بارزانی: رۆژنامەنووسان مافی خۆیانە تا ئەو پەری ئازاد بن و دەسەڵاتیش پێویستە كار بۆ زیاتر فەراهەم كردنی ئەو ئازادییە بكات

0

بارزانی: رۆژنامەنووسان مافی خۆیانە تا ئەو پەری ئازاد بن و دەسەڵاتیش پێویستە كار بۆ زیاتر فەراهەم كردنی ئەو ئازادییە بكات

نوچەنێت

بەبۆنەی ساڵرۆژی رۆژنامەوانی کوردییەوە، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەپەیامێکی پیرۆزبایدا رایدەگەیەنێت، کە رۆژنامەوانان مافی خۆیانە تا ئەو پەڕی ئازاد بن و دەڵێت”لە هەمانكاتدا پێویستە رۆژنامەنووسانیش لە سنووری ئەتەكێتی رۆژنامەوانی دەرنەچن و سنووری ئەو ئازادییە نەبەزێنن كە بۆیان دابین كراوە و دەبێ‌ ئەخلاقیەتێكیش هەبێ‌ كە هەموومان پێكەوە كۆبكاتەوە”.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بە بۆنەی یادی سەدوسێزدە ساڵەی رۆژنامەنووسیی كوردییەوە ، لە قوڵایی دڵەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەنووسانی كوردستان دەكەم و ئومێدی سەركەوتن و گەشەكردنی زیاتریان بۆ دەخوازم لە جێبەجێكردنی ئەركە هەستیار و گەیاندنی پەیامە پیرۆزەكەیاندا.

بێگومان رۆڵی رۆژنامەنووسانی كوردستان چ لە قۆناغی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و چ لە سەردەمی ئازادی و هاتنە كایەی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان و رۆژگاری دیموكراسیی، رۆڵێكی كاریگەربووە ، هەر بۆیە ئەمرۆش كە گەلەكەمان لە بەردەم ئەو پێشهات و بارە هەستیارەدایە، دیسان رۆژنامەنووسان ئەركێكی پڕ لە لێپرسراوێتیان دەكەوێتە سەرشان و دەتوانن رۆڵی باڵاتر و كاریگەرتر بگێڕن و بەشێوەیەكی پیشەیی و لە سونگەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان ببنە بەشێك لە جوانتركردنی ئەزموونەكەی گەلی كوردستان و بە رەخنەی بەجێ‌ و خەمخۆرانە كەموكوریی و ناتەواوییەكان دەستنیشان بكەن و چارەسەری گونجاویان بۆ پێشنیاز بكەن، هەروەها بەشدارییەكی چالاكانە بكەن لە گەشەپێدان و قوڵتركردنەوەی نەریتی دیموكراسیی و لێبوردەیی و گیانی یەكتر قیوڵكردن و بەیەكەوە ژیانی سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی كوردستان و پتەوكردنی هاوچارەنووسیان.
رۆژنامەنووسان مافی خۆیانە تا ئەو پەری ئازاد بن و دەسەڵاتیش پێویستە كار بۆ زیاتر فەراهەم كردنی ئەو ئازادییە بكات ، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە رۆژنامەنووسانیش لە سنووری ئەتەكێتی رۆژنامەوانی دەرنەچن و سنووری ئەو ئازادییە نەبەزێنن كە بۆیان دابین كراوە و دەبێ‌ ئەخلاقیەتێكیش هەبێ‌ كە هەموومان پێكەوە كۆبكاتەوە.
ئێمە خاوەن كیانێكی سەربەخۆنین، لە هەرێمێكداین كە تا ئێستا هەڕەشەیەكی زۆری لەسەرە، بۆیە ئەركی هەموو رۆژنامەنووسانە كە بە ئەركی نیشتمانی خۆیان هەڵستن و ئەم هەقیقەتە لە بەرچاو بگرن.
لە كۆتاییدا جارێكی تر جەژنی رۆژنامەنووسیی لە هەموو رۆژنامەنووسانی كوردستان پیرۆز دەكەم و هیوادارم كە ئەم یادە بۆنەیەك بێت بۆ پێداچوونەوە و داڕشتنی پلان و بەرنامەی گونجاو بۆ پێشخستنی كاروانی رۆژنامەنووسیی لەسەر بنەمایەكی نیشتمانی و نەتەوەییدا.

لەگەڵ رێز و خۆشەویستیم

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
21-22/4/2011

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com