یەكێتی ئەوروپا ستایشی هەڵسوكەوتی حكومەتی کوردستان دەکات بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن

0

بارزانی لەگەڵ شاندی پەڕلەمانی یەکێتی ئەروپا: هەڵبژاردە مان خستۆتە بەردەم ئۆپۆزسیۆن

شاندی یەکێتی ئەورپا: دەنگ و هەڵسەنگاندنی بارزانی جێی تەقدیری شاندەكەی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپایە

 نوچەنێت

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم رۆژ پێنج شەممە 28/4/2011 مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە شاندێكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا لە کۆبونەوەکەدا بارزانی باردۆخی کوردستان دەخاتە بەرباس و رایدەگەیەنێت کە سێ‌ هەڵبژاردەیان خستۆتە بەردەم ئۆپۆزسیۆن یان بەشداری لە چاكسازی بكەن یان بەشداری لە حكومەتێكی بنكە فراوان بكەن ئەگەر نا هەڵبژاردنێكی پێش وەختە ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی میللەت دوا بڕیاری خۆی بدات، شاندەکەش رایانگەیاندوە كە دەنگ و هەڵسەنگاندنی بارزانی جێی تەقدیری شاندەكەی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپایە.

شاندی پەڕلەمانی یەکێتی ئەورپا کە لە ستیورات ستیڤن سۆن و ماریۆ مۆرۆ و یەلكۆ كاچین و ئەتارت مۆنتاتۆ و ڤێلا رێكخەری كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق و ستانسلاڤـ باڵیۆزی پۆلۆنیا لە عیراق پێکهاتبوون لە دیدارێكدا لەگەڵ بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان كە نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا ئامادەی بوو، رایانگەیاند “بۆنەیەكی مێژووییە شاندێكی یەكێتی ئەوروپا سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشەكەی بن و پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان كۆماری عیراق و هەرێمی كوردستان لە لایەك و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە لایەكی دیكە دروست بكەن” ئاماژەیان بەوەشكرد كە لەو سەردانەیاندا بۆ بەغداو هەرێمی كوردستان قەناعەتێكیان لە لا دروست بووە كە عیراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دەتوانن نموونەیەكی باش پێشكەش بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەن سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەركردنی گیروگرفتەكان”

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم رایدەگەیەنێت کە شاندەکە رایانگەیاندووە ئەو چەند رۆژەی لە هەرێمی كوردستاندا بوون سەرنجێكی باشیان لەسەر هەرێم تۆمار كردووە و ستایشی هەرێمیشیان كرد سەبارەت لە باوەشگرتنی هاوڵاتیانی مەسیحی ئەوانەی بە هۆی كاری توندوتیژییەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە كە سەرەرای بودجەی سنورداری هەرێم بایەخی بە گوزەرانی ئەو هاوڵاتیانەشی داوە”.
لەباری چڕكردنەوەی سەردانەكانیشیان بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان ، شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا روونیانكردۆتەوە كە تا ئێستا سەردانەكانیان لە ئاستێكی پێویست نەبووە، بۆیە بڕیاریان داوە كە بە بەردەوامی بایەخ بە هەردوولا بدەن. “عیراق و هەرێمی كوردستان دوو نموونەی پۆزەتیڤن و قەتیش نەبووین بەشێكی ئەو كێشانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەدا بەدی دەكرێن”.
لەو کۆبونەوەیەدا بارزانی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری عیراق و هەرێمی كوردستان بە شاندەکەی رایگەیاندووە “راستە لە عیراق و هەرێم گیروگرفت هەن بەڵام لەسەر ئەساسێكی دروست بەرێوە دەچێت، نە لە عیراق و نە لە هەرێمی كوردستان كەس نییە هەتاهەتایێ‌ لەسەر كورسی حوكم بمێنێتەوە و دەسەڵات بەرێوەبردنیش لە دوو دەورە زیاتر نییە و ئەو هەڵبژاردنانەش كە لە عیراق و هەرێم ئەنجامدراون لە ژێر چاودێری یەكێتی ئەوروپا و un و چاودێرانی كۆمەڵگەی مەدەنیەوە بەرێوەچووە”.
لە بارەی کێشەی مەسیحیەكانیش بارزانی رایگەیاند كە “ئەوانە رۆڵەی رەسەنی ئەم وڵاتەن و بەشدارییان كردوە لە بنیاتنانی شارستانێتیەكاندا، بۆیە ئەركی سەرشانی ئێمەیە كە داڵدەیان بدەین”.
هەر لەو دیدارەی بارازنی دا لەگەڵ شاندی یەكێتی ئەورپا ئاماژەی بەوەكردووە كە “دووساڵی دیكە هەڵبژاردن دەكرێتەوە و قەتیش نەمانگوتووە ئێمە لە هەموو رووێكەوە تەواوین و سێ‌ هەڵبژاردە مان خستۆتە بەردەم ئۆپۆزسیۆن یان ئەوتا بەشداری لە چاكسازی بكەن یانیش بەشداری لە حكومەتێكی بنكە فراوان بكەن ئەگەر نا باپێكەوە هەڵبژاردنێكی پێش وەختە ئەنجامبدەین بۆ ئەوەی میللەت دوا بڕیاری خۆی بدات”.
سەرۆكی هەرێمی کوردستان بۆ شاندی یەکێتی ئەورپا باسی بەرنامەکانی چاکسازی دەکات دەڵێت”ئێستا ئەو بەرنامەیە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و تەئكید لەسەر جدیەتی جێبەجێكردنی بەرنامەكە دەکەین”.

هەر لەو دانیشتنەدا بارزانی ئاماژەی بەو گۆڕانكارییانە كردووە كە لەم دواییەدا لە پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگاكە كراون و پێداگیریشی لەسەر جێبەجێكردنی تەواوی ئەو بڕگانە كردەوە كە لە ماددەی 140ی دەستووری عیراقدا هاتوون.
شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا لەو دانیشتنەدا سوپاسی سەرۆكی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ روونكردنەوەكانی و رایانگەیاندوە كە دەنگ و هەڵسەنگاندنی بارزانی جێی تەقدیری شاندەكەی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپایە و ستایشی هەڵسوكەوتی حكومەتی هەرێمیان كردەوە سەبارەت بە هەڵسوكەوتە دیموكراتیەكەی بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن و رایانگەیاند كە هەهەڵسوكەوتەكەی دیموكراتیانە و شارستانیانە بووە”.
لای خۆشیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشی رۆڵی ستیورات ستێڤن ئەندامی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپای كرد و رایگەیاند كە “خۆی و گەلی كوردستان ئاگاداری رۆڵ و خەبات و ئەو كارە باشانەی ئەون كە لە ساڵی 1991 دا بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردستان ئەنجام داوە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com