لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن بۆ موجامه‌له‌ی بارزانی ده‌كه‌ن؟
“سلێمانی له خۆ رێكخستنه‌وه‌دایه بۆ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌كان”
نوچه‌نێت: تایبه‌ت
له سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی شاری سلێمانییه‌وه، كه له ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه درووست بوون، بارزانی هه‌ر په‌یامێكی راگه‌یاندبێت و هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی خستبێته‌ڕوو، له‌لایه‌ن حیزبه ئپۆزسیۆنه‌كانه‌وه ره‌ت كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئێستا خه‌می تێكچوونی په‌یوه‌ندییانه له‌گه‌ڵ بارزانی.
به‌ر له خۆپیشاندانه جه‌ماوه‌رییه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك مه‌رجه‌عه‌تییه‌ك ده‌رده‌كه‌وت، چونكه له درووستبوونی هه‌ر گرفتێكدا، لایه‌نه‌كان ده‌گه‌ڕانه‌وه لای مه‌سعود بارزانی و گرفته‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كران، به‌ڵام له سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه، به وته‌ی كه‌سانی نزیك له پارتی، كار له‌سه‌ر ئه‌وه كراوه كه له هه‌یبه‌تی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و پارته‌كه‌ی بده‌ن، چونكه هه‌موو ده‌ستپێشخه‌ری و هه‌موو پرۆژه‌كانی بارزانی، له ماوه‌ی قه‌یرانه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه تا ئێستاش، له‌لایه‌ن هه‌رسێ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كگرتووی ئیسلامی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی) ره‌ت كراوته‌وه، له ئێستاشدا هێز ئۆپۆزسیۆنه‌كان، له خه‌می پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌كانیاندان له‌گه‌ڵ بارزانی.
سه‌ركرده‌یه‌كی گۆڕان به رۆژنامه‌ی رووداوی راگه‌یاندووه، بزووتنه‌وه‌كه‌ی نایه‌وێت لینكی په‌یوه‌ندییه‌كانییان له‌گه‌ڵ بارزانی، له‌سه‌ر دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح و چاره‌نووسی كابینه‌كه‌ی تێكبچێت، ئه‌و لێدوانه‌ی سه‌ركرده‌كه‌ی گۆڕان له كاتێكدایه، كه ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه و حیزبه هاوپه‌یمانه‌كانی، پێشتر هه‌موو دانیشتنێكییان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان ره‌ت كردۆته‌وه.
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌رسێ فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ) له په‌رله‌مانی كوردستان، له یاداشتنامه‌یه‌كدا كه ئاراسته‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانییان كردووه و وێنه‌یه‌كی ده‌ست نوچه‌نێت كه‌وتووه، داواكارن كه له سۆنگه‌ی هه‌ست كردن به به‌رپرسیارێتییه‌وه، ئه‌و یاسایانه واژۆ نه‌كات، كه له‌م دواییانه‌دا له په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ند كراون، له یاداشته‌كه‌دا هاتووه “له سۆنگه‌ی هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی یاسایی و میّژویی و نیشتمانی و له پێناوی به هه‌ند وه‌رگرتنی ڕۆلی په‌رله‌مان له نوێنه‌رایه‌تی خه‌لكی كوردستان ، داواكارین له جه‌نابتان هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی له‌م دواییه‌دا له په‌رله‌مانی كوردستان به‌بێ ئاماده‌بوونی ئۆپۆزیسیۆن په‌سه‌ندكراون له لایه‌ن به‌ڕێزته‌وه واژۆ نه‌كرێن و بنێرێته‌وه بۆ په‌رله‌مان، به‌تایبه‌تی یاسای ده‌سته‌ی نه‌زاهه و، یاسای ڕێكخراوه ناحكومیه‌كان و،یاسای هاوكاری گه‌نجان. هه‌روه‌ها هه‌ردوو یاسای ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ده‌زگای ئاسایش كه ئه‌مڕۆ له په‌رله‌مان تاوتوێ ده‌كرێن ، چونكه په‌سه‌ندكردنی ئه‌م یاسایانه پێچه‌وانه‌ی خاڵی ژماره 16 ی بریاری ژماره (1) رۆژی 23/2/2011 و خاڵی ژماره (2) و (8) بریاری ژماره(2) رۆژی 17/3/2011ی په‌رله‌مانه كه باس له ته‌وافوقی نیشتمانیی ده‌كه‌ن له هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی كه ڕه‌هه‌ندی گشتی و نیشتمانی‌یان هه‌یه ، له هه‌مان كاتدا پێچه‌وانه‌ی ئاراسته و په‌یامه‌كانی به‌ڕێزتانه له دروستكردنی ئیجماع و كۆده‌نگی له سه‌ر پرس و یاسا نیشتمانییه‌كان”.
چاودێرێكی سیاسی پێیوایه په‌نا بردنی لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان بۆ بارزانی، “ره‌نگه یه‌كێك بێت له سیناریۆكانی ترییان، چونكه له هه‌موو حاڵه‌تێكدا، كه قه‌یرانێك روو له هه‌ر وڵاتێك بكات و به زۆر هه‌وڵی چاره‌سه‌ر كردنی قه‌یرانه‌كه بدرێت و به به‌كارهێنانی هێز هه‌وڵی بێده‌نگ كردنی لایه‌نه ناڕازییه‌كان بدرێت، ئه‌گه‌ری زۆر هه‌یه كه دیسانه‌وه لایه‌نه ناڕازییه بێده‌نگ كراوه‌كان، په‌نا بۆ به‌كارهێنانی فشار و هێزی جه‌ماوه‌ری و سیاسی و هه‌موو تواناكانی تری خۆیان بده‌ن، بۆ دیسانه‌وه سه‌لماندنی تواناكانی خۆیان”.
ماوه‌یه‌ك به‌رله ئێستا هه‌ر یه‌ك له حه‌مه تۆفیق ره‌حیم وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، له دوو لێدوانی جیاوازدا بۆ نوچه‌نێت، رایانگه‌یاند، كه ئه‌گه‌ر بێت و هێز له دژییان به‌كار بهێنرێت، به‌رگری له خۆیان ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی تره‌وه هیوا میرزا سابیر ئه‌ندامی شورای سه‌ركردایه‌تی یه‌كگرتووی ئیسلامی كرودستان، به نوچه‌نێـتی راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات بیر له به‌كارهێنانی هێز بكاته‌وه له دژییان، خۆی په‌شیمان ده‌بێته‌وه.
هه‌ر له چاوپێكه‌وتنێكدا كه به‌ر له ماوه‌یه‌ك له ماڵپه‌ڕی نوچه‌نێت بڵاو كرایه‌وه، مام رۆسته‌م هه‌ڵسوڕاوی دیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، هۆشداری درووستبوونه‌وه‌ی مه‌فره‌زه نهێنییه چه‌كدارییه‌كانی كرد.
له‌لایه‌كی تره‌وه سه‌رچاوه‌یه‌ك له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به نوچه‌نێتی راگه‌یاند، ده‌ستییان كردووه به رێكخستنه‌وه‌ی خۆیان له ناو شاری سلێمانیدا، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له داهاتوودا سیناریۆیه‌كی دیكه بخه‌نه‌وه ڕوو، وتی “سلێمانی له خۆ رێكخستنه‌وه‌دایه بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان، كه ره‌نگه ئه‌مجاره‌یان جیاواز تر بێت”.
ئه‌گه‌رچی له ئێستادا خه‌ریكه ترسی به‌كارهێنانی هێز له دژی ئۆپۆزسیۆن ده‌ڕه‌وێته‌وه، به‌ڵام به بڕوای چاودێره سیاسییه‌كه ئێستا له هه‌موو كات زیاتر ده‌بێت چاوه‌ڕێی درووستبوونی ململانێی توندی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان بكرێت، وتی “هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌رنامه‌ی خۆیان هه‌یه و پلان وسیناریۆی خۆیان هه‌یه، بۆیه ره‌نگه ئۆپۆزسیۆن بیه‌وێت كات بكوژێت و به نواندنی نیازپاكییان به‌رانبه‌ر به سه‌رۆكی هه‌رێم، هه‌وڵی كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه سه‌ربازییه بكرێت، كه له ناوچه‌كانی پارێزگای سلێمانی نیشته‌جێ كراون، دوای ئه‌وه‌ش سیناریۆی خۆیان بخه‌نه‌ڕوو، چونكه ئۆپۆزسیۆن له‌و ناوچانه ده‌نگێكی زۆرییان هه‌یه و به ئاسانیش ده‌ستبه‌رداری نابن، ده‌سه‌ڵاتیش ره‌نگه سیناریۆی خۆی هه‌بێت، چونكه لێدوانی به‌رپرسه عه‌سكه‌ری و ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات، بۆنی ئه‌وه‌ی لێدێت، كه جارێكی تر رێگه به لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان نه‌ده‌ن، كه بارودۆخی ناوچه‌كه وه‌ك پێشتر لێبكه‌نه‌وه”.