نوچه‌نێت: تایبه‌ت
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه دانه‌یه‌كی به نوچه‌نێت دراوه، ده رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هۆشداری به ده‌سه‌ڵات ده‌ده‌ن، كه ئه‌گه‌ر داواكارییه‌كانییان جێبه‌جێ نه‌كرێت، خۆپیشاندان ده‌كه‌ن.
ده‌قی به‌یاننامه‌كه:
به‌ڕێز/ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
به‌ڕێز/ په‌رله‌مانی كوردستان
به‌ڕێز/حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
سه‌رجه‌م لایه‌نه په‌یوه‌ندی داره‌كان
ڕای گشتی هه‌رێمی كوردستان
(تاكه‌ی چاوه‌ڕوانی)
له‌ئێستادا هه‌رێمی كوردستان به‌بارودۆخێكی هه‌ستیاردا گوزه‌ر ده‌كات و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش هه‌وڵی زۆری داوه‌و ده‌دات بۆ ئارامكردنه‌وه‌ی ڕه‌وشه‌كه، بۆئه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان له چوارچێوه‌ی قسه‌و به‌ڵێنه‌وه بچێته بواری جێ به‌جێ كردن و كرداره‌وه، وه‌ك چۆن سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم په‌یامی (كردارشه‌رته)ی هه‌ڵگرتووه پێویسته هه‌نگاوی جدی بنات بۆ چاكسازی، و ڕێز له ئیراده‌ی خه‌ڵك بگرێت.
له‌ئێستادا ئێمه له ڕێكخراوه ناحكومیه‌كان و كۆمه‌ڵه‌و ناوه‌نده ڕۆشنبیریه‌كانی كوردستان، داواكارین هه‌وڵی جدی و ڕاستگۆیانه بدرێت و داواكاریه‌كانی خه‌ڵك به‌ڕاستی جێ به‌جێ بكرێت و ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی داوه‌تێ فراوانتر بكرێت، …
له‌ئێستادا ئێمه چوارخاڵ ده‌كه‌ینه داواكاری:
1- دانه‌نانی مامۆستا ئارام وه‌ك وه‌زیری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان چونكه ناڕه‌زای خه‌ڵك و كه‌سوكاری شه‌هیدانی له‌سه‌ره‌و نزیكه‌ی بیست ساڵه كوردستانی به‌جێ هێشتووه و له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژی و ئاگاداری وێستگه‌و بارودۆخی ناهه‌مواری ساڵانی ڕابردووی كوردستان نه‌بووه و كه‌سوكاری شه‌هید نیه، ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات كه له‌فرمێسكی دایكی شه‌هید تێناگات، واته دانانی ده‌بێته هۆی جارێكی تر شه‌هید كردنی شه‌هیده‌كان و ئه‌مه‌ش گوێ نه‌دانه به‌مافی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان و جێگه‌ی قبوڵ نیه.
2- لابردنی سه‌رۆكی زانكۆی سلێمانی، له ئه‌نجامی ئه‌و ناڕه‌زایانه‌ی له‌لایه‌ن خوێندكاران و به‌شێك له مامۆستاكانه‌وه هه‌یه و ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات كه تێبینی زۆری له‌سه‌ره و پێویسته پێداچونه‌وه بكرێت.
3- لابردن و دورخستنه‌وه یان پێداچونه‌وه به یه‌كه ئیداریه‌كانی قه‌زای خانه‌قین و به‌تایبه‌تی قایمقام، لێكۆڵینه‌وه له‌و ناعه‌داله‌تیانه‌ی له سنوری خانه‌قین كراوه، هه‌روه‌ها دابین كردنی خزمه‌تگوزاری زیاتر بۆ ناوچه دابڕێنراوه‌كان.
4- لابردنی قایمقامی قه‌زای سه‌ید سادق كه كه‌سێكی ناچالاكه‌و له‌لایه‌ن به‌شێكی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌وه ناڕه‌زای له‌سه‌ر هه‌یه، له‌ئێستادا پێویستی به‌دورخستنه‌وه هه‌یه.
جارێكی تر ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه كه ده‌بێت حكومه‌ت ڕێز له داواكاریه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوانه بگرێت ، چونكه داواكاری به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه، ئێمه‌ش له ئه‌نجامی دڵسۆزیمانه‌وه ئه‌م به‌یاننامه‌یه بلاو ده‌كه‌ینه‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه په‌یوه‌ندیمان به‌هیچ حزب و ڕێكخراوێكی سیاسیه‌وه نیه بۆیه به زه‌روری ئه‌زانین ده‌سه‌ڵات مل بۆ خواست وداواكاریه‌كانی جه‌ماوه‌ر بدات بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه‌و ئیراده‌ی ته‌واوی خه‌ڵك,و نه‌مانی بۆشایی له نێوان ده‌سه‌لات و جه‌ماوه‌ردا.
ئێمه ڕاده‌گه‌یه‌نین ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا وه‌لام نه‌درێینه‌وه، ئه‌وا له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی كوردستان هه‌ڵمه‌تی ئیمزا كۆكرنه‌وه‌و كه‌مپین وخۆپیشاندان ومانگرتنی دورله‌توندو تیژی و هێمنانه ده‌ست پێده‌كه‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و چوارخاڵه……له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌یاننامه‌وه ئێمه چاوه‌ڕێی وه‌ڵامین.
داواكارین له‌خه‌ڵكی دڵسۆزی كوردستان و كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان، بێ ده‌نگ نه‌بن و هاوكارمان بن.
ناوی ڕێكخراوه‌كان
1- ڕێكخراوی كاری شه‌فافیه‌ت بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی
2- كۆمه‌ڵه‌ی په‌یامی خه‌ڵك
3- گروپی فشار له قه‌زای سه‌ید سادق
4- كۆمه‌ڵه‌ی گه‌شه‌پێدانی تواناكانی گه‌نجان
5- ڕێكخراوی هه‌نجیره
6- كۆمه‌ڵه‌ی ڕوناكبیری و گه‌شه‌پێدانی هه‌ڵه‌بجه
7- ڕێكخراوی فریاكه‌وتنی مرۆیی/ خانه‌قین
8- كۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه
9- ڕێكخراوی ڕاستگۆی بۆ هاوكاری مرۆڤایه‌تی
10- رێكخراوی دادوه‌ری و یه‌كسانی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ
هه‌رێمی كوردستان/عێراق
1 / 5 / 2011