محەمەد هەریری
حزبی ئیسلامی لە ڕووی کۆمەڵایەتیەوە ئەگەر قازانجی بۆ گروپێکیش بێ، بێگومان زیانی هەیە بۆ زۆربە، چونکە کاردەکات لەسەر پۆڵێن کردنی خەڵک بۆ ئیسلامی ونا ئیسلامی وبڵاوکردنەوەی فۆرم ودیدو نۆرمی دینی بە سیاسیکراو، هەتا لە زۆر لەو نێوەندانەی حزبە ئیسلامیەکان کار بەوە گەیشتوە پەیوەندیان زۆر سارد وسڕ دەکەن لەگەڵ خەڵکانی نا ئیسلامی و بەڵکو هەتا ژنە ژن خوازیش تەنها لە ناو بازنەکەی خۆیان دەکەن، زۆرجار بازنەی ئیخوانی کچێكی بە ڕوا نابینێت بۆ کوڕێکی کۆمەڵ، یان سەلەفیەك کچێکی ناداتە ئیخوانیەك کەلای ئەو عەقیدەی تەواو نیە! ئەو بازنە ئیسلامیانە سەردانی خەڵکی ئاسایی موسڵمانیش کەمتر دەکەن لەوەی کە سەردانی یەکتر دەکەن. لە نێوان خۆیان ناو لەو موسڵمانە ئاساییە نا ئیسلامیانە دەنێن بە جاهیل! لە ڕووی سیاسیشەوە بەرای من بە سیاسیکردنی دین لایەنی نیگەتیڤی زۆر زۆرترە لەلایەنە پۆزەتیڤەکانی، یەکەم هوشیاری مەدەنی ودیموکراسی زۆر دوا دەخات، گەنجان لە جیاتی خەریکی خەباتکردن بن بۆ داواکاریە سەرەکیەکانی نەتەوەکەیان ومافی مرۆڤ و چەمکە دیموکراتیەکان، زیاتر خەریکی زیندووکردنەوەی چەمکە دینیەکان و پۆڵێن کردنی خەڵك بۆ کافر و موئمین و فاسیق و بیدعەچی و شتی ترن. یەکێك لە هەڵەکانی دەسەڵاتی کوردیش لە دژی ئەو حزبە ئیسلامیانە، لەباوەش گرتنی گروپێکی سەلەفی توندڕەوە لە رووی فیکری و تێڕوانینی سەردەمەوە، کە ڕەوتی مەدخەلیەتی سەلەفیە، کە لە هەموو وڵاتێك پشتگیری لە دەسەڵاتی گەندەڵ دەکەن تا باڵادەستی بەدەست دەهێنن، وهەموو جۆرە لێپرسینەوەیەك و ئۆپۆزسیۆن بوون و ڕەخنەگرتن وخۆپیشاندانێک بە حەڕام دەزانن وبە دژی بنەماکانی ئەهلی سونە وجەماعەی دەزانن!
ئەو ئیسلامی سیاسیە و سەلەفیە حکومیە بە شێوەیەکی ویستە و نەویستە دەبنە هۆکارێك بۆ توندڕەوی و بڵاوکردنەوەی توندوتیژی لەفزی و جەستەیی و بیری توندڕەوی. ئەگەر بەراوردێك بکەین لە نێوان پێش وپاشی دروست بوونی ئەو حزبە ئیسلامیانە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا، بە ڕوونی هەست بە بوونی توندڕهوىەکی زۆر دەکەیت لە دوای دروست بوونیان. کە تۆ خەڵکت بەس خەریك کرد بە دەقە دینیەکان و وەعزی دینی، کردنی دین بە پێوەر بۆ هەموو کار و چالاکیەکی گەورە و بچوکی کۆمەڵ، هەتا چوونە ئاودەستیشت بەبێ دوعای چونە ئاودەست نەبوارد! لە هەمووی ترسناکتر بڵاوکردنەوەی دید و پرنسیپەکانی ولاء وبراء [سەرپێبوون و بێ بەریبوون] بێگومان خەڵكانیك کە هیچ سەرچاوەیەکی تری فەرهەنگی شك نابەن، وبەردەوام بۆردومان دەکرێن بەو وتارە ئیسلامیانە، دەبیتە هەڵگری دیدێکی بەرتەسك و توندڕەوانە بۆ ژیان! بەڕای من ئەگەر ئەو حزبە ئیسلامیانە زیاتر وەك پرۆژەیەکی خێرخوازی و وەك هێزێکی کۆمەڵایەتی کاریان کردبا بۆ بڵاوکردنەوەی بەها باڵاکانی دین وەك خۆشەویستی نیشتیمان، دژایەتی گەندەڵی ودزی وتاڵان، نەخواردنی حەڕام و چاکبوون لەگەل کەس وکار وهاوسێکانت، وەك گروپێکی فشاری مەدەنی وکۆمەڵایەتی کاریان کردبا باشتر ئەنجامی پۆزەتیڤیان دەبوو.
هەر لە سەروبەندی ئەو بە سیاسی کردنەی ئیسلام ژمارهیهك بانگخواز پهیدابوون بهردهوام ژههر دهڕژێننه كۆمهڵگه و خهڵك بۆ هانی توندوتیژى لەفزی وڕەفتاری وجەستەییش دهدهن. مەلا و بانگخوازە توندڕەو و شەڕانگێژەكان، لە ڕێگای وتارە پڕ جوێن و هەڕەشە و سوك باسكردنی ئەم و ئەوی موخالیف، توانیویانە نەوەیەكی عاتیفی بێ مستەوا و دەمشڕ و هەڕەشەكەری وا دروست بكەن، هەر یەكێكیان بۆ خۆی مەشروعی داعشێكە، ئەگەر لەو ڕێگایە بەردەوام بن، كە ئەو تەرزە مەلا و بانگخوازە شەڕانگێژانە پێیان گرتوون! سەیر لەوەدایە چونكە بازاڕی ئەو فەرهەنگە دینیە عاتیفیەی سەدەكانی ناوەڕاست گەرمە، هەر ڕۆژەی مەلایەك و بانگخوازێكی لەوانەی پێشە خۆی دەمشڕتر و زمان پیستر دەردەكەوێت. ڕۆژانە گرتە ڤیدیۆكانیان لە سایتەكان و لە تۆڕی فەیسبوك و تویتەر دەبینین کە ژەهر دەڕژێننە ناو کایەکانی کۆمەڵگاوە، بێگومان ئەو جۆرە وتارانە توندوتیژی دەچنێتەوە، کەتۆ گووتت ئافرەتی بێ سەرپۆش کافرە، ئارەق خۆر کافرە، نوێژنەکەر کافرە، ئەشعەری کافرە، شافیعی کافرە، شیعە کافرە، یەزیدی کافرە، مەسیحی کافرە، هتد… چۆن خەڵک دووچاری توندوتیژی نابێتەوە؟! کەتۆ گووتت ئەوەی نایەتە نوێژی جەماعەت موستەهەقە ماڵی بسوتێنرێت، بێ ڕەچاوکردنی جیاوازی کۆمەڵگای ئاسایی و لادێی و سەرەتایی سەردەمی پێغەمبەر [د.خ] و کۆمەڵگای شارنشین و هاوچەرخ وپڕ گرێ وگۆڵی ئەو سەردەمە! بێگومان ئەو جۆرە تێنەگەیشتنە و ئیستیعاب نەکردنی گۆڕانکاریەکان، ئەو تێڕوانینە تەسک و تەنگ و پڕ توندوتیژیەی لێ دەکەوێتەوە. ئەو حالەتە دەبێت بە یاسایەکی تووند ولە ژێر چاودێری کەسانێکی دڵسۆز وپسپۆر لە وتاری دینی کۆنترۆڵ بکرێت، نەك ئەوقافێکی وا سارد وسڕ، کە کەس نازانێت کاری چیە! دەبێت سزای زۆر توند دەرکەن بۆ داخستنی دەمی وتاربێژە توندڕەوەکان. ئەگەر هەرجاری هەڵەیەکی گەورەی کرد شەش مانگ قەدەغەت کرد لە وتاردان لە جاری یەکەم، جاری دووەم بۆت کردە ساڵێك، لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی کە جاری سێیەم بە تەواوی ڕوخسەتی وتاربێژی لێ دەسێنرێتەوە، با جارێکیتر بوێرێت وابکات، بەڵام کە ئەو دەسەڵاتی چاودێری دینی و کایەی ڕەخنەی گشتی وا سارد وسڕ وبی کەڵك دەبینیت، بۆیە ئەویش وتار بۆ وتار زیادەڕەوی دەکات، کەی ڕوویداوە دوو سێ وتاربێژ لەناو پایتەختی کوردستان هەولێر بە ئاشکرا و ڕۆژی ڕووناك داوا لە خەڵك کەن بچێتە ناو داعش، وبە ئاشکرا بڵێن ئەوان هەقن، تەنها ناوی داعش ناهێنن، مانای ئەوە نیە باسی شتێکی تر دەکەن!
ماوەیەکە زۆربەی وتارەکانم تەرخان کردوە بۆ ڕەخنەگرتن لە بیروبۆچونە توندوتیژەکانی مەلا و بانگخوازانی توندڕەو، کە بەڕای من وتارەکانیان مەترسیەکی گەورە دروست دەکەن لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگای کوردستان. ئەو وتارانە لە هەر وڵاتێکی تریش بێت هەمان مەترسی دروست دەکەن، بەڵام لە کوردستان مەترسی زیاترە لەبەر نەبوونی سەربەخۆیی، وبە دوژمن تەنراوی چواردەورەمان، بۆیە هەر لاوازکردنێکی ڕیزی نیشتیمانی، نانەوەی هەر پشێویەک لە نێو کۆمەڵگا بە زیانی میللەتی کورد دەگەڕێتەوە، بڵاوکردنەوەی هەر بیروفیکرەیەکی توندڕەو نامۆ بە پرنسیپەکانی دیموکراتیەت و مافەکانی مرۆڤ زیانێکی گەورە بە کوردستان دەگەیەنێت.
کاتێ مهلا عبدالصمدی سهرپهرشتیاری مهلبهندی بزوتنهوهی ئیسلامی لهههولێر وا بە ئاشکرا باسی دوو ڕیزی ئیسلام و کوفر دەکاتن لە شارەکانی عێڕاق و کوردستان، و کە ڕیزی کوفر وئیمانە، بە ئاشکرا ئاماژە بۆ ڕیزی داعش دەکات، کە لەسەر هەقن، وداوا لە کچ و کوڕانیش دەکات بەبێ پرسکردن بە دایك وباوکیان بچنە ڕیزی جیهادی داعش، و دەسەڵاتی کوردستانیش بە کوفر دەزانێت، ئەو عەقڵ بۆگەنە فاشستە بە ئاشکرا دەڵێت: کوشتنی هەموو عالەمیش لە پێناو لا اله الا الله موستەهەقە وپاکانە بۆ کراوە! نازانم بۆ لای ئەو توندڕەوانە خوا بۆ وا بچووکە لە ئیسلامدا! کە بەس لە پێناو پەرستنی ئەو خوێنی هەموو بەندە لاواز وهەژارەکانی حەڵاڵ دەکات بەدەستی قەسابەکانی بەناوی خوا!؟
کاتێ عەبدەلواحید ئەو ڕوئیا توندوتیژانەی دەخاتە ڕوو لە دژی خەڵکانێکی عەلمانی و یەزیدی ومەسیحیەکانی و غەیری ئەوانیش بە ئاشکرا بێگومان زیان لە ڕیزی کورد دەدات بەرامبەر دوژمن! دەسەڵاتی کوردی تەنها شانازیەکی هەبێت لە جیهاندا ئەو لێبوردەییە بەرامبەر فرە نەتەوەو فرە ئاینەکان، عبدالواحید دەیەوێت وەك وڵاتانیتر بێت دژی غەیرە موسڵمان بێت بە ڕیوایەتگەلێك، کە داعشیش پشت بەو ڕیوایەتانە دەبەستێت بۆ ئەنجامدانی تاوانەکانی.
ئەو سووک سەیرکردنی ئافرەت بە جۆرەها تەکنیکی دینی، کاتێ هانی باوکەکان دەدات کچانیان لە قوتابخانە دەرکەن وزوو بیاندەن بە شوو، وەك دایك وداپیرەکانیان، کاتێك داوا دەکات لە باوکان و پیاوان هەموو ئامرازێکی پێشکەوتووی تەکنۆلۆژی لە کچانیان قەدەغە بکەن لە ئینتەرنێت و مۆبایل و هتد..یانی بە عەقڵیەتی زیندانیکەر مامەڵەی ئافرەتەکانمان بکەین، نەك عەقڵیەتی پەروەردەیی و ڕاستگۆیی ومتمانەی ئاڵوگۆڕ! بێگومان ژیانی زۆر لە کچانمان دەکاتە دۆزەخ بەدەستی باوک و برا و مێردەوە بەو هاندانە.
کاتێ هانی باوکان دەدات بۆ تەنها فێرکردنی عەرەبی بۆ منداڵیان، و قێزەون کردنی فێربوونی زمانی ئینگلیزی، یانی نەوەیەکی نەزان و تەنها شارەزا بەدینێکی تایبەت بەرهەم بهێنین، کوردستان بکەینە شاری قومی موقەدەسە هەمووی ببنە مەلا! ئەوە زیان لە ئایندەی کۆمەڵ ومنداڵەکان دەدات.
کاتێ بەها سەلەفیە دواکەوتوەکان زیندوو دەکاتەوە لە حەڕامکردنی وێنەکێشان و یاری و نیقاب پۆشین و حەڕامکردنی هەموو خۆشیەکی بەری، بێگومان مەترسیە بۆ کۆمەڵگای هاوچەرخ.
کاتێك داوا لە باوکان ودایکان دەکات دانیشن وەك قورئان منداڵانیان فێری وانەی جیهاد وغەزاکانی ئیسلام بکەن، بێگومان نەوەیەکی شەڕانگێژ وتوندوتیژ بەرهەم دەهێنێت.
بێگومان هەر عەبدلواحید نیە لەو مەیدانە، لەویش ترسناکتر هەیە، مەترسیەکەش هێندە لە قسەکان نییە، ئەوەندەی لە ساویلکەیی دینی خەڵکی کوردستانە کە زۆر کوێرانە بە گوێی قسەی مەلا و بانگخوازەکان دەکەن.