تەوەر : فرەفتوایی و لیژنەی فتوا لەکوردستان
د. عەرەفات کەرەم : لیژنەی فتوای کوردستان، لیژنەیەکی مەزهەبییە
تەوەری نوچەنێت : فرەفتوایی و لیژنەی فتوا لەکوردستان
د.عەرەفات کەرەم ستونی، پرۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستای زانکۆ، پسپۆڕی سیۆلۆژیای بەراوردەئاینییەکان، لەوەڵامی پرسیارەکانی تەوەری نوچەنێت، دەڵێت، پێویستە سەرلەنوێ لیژنەی دروستبکرێتەوە، لەکەسانی ئەکادیمی، کە پابەند نەبێ بە یەک مەزهەبی وەک مەزهەبی شافیعی، بەرای ئەو دەبێت، ئەندامانی ئیستای لیژنەی فتوا زۆرینەیان پەیوەستی یەک مەزهەبن، دەشڵێت، زۆر کات لیژنەی فتوا کەس گوێی بۆ ناگرێ، بەهۆی ئەوەی، ئەم لیژنەیە کەسی شارەزاو ئەکادیمی کەمە، ئیسلامییەکان باوەڕیان بەم لیژنەیە نییە، چونکە بەهی دەسەڵاتی دادەنێن.
رزگار رەزا چوچانی . نوچەنێت
نوچەنێت: لەدیندا موفتی یان لیژنەی فتوا چییە ؟ ئەرک و رۆڵی چییە ؟
د. عەرەفات کەرەم: موفتی زۆر گرنگە بۆ هەروڵاتێک، چونکە ئیسلام وەک قورئان و سونەت باسی هەموو شتێکی نەکردووە، دونیا لەگۆڕانکاریدایە و شتی زۆر پێشکەوتوو هاتۆتە دی، بۆیە موسڵمانان پێویستییان بەموفتییە، بەڵا ئیستا ئێمە پێویستمان بەموفتی نییە، بەڵکو پیویستیمان بە بەدەزگای فتوا هەیە، ئەم دەزگایە وتەبێژی فەرمی هەبێت، تاکو خەڵک بزانێت، کامە فتوای فەرمییە، ئەگەر ئێمە دەزگایەمان نەبێت، توشی فەوزا دەبین چۆن لە جەزائیر و عێراق و زۆر وڵاتانی دی کێشەی زۆریان هەیە، بەڵام لە میسرو سعودییە ئەم کێشەیان نییە چونکە دەزگای فەتوایان هەیە.
نوچەنێت: بەڵام لەکوردستان لیژنەی فەتوا هەیە، وەک ئەو دەزگای تۆ بەپێویستی دەزانی، زۆرکات گوێی بۆ ناگرێ، بۆ نمونە، فەتوای شەرعی بوونی سرودی ئەی رەقیبی دا، سەدان زانا و مەلا دژی فەتواکەی وەستانەوە، هۆی چییە لیژنەی فەتوای کوردستان گوێ بۆ گیراو نییە ؟
د.عەرەفات کەرەم : لیژنەی فتوای کوردستان، لیژنەیەکی مەزهەبییە، کەسی شارەزای لەهەموو بوارەکان تێدا نییە، پێویستە سەرلەنوێ ئەم لیژنەیە دروستبکرێتەوە، لەکەسانی ئەکادیمی، کە پابەند نەبێ بە یەک مەزهەبی وەک مەزهەبی شافیعی، بەڵکو شارەزابێت لە بەراوردە مەزهەبییەکان، حزب تەداخولی نەکات، بەڵکو لەڕیی پەڕلەمانەوە پەسەند بکرێت یان لەسەرۆکایەتی حکومەت لە لیژنەیەکی شایستەو پرۆفیشناڵ.
راستە زۆر کات لیژنەی فتوا کەس گوێی بۆ ناگرێ، ئەمە دوو هۆکارە، یەکەم ئەم لیژنەیە کەسی شارەزاو ئەکادیمی تێدا کەمە، زۆربەیان ئەگەر هەموویان نەبێ، پابەندی مەزهەبی شافیعین، زۆربەی فتواکانیان شەرعی نین، سیاسین، دووەم، ئیسلامییەکان باوەڕیان بەم لیژنەیە نییە، چونکە بەهی دەسەڵاتی دادەنێن، بەڵام بەڕای من ئەگەر فتوا راست بێت، هیچ بیانویەک نییە، وەرنەگیرێت و پیویستە قبوڵبکرێت.
نوچەنێت: وێڕای ئەوەی کە لیژنەی فەتوامان هەیە، بەڵام پاشاگەردانییەکیش لەفتوادان هەیە لەکوردستان، بەبڕوای تۆ هۆکار چییە ؟ ئایا دەکرێ دینداری ئاوا بێت هەرکەس هەستێ فەتوا بدات؟
د. عەرەفات کەرەم: کارەساتە هەرکەسێک فەتوا بدات، لەسەردەمی حەجاج هاوڕێی پێغەمبەر کەس جورئەتی نەبوو فتوا بدات، ئێستا چونکە زانست و عیلم نەماوە، هەرکەسێک نا هەرکەس نامیلکەیەکی خوێندەوە فتوا ئەدات، ئەمە زۆر گوناهێکی گەورەیە، کۆمەڵگە توشی فەوزا دەکات، هەر ئەو مەلا گەنجانەی ئێستا کە هەندێ جار فەتوا دەدەن، ئەگەر لەسەردەمی سەحابەکانی پێغەمبەر بوایە، دەبوا هەموو سەحابەکان کۆببنەوە، تاکوبتوانن قسەی لەسەر بکەن نەک فتوا بدەن، کە ئێستا وا نییە، هۆکار نەبوونی عیلم و زانستە بەشێوەیەکی قوڵ و ئەکادیمی و مەعریفی و زانستی.
نوچەنێت: چی بکرێت بۆ ئەوەی کوردستان رزگار بکرێت لەپاشاگەردانی فەتوادان ؟
د. عەرەفات کەرەم: دەزگای فتوا دروست بکرێت، کوردستان لەهەموو وڵاتێک زیاتر پێویستی بە دەزگای فتوایە، بەڵام هەرگیز پێویستمان بە موفتی نییە، چونکە موفتی مەرجەکانی زۆر قورسن، لەکوردستان کوا ئێمە کەسێکمان هەیە شارەزابێت لە قورئان و سونەت، لەهەمانکاتدا کەسێکی کراوەبێت و مەزهەبی نەبێت، شێخ عەبدولکەریمی مودەریس بەو گەورەییەی خۆی، نەیتوانی خۆی رزگاربکات لە مەزهەبی شافیعی، کەمن قەناعەتم وایە ئەو مافی فتوادانی هەبوو.
کەواتە پێویستە ئێستا دەزگای فەتوامان هەبێت سەربەوەزارەتی ئەوقاف بێت، وەک بەڕێوەبەرایەتییەک، لە چەند ئەندام پێکبێت، لەهەر بوارێک کەسێک بکرێتە ئەندامی یەدەک، بۆ نمونە ئەگەر فتوا پەیوەندی بە بواری دارایی هەبێت، کەسێکی شارەزا لەو بوارە بکرێتە، بەڵام وەکو گوتمان شارەزابێت، هەروەک چۆن محکەمە بێ لایەنە، پێویستە دەزگای فتواش بێ لایەن بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت کوردستان لەفەوزای ئاینی فەتوا رزگار بکات.
نوچەنێت: چۆن ئەندامی ئەو دەزگەیە دیاری بکرێت، کێ بن ئەوانەی دەبنە ئەندامی؟
د. عەرەفات کەرەم: پێویستە ئەوەی دەبێتە ئەندامی لیژنەی فتوا، شارەزا بێت لە قورئان و لەسونەت، نابێت پابەندبێت بە مەزهەبێک، لەکوردستان ئەم جۆرە کەسانە کە پابەندنین بەمەزهەبی شافیعی زۆر کەمن، ئەبێ شارەزابێت لە قورئان و سونەت و واقیع، نەک تەنها شارەزای مەزهەبی شافیعی بێت.
پێویستە ئەم دەزگایە بۆ هەر جۆرە فتوایەک کەسی پسپۆڕ بکاتە ئەندام، لەبواری پزیشی، دکتۆرێکی زیرەک و شارەزا بکاتە ئەندام، لەبواری بانک، کەسێکی شارەزا لەبواری دارایی و ئابوری بکاتە ئەندام و هتد..