به‌ختیار محه‌مه‌د
بۆچى له كۆمه‌ڵگا پێویستمان به پێوه‌رى تازه ده‌بێت ؟ ڕه‌نگه ژیانى ئێمه ئه‌وه‌نده پێویستى به گۆڕ‌انى یاسا‌و ڕێساى تازه نه‌بێت بۆ ژیان,چونكه كۆمه‌ڵگایه‌كى ئه‌وه‌نده زیندوو نین شته‌كان به ئێمه ڕانه‌گات. تائێستا گۆڕانكارى له‌عه‌قڵیه‌ت و بیركردنه‌وه‌ى ئێمه به شێوه‌یه‌كى گه‌وره گۆڕ‌انى به‌سه‌ر دانه‌هاتووه. هه‌مان یاساوڕێساى دین و كۆمه‌ڵگا بۆ پێوانه‌كردنى شته‌كانى ده‌وروبه‌رمان گونجاوه. به‌ڵام بۆئه‌وه‌ى ئه‌و شتانه بگۆڕین پێویسته دوور له‌دارێژه‌رى یاساكانى ئه‌خلاق, وه‌ك مه‌لا و ئاغا و سیاسیه بێ مه‌عریفه‌كانى ئێمه, پێویستمان به داڕشتنه‌وه‌ى زۆر شت هه‌یه به‌ده‌ر له‌وكه‌سانه‌ى جاران دارێژه‌رى بنه‌ماكانى ژیانى ئێمه بوون, هه‌تائێستاش به‌رده‌وامن له داڕشتنه‌وه‌ى هه‌مان سیاسه‌ت به به‌رگى دیكه.
زه‌روره‌تى گۆڕ‌انى پێوه‌رى به‌هاكان و ه‌و شتانه‌ى به ته‌واوى له ژێر به‌رگى ئه‌خلاقه‌وه كۆنترۆڵ كراوه. ژیان له‌به‌رده‌م گه‌نجه‌كان كراوه‌تر ده‌كات تێگه‌یشتنیان یان گرێى ده‌روونیان كه‌متر ده‌كاته‌وه. چونكه پێوه‌رى ئه‌خلاق له كۆمه‌ڵگاى ئێمه سه‌ره‌ڕاى په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان, ته‌نانه‌ت كاریگه‌رى له‌زانستیش كردووه. بۆیه ده‌بێت ئه‌و پێوه‌رانه بگۆڕێت. نمونه‌یه‌ك ده‌توانێت زیاتر له‌تێگه‌یشتنى ئه‌و ئامانجه نزیكمان بكاته‌وه, بۆ نمونه جاران ئۆتۆمبیل نه‌بوو, به‌ڵام ئێستا هه‌یه و پێویستیشى به پۆلیسى هاتووچۆ هه‌یه وده‌بێت یاسا‌و ڕێساشى بۆ دابنرێت. گریمان كه‌سێك ئه‌و ئۆتۆمبیله لێده‌خوڕێت لێكدانه‌وه‌یه‌كى تایبه‌تى هه‌یه بۆ ژیان و مردن. كه‌سێك نایه‌وێت له ڕێگه ده‌عمێكه‌وه ئازارى خه‌ڵك بدات و ئازارى پێبگات. ئه‌ویش له ڕێگه‌ى ئه‌و په‌روه‌رده ئه‌خلاقى و تێگه‌یشتنه‌ى كه له‌ڕێگه‌ى ئایدیۆلۆژیه‌كه‌ى خۆى فێرى بووه, یان له‌ڕێگه‌ى دینه‌وه, له‌ڕێگه‌ى كۆمه‌ڵگاوه وه‌ریگرتووه. به‌ڵام ئه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ى نه‌په‌روه‌رده‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى وه‌رگرتووه، نه‌دینى ونه به ئایدیۆلۆژیایه‌ك په‌روه‌رده‌كراوه. پێویستى به چى ده‌بێت؟ ئایاده‌كرێت كه‌سێكى بیانى هه‌موو ژیانى له‌ناو یاسا په‌روه‌رده بووه, كاتێك ڕووداوێك له ده‌ستى ڕووده‌دات و كه‌سێك ده‌بێته قوربانى, بڵێن كاكه برۆ له‌گه‌ڵ ماڵه‌كه به عه‌شایه‌رى كێشه‌ى خۆت چاره‌سه‌ربكه و دوو رۆژ له تازیه‌كه‌ى ڕابوسته وچوار ریش سپى له‌گه‌ڵ خۆت ببه له دواى ته‌واو بوونى پرسه‌كه, له هه‌مان كات كه‌سه‌كه ئه‌خلاقیه‌ن دوور له دینى ئیسلام و دوور له كۆمه‌ڵگا ویاساى عه‌شایه‌رى په‌روه‌رده بووبێت؟ ئه‌و كه‌سه ئه‌گه‌ر كاره‌ساتێكى ئه‌وها له‌ده‌ستى ڕوو بدات, به پێى یاساى خۆى به پێى ئه‌خلاقى خۆى وا فێربووه. ئه‌گه‌ر یاسا گوتى تاوانباره ده‌بێت كه‌سه‌كه قه‌ره‌بووى ماددى كه‌سو كارى قوربانیه‌كه بكاته‌وه, ئه‌گه‌ر نا ئازاد ده‌كرێت,له‌وێ به‌ده‌ل خوێن نییه, یاساى عه‌شایه‌رى نییه, بڕواشى به دین نییه, كه‌واته ده‌بێت چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه چۆن بكرێت؟.
بێگومان ده‌بێت یاسایه‌كى تازه كه‌سایه‌تیه‌كى تازه دوور له‌دین دوور له كۆمه‌ڵگا فێرى تاكه‌كانى ئه‌و میلله‌ته بكرێت. واته ده‌بێت ئه‌خلاقێكى تازه فێر بكرێت ئه‌گه‌ر كه‌سێك كارێكى واى به‌سه‌ر هات, چاوه‌ڕوانى یاسا بێت, یاسایه‌ك كه به‌ده‌ستى ئینسان دانراوه, فێرى ئه‌و ئه‌خلاقه‌ى ده‌كات ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه تاوانبار نه‌بوو, پێویست ناكات بیكوژیته‌وه له جیاتى ئه‌و كه‌سه‌ى كوژراوه, داواى پاره نه‌كات ئه‌گه‌ر به ئه‌نقسه‌ت نه‌بوو. ئه‌مانه هه‌مووى پێویستى به ئه‌خلاقێكى تازه‌یه كه زۆر دووره له‌و ئه‌خلاقه‌ى كه ئێمه له كۆمه‌ڵگاو دین فێرى بووین.
با به‌هاكان ته‌نها له بازنه‌ى ئایین و ئایدیۆلۆژیا نه‌بن!
0
Share.