردستان، بەمانای وشە سەربەخۆبێت و حیزب تەداخولی ئیشی نەكات و مامۆستایان خۆیان كاروبارەكەی تەرتیب بكەن و چۆن بیانەوێت وا ئاڕاستەی بكەن، لەوكاتەدا پێویست ناكات هیچ مەكتەبێكی زانایان و لیژنەی فتواو ئەوانە لە هیچ شوێنێك هەبێت، هەر لەكوردستان یەك دانە بەسە، بەڵام كاتێك حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف بیەوێت بەراستی لیژنەی فتواو مەكتەبی زانایانی كوردستان كاری خۆیان بكات، سەربەخۆیانە و حیزب تەداخولی كارەكانی نەكات، ئەوكاتە پێویست ناكات هیچ لایەن و بەشێك لیژنەی فتوا یان مەكتەبی زانایانی هەبێت، بەڵام ئێستا وانییە، بەشێك لەو مامۆستایانەی كە رۆڵ دەبینن یان رۆڵی سەرەكی دەبینن لە لیژنەی فتوای كوردستان، سەربەحیزبەكانن، چ حیزبە ئیسلامییەكان بن، چ بەزۆری ئەوەی ئاراستەكەیان لەدەستە حیزبی دەسەڵاتە، ماوەیەكی زۆرە كاتی هەڵبژاردنی زانایان هاتوە، بۆچی ناكرێت؟ ئەگەر سەربەخۆیە بۆ بۆخۆی بڕیار بۆخۆی نادات.
نوچەنێت : جگە لەوەی باستکرد، چیتر بکرێت بۆ ئەوەی لیژنەی فتوای کوردستان، جێی هەموو ئەو مەکتەب و دەزگایانەی حزبەکان بگرێتەوە،هەموو بەنوێنەری مەسەلەی ئایینی خۆیانی بزانن، نەک هەر حزب و زانايەك مەکتەبی خۆیی هەبێ بۆ فتوا؟
د.محەممەد بامۆكی : بەشتی كرداری دەتوانرێت مەكتەبی زانایان و لیژنەی فتوا ئەوە بسەلمێنێت، ئەگەر خۆی سەلماند لەناو خەڵكدا، خەڵك هەمووی متمانەی پێدەكات بەلایەنی ئیسلامی و جەماوەر، ئەگەر نەشیتوانی ئەو متمانەیە بەدەست بێنێت، نابێتە فیعلی، بۆنمونە مەكتەبی زانایانی ئەم لایەنە ئیسلامیانە، كە زۆربەی زانایانی كوردستان پێكیان دێنن و سەر بەوانن دەكرێت تۆ رۆڵ بەزاناكانی ئەوان نەدەیت، كۆمەڵێك مامۆستای تر بێنیت فەڕزیان بكەیت بەسەریاندا؟، یان كۆمەڵێك كەس بێنێت بەتەزویر و فێڵ دایانبنێی؟،ئێمە ئێستا وەكو كۆمەڵی ئیسلامی، چەندین مامۆستامان هەیە كە پێشنوێژ و وتاربێژن هەویەیان بۆ ناكرێت، هەر بەعەمدی كابرای ناوچەكە بۆی ناكاتن، بەڵام لەولاوە خادیمی مزگەوت و فەقێ و كەسی هاكەزایی و كەسی تر كەلە قوتابخانەی تر مامۆستایە هەویەی بۆكراوە و بەشداری هەڵبژاردن دەكات، ئەمە وادەكات مەكتەبەكە جێگەی متمانە نەبێت و گومانی لەسەر دروست بێت، بەڵام هەركاتێك توانی ئەم شتانە رێكبكاتەوە، بۆنمونە وەزارەتی ئەوقاف با هەركەسێك پێشنیوژ و وتارخوێن بێت لە ئەوقاف با لەزانایان بێت و هەویەی بۆچیە، كە ئەندامیش بوو هەر ئەمانە بۆیان هەیە بەشداری هەڵبژاردن بكات، نەك كەسی تر بێن، چونكە كەسی وایان هێناوە سەری داناوە بۆ ئەوەی سەیری نەكەیت و شەرم دەكەی سەیری بكەیت، شتەكەی ئەوەندە ناڕێك بووە، یان با پێوەرێكی دینی دابنێن هەر كەسێك ئیشی ئیمام و خەتیب بێت و زانایە بائەوانە ئەندام بن و بڕیاربدەن و ببنە ئەندامی لیژنەی فتواو بەرپرسی مەكتەبەكان، ئەوكاتە شتێكی زۆر كرداری دەردەچێت و رۆڵیشی دەبێت بۆ خۆیان و زانایان و هەم بۆ هەرێمی كوردستانیش، بۆ ئەوەی كەوا جێگەی متمانەی خەڵكی كوردستان بن و هەر بڕیار و فتواێك دەربكەن و قسەێك بكەن میللەت بەگوێیان بكات.
نوچەنێت : بەڵام کارەکانی ئێوە ئەچێتە خانەی ئەوەی ئێوە بەدیلی لیژنەی فتوان، چونکە حزبەكانی خۆتان بۆ پرسە دینییەکان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو مەكتەبانەتان. بۆ نمونە لیژنەی فتوا دەڵێ سرودى ئەی رەقیب ناشەرعی نییە، هەندێ لە حزبەكان دەڵێن ناشەرعییە، بەتایبەت ئێوە لە کۆمەڵ.
د.محەممەد بامۆكی : هەركاتێك لیژنەی فتوا توانی، ئەو متمانە گەورە و باشە بەدەست بێنێت، حیزبی ئیسلامی و غەیری ئیسلامی ناتوانێت خیلافی ئەو شت بڵێت، مەسەلەی سرودی ئەی رەقیب ئەوەش هەر تەداخولی سیاسەتە لەبابەتەكە، هەر یەكەیان چۆن مەبەستیانە بەلیژنەكە دەڵێن ئاوا بڵێت، بابەتەكە بەوەچارەسەر دەبێت، دەبێت سیاسەت لە ئیشی مامۆستایان دەربهێنرێت، ئەوەی زیاتر ئەوەشی كردوە بەسیاسی زیاتر دەسەڵاتە نەك حیزبە ئیسلامییەكان.
نوچەنێت : بەپێی قسەکانی بەڕێزتان، لیژنەی فتوا بەپارتی ئەزانن بۆیە گوێێ بۆ ناگرن، کەوایە چ بکرێت بۆ ئەوەی لیژنەیەکی فتوا دروست بکرێ لەهەموان پێكهاتبێ.
د.محەممەد بامۆكی : دەبێت پێوەری دینی هەبێت، بۆ ئیشی ئەندامانی زانایان، دوای ئەوە ئەوان بە هەڵبژاردنێكی سەربەخۆ و ئازادانە حاكمی لەسەربێت و خەڵك و حیزب تەداخولیان نەكات و خۆیان هەڵبژاردن بكەن، ئەوكاتە دەبێتە مەكتەبێكی زانایانی كرداری كەس ناتوانێت رەخنەی لێبگرێت، هەركەس رەخنەی لێبگرێت شتێكی نابەجێیە، من ناتوانم بڵێم لیژنەی فتوا هی پارتیە، بەڵام ناتوانێت وەكو پێویست رۆڵ ببینێت.