شەماڵ عەلی و چاودێرێکی سیاسی لەسەر پرسی مۆڵەت وەرگرتنەوەی حزبی کۆمۆنسیت وەڵامی یەکتر دەدەنەوە
شەماڵ عەلی: حزبی کۆمۆنیست حزبێک نییە بە نیاز بێت وەک دوکانە سیاسیەکان مۆڵەتەکەی بۆ نزیک بوونەوە لە دەسەڵات و وەستان لە ڕیزی گفتوگۆ کاران لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە بۆ ئیمتیازاتی حزبی بۆ خۆی بەکار بهێنێت
چاودێرێکی سیاسی: ئەگەر بڕیارە ئێوە مۆڵەتتان بۆ ئەو سیاسەتە وەرگرتبێتەوە کەتۆ باسی دەکەیت ئەوە دامەبەزن و جانتاکانتان مەکەنەوە چونکە زۆری نامێنێ دەبێ دیسان وڵات جێبهێڵنەوە
نوچەنێت
دوای ئەوەی حزبی کۆمۆنیست مۆڵەتی لە حکومەتی کوردستان وەرگرت، شەماڵ عەلی لە سەرکردایەتی ئەو حزبە، لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک لێدوانێکی دابوو و رایگەیاندبوو، راستە حزبەکەی مۆڵەتی لە حکومەت وەرگرتووە، بەڵام ئەوان مۆڵەتی مانەوە بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی نادەن، نوچەنێت بە پرسی ئەو سەرکردەی کۆمۆنیست کاری لەسەر ئەو لێدوانە کردوو وەک بابەتێکی رۆژنامەوانی بڵاوی کردەوە، دواتریش رای چاودێرێکی سیاسی وەرگرت، کە چاودیرە سیاسیەکەی نوچەنێت لەکاتی لێدوانەکەی ئەوەی وت”نامەوێ ناوم بێت، چونکە من دەزانم ئەوان لەوەڵام دانەوە لە مەنتقی وەڵام دەردەچن” بۆیە بەبێ ناوهێنانی لێدوانەکەیمان بڵاو کردەوە.
دواتر شەماڵ عەلی لەسەرکردایەتی کۆمۆنیست لەسەر لاپەڕەی خۆی و لەفەیسبووک، وەڵامی چاودێرەکەی داوەتەوە، لەهەمان کاتدا وێنەیەکی وەڵامەکەی ناردووەتە لاپەڕەی نوچەنێتیش لە فەیسبووک، لە وەڵامەکەیدا چاودێرە سیاسیەکە بەبێ ئاگاو ناو دەبات و پێی وایە نەچاودێرە و نەسیاسی، چاودێرەسیاسیەکەی نوچەنێت وەڵامی ئەو قسانەی شەماڵ عەلی دەداتەوە و دەڵێت”من ئەوەندە بە کاک شەماڵی کۆمۆنیست دەڵێم، ئەگەر بڕیارە ئێوە مۆڵەتتان بۆ ئەو سیاسەتە وەرگرتبێتەوە کەتۆ باسی دەکەیت، ئەوە دامەبەزن و جانتاکانتان مەکەنەوە، چونکە زۆری نامێنێ دەبێ دیسان وڵات جێبهێڵنەوە”.
لەخوارەوە وەڵامەکەی شەماڵ عەلی بۆ چاو دێرە سیاسیەکەو وەڵامی ئەویش بۆ شەماڵ عەلی بخوێنەوە،
وەڵامی شەماڵ عەلی بۆ چاودێرەسیاسیەکەی نوچەنێت.
سەبارەت بە دێڕیک کە لەفەیس بووک نووسیم سایتی نوچە ئەم هەواڵەی داگرتووە
لە زمانی “چاودێرێکی سیاسیەوە” کە نەیویستووە ناوی خۆی بڵێت هەندێک سەرنجی دەربڕیوە و منیش بەم جۆرە وەڵامی ئەو چاودێرە دەدەمەوە، کە پێم وایە نە چاودێرە و نە سیاسی. ئەم چاودێرە ئەگەر چاودێر بووایە دەبوو پێش خوێندنەوەی ئەو دێڕەی من لەسەر فەیس بوک، چاوێکی بە پلاتفۆرمی پەسەند کراوەی پیلینۆمی هەشتەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستاندا بخشانەیە، کە لە ئازاری ٢٠١١ بەسترا.
لەو پیلینۆمەدا حزب بەم جۆرە لەسەر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی قسە دەکات:
“جهماوهر هاتونهته مهیدان و دهیانهوێ له ڕێگای بهكارخستنی ئیرادهی شۆڕشگێڕانهی خۆیانهوه، دهسهڵاتی كۆنهپهرستانه و ستەمكارانهی ئێستا لهسهر خۆیان وهلابنێن و خۆیان چارهنوسی خۆیان بهدهستهوه بگرن. دهسهڵاتی میلیشیایی و گهندهڵی ئێستای کوردستان لهچاکسازی نایەت…. ههربۆیه ئامانج و ئاسۆی ئهم بزووتنهوه جهماوهریه بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی ههمهلایهنه، ناتوانێ شتێکی تر بێت جگه لەوهلانانی دهسهڵاتی میلیشیایی ئێستا و مسۆگهركردنی مافی هاوڵاتیان بۆ دیاریكردنی سیستهمی سیاسی و حكومهتی ئاینده لهلایهن نوێنهرانی ڕاستهوخۆی خهڵكهوه.” بۆ دیتنی هەموو پلاتفۆرمەکە بڕوانە.
ڕاستە ئەو دێڕەی سەرەوە سەرنجی شەخسی منە، بەو مانایەش کاردانەوەی ڕەسمی حزب نییە بەرانبەر وەرگرتنی مۆڵەت، بەڵام ئەو سەرنجەی من پێچەوانەی هیچ بڕیار و ستراتیجێکی حزب نییە، بەم مانایەش خواستی وەلانانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی تەنها تێڕوانینی شەخسی من نییە، ئەگەر ئەو چاودێرە ئەمەی نەدیوە، پێی وایە حزب یەکەم جارێتی باسی وەلانانی دەسەڵات دەکات بۆیە مۆڵەتی پێدراوە، دەبێ لۆمەی بێ ئاگایی خۆی بکات. ئەگەریش پێی وایە حزبێک کە بە هۆی هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە و قەبوڵ نەکردنی دەسەڵاتی میلیشیایی و خەبات بۆ وەلانانی ئەو دەسەڵاتە و داکۆکی کردنی لە ماف و خواستی جەماوەر بۆ دەرهێنانی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەبن دەستی دوو میلیشیا، ١١ ساڵ لەمەوبەر پەلامار درا و قاچاخ کرا، ئێستا هاتووە پاش ئەو هەموو ساڵە و ئەو هەموو قوربانی دانە مل بۆ دەسەڵاتی میلیشیایی شۆڕ دەکات، دەبێ دووبارە لۆمەی بێ ئاگایی خۆی لە خەتی سیاسی و ناسنامەی حزبی کۆمۆنیست بکات.
حزبی کۆمۆنیست حزبێک نییە بە نیاز بێت وەک دوکانە سیاسیەکان مۆڵەتەکەی بۆ نزیک بوونەوە لە دەسەڵات و وەستان لە ڕیزی گفتوگۆ کاران لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە بۆ ئیمتیازاتی حزبی بۆ خۆی بەکار بهێنێت، ئەگەر چاودێری ناو نەبراو پێی وایە، ئەو مۆڵەتە وا دەکات حزبی کۆمۆنیست چاو بە سیاسەتی خۆیدا بخشینیتەوە، ئەوە هەڵەی کردووە، ئەوە دەسەڵاتە کە سەرەنجام سەرەڕای ئەوەی حزبی کۆمۆنیست مەبەستێتی و ئامانجێتی دەسەڵاتی دوو حزب کۆتایی پێ بهێنێت، وەک هاوڕێ عوسمان مارف دەڵێت، ناچار بووە مۆڵەتی پێ بدات. ئەگەر ئەو “چاودێرە سیاسیە” پێی وایە کە دیموکراسی مۆڵەتی ئەحزاب بۆ ئەوەیە کە حزبەکان ئیتر دەسەڵاتی مەوجوود قەبوڵ بکەن، ئەوە تەنها تێگەیشتنی دواکەوتووانە و دژی دیموکراسی خۆی دەسەلمێنێت، چ دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری هەیە کە بوار بە حزبی لایەنگری خۆی و مل کەچی خۆی نەدات؟ ئەگەر چاودێری ناونەبراو پێی وایە حزبی کۆمۆنیست دوای ئەم مۆڵەتە فێری زمانی دیبلۆماسی دەبێت و دەبێتە حزبێکی دەستەمۆی گوێ ڕایەڵ ئەوە ئیشتیباهی گەورە دەکات، ناسیاسی بوونی خۆی دەسەلمێنیت. سیاسەت بۆ حزبی کۆمۆنیست ڕێگای گۆڕینی بارودۆخی مەوجودە، نەک بەدەستهێنانی مەکسەب و مەنسەب.
وەڵامی چاودێرە سیاسیەکەی نوچەنێت بۆ شەماڵ عەلی.
وەلامێکی کورت بۆ کاک شەماڵی کۆمۆنیست و کۆمیتەی یەکی ئایار.
چاودێرێکی سیاسی
سەرەتا سوپاس بۆ کاک شەماڵ کە داوەتی کردم بۆ بینینی پلاتفۆرمی پەسەند کراوی پیلینۆمی هەشتەمی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەڵام من پێی ئەڵێم سوپاس داوەتەکەت، دڵم نایبات ئەو خواردنەی تۆ دەیدەیتە مێشکم دەستی بۆ ببەم، چونکە حزبێک لە تاراوگەوە خەریکی خیتاب دان بێت، ئەرکی من نیە کارەکانی بخوێنمەوە، من لەسەر ئەرزی واقیع قسە دەکەم نەک لەسەر خەیاڵاتی دوورە وڵات و قسەی دوور لەمەیدان.
سوپاس بۆ نوچەنێت کەبی ئەوەی دەستکاری راکانم بکەن وەک خۆیان دایان نابوو، من نەمویست ناوم بێت، چونکە من ڕۆحی کاک شەماڵەکان دەناسم و دەزانم چەند بلیمەتن بۆ قسەی لابەلاو دوور لە مەنتقی قسە، ئیستاش سوپاس بۆ نوچەنێت کە ویستیان رای من بڵاو بکەنەوە لەگەڵ راکانی کاک شەماڵی کۆمۆنیست.
بەکورتی من بەکاک شەماڵ دەڵێم، ئەرکی من نییە قسە لەسەر مەنهەجی حزبی تۆ بکەم تا بزانم لە دەمەتەقێ یان پلنێوم و نازانم چی و چی نێوان خۆتان چی دەڵێن، من باسی مەنتقی سیاسەت دەکەم، رەنگە بە پێوەری مەنتقی سیاسەت، حزبەکەی ئێوە ئەسڵەن لای دابێت لەسیاسەت کردن، بۆیە کاری من نییە خۆم ماندو بکەم بەیاننامەو راگەیەنراوی حزبتان بخوێنمەوە، ئەرکی منە هەڵسوکەوت و هەستکردن بە مەسئولیەتی تاکە سیاسییەکانیتان بخوێنمەوە، بزانم تاچەند لێزانن لەسیاسەت، کە بەڕای من زۆرتان ماوە، من داخم ئەوەیە کە ئێوە بۆ ماوەیەکە لەدەرەوەی وڵاتن و بەڵام بەهەمان ئەو عەقڵیەتە ئەدوێن کە تووش بەو رۆژەی کردن، دوای ١١ ساڵ دەست بەخەبات بکەنەوە، ئەشزانم ئەو قسانەی کە ئێستا دەیکەن بی ئامانج نییە، بەڵام بەداخەوە رێگایەکی ناسیاسیە، هاوڕێ تۆ و ئەوانی وەک تۆ ئەدوێن، ئەتانەوێ غیابی خۆتان بەم قسە توندانە پەردەپۆش بکەن، کە ١١ ساڵە لەنێو خۆشییەکانی ئەوروپان و شوێنکەوتوانتان خستۆتە بەر ڕەحمەتی ئەوانەی ئێوە لێیان هەڵهاتوون، بەڕاست کاکی سیاسی و سەرکردەی کۆمۆنیست، من سیاسی نیم، بەڵام بەتۆ دەڵێن سیاسی لە ئەوروپاوە واعیز بدەیت و بشتەوێ کاری رێکخستن لە کوردستان بکەیت.
تۆ لەسوید دەژیت ئەزانی کە ناتوانێ بەراوردی سوید کە بەڕێزت لێی دەژیت، بە دانیمارکی دراوسێت بکەیت، چونکە هەر وڵاتەو یاساو ڕێسای خۆی هەیە، بۆیە بۆشت نیە بەراوردی کوردستان و ئەوروپا بکەیت و بڵێی حزب پێویستی بەوە نیە مۆڵەت وەربگرێت، ئەوە یاسایەو لەکوردستان جێ بەجێدەکرێت ئەگەر پێت قبوڵ نیە ئەتتانوانی مۆڵەت وەرنەگرن و بچنە سەر قولەی قاف و نەیەنە خوارەوە. بەڵام نەتتان کرد؟؟،
ئەزانی هاوڕێ من ئەگەر شتێکم پێ قبوڵ نەبێت نایکەم، ئەی چۆنە ئێوە مۆڵەتی ئەم حکومەتەتان پێ قبوڵ نیەو وەریشی دەگرن، ئاخر ئەوە تەنها دەچێتە گیرفانی ئەو کەسانەی کە ١١ ساڵە لەو دوورەوە رابەرایەتی ئێوەیان قبوڵە، ئەگەر نا خەڵکی واقیعی پێکەنینی بەوەها قسەیەک دێت، دەزانێ چی شیعار گەلێکی سواون، من داوام لەئێوە نەکردوە مەنسەب و مەکسەب وەربگرن، چونکە دڵنیام نایبنن و هەرگیز بەڕێگای دیموکراسیەت ناتوانن کورسیەک بەدەست بهێنن، بەڵام من داوای واقیع بینی سیاسیم لەبەڕێزتان کرد بۆ خوێنەرانی ئەو سایتەو لەسەر خواستی سایتەکە لێدوانێکم داوە، کە بۆم رونکردونەتەوە بزانن ئەمە چی تەناقوزێکە، سەرکردایەتیەک مۆڵەت وەربگرێت و تکای مانەوە بکات لە حکومەتی کوردستان، بەڵام ئەندامەکانی سەرکردایەتیەکە بڵێن پێویستمان بەمۆڵەت نیە سەیرە!!!!! من باسی ئەم سەیرو سەمەرەم کردووە، ئەگەرنا من حکومەت نیم تا بڵێم ئێوەش وەرن لەبەر ئەوەی زۆر کاریگەرن، با کۆبونەوەی پێنج قۆڵی بکەینە کۆبونەوەی شەش قۆڵی.
دواکەوتوی نەزاندویی ئەم سەرکردەی کۆمۆنیست ئەوەیە، کە پێی وایە ئەوان لە بزوتنەوەی گۆڕان و حزبە ئیسلامییەکان کاریگەرتر دەردەکەونەوە، کە ئێستا لەپێناو ئارامی کوردستاندا ڕێگای حیواریان گرتۆتە بەر، بەڵام من ئەوەندە بە کاک شەماڵی کۆمۆنیست دەڵێم، ئەگەر بڕیارە ئێوە مۆڵەتتان بۆ ئەو سیاسەتە وەرگرتبێتەوە کەتۆ باسی دەکەیت، ئەوە دامەبەزن و جانتاکانتان مەکەنەوە، چونکە زۆری نامێنێ دەبێ دیسان وڵات جێبهێڵنەوە و تەنها کارێک کە بەئێوە بکرێت، ئەوەیە کە کۆمەڵێ خەڵکی داماوی تر بەكێشەو ناڕەحەتی بگەیەنن و خۆتان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرچنەوە بۆ ئەوروپاو لەوێوە باسی سیاسەت بکەنەوە.
خۆزگە تۆ لەسویدی فێر دەبوی، کە پارتی سۆسیال دیموکرات لەوێ چۆن تەسەروف دەکەن و پارتی چەپ چۆن؟ ئەوکات دەتزانی، کە لەهەموو دنیادا چەپی عەقڵ کۆن، کاتی نەماوەو چەپی مۆدیرن لەبیرکردنەوەو گونجاوی لەگەڵ سەردەم هاتۆتە مەیدان، چەپێک کە موعارەزەیەکی عاقڵانی سیستەمی سەرمایەداریە، وەک ئەوەی سۆسیال دیموکرات و چەپی سوید بەرانبەر مۆدێرات دەیکەن.
بەکورتی من ئەم پرسیارانەم کردبوو لەو بەڕێزت کاک شەماڵ، ئایا ئێوە دەتانەوێ لەکوردستان کار بکەن؟ ئەگەر دەتانەوێ لەوێ یاسا هەیە. ئایا حساب بۆ یاسای مۆڵەت دان ناکەن وەک تۆ رایگەیاندووە؟ ئەگەر نایکەن بۆچی ٣ ساڵ چاوەڕوانتان کرد، تا مۆڵەتتان پێدەدەن، لەکاتێکدا بەپێی یاسا ماوەیەکی دیار کراو هەیە، ئەگەر وەڵامت نەدرێتەوە لەو ماوەدا تۆماتیکیەن مۆڵەت دراوی، بەڵام ئێوە ئەو ماوەش بەسەرچوو نەتانتوانی یەک بارەگا دابنێن، کەوایە راست نیەو حساب زۆریش بۆ یاسا دەکەن نەک کەم و هەموو ئەو قسانەتان چەواشاکاری و شیعاراتە، بەڵام سیاستەکردن نیە چونکە خۆتان دەزانن سیاسەتی چەواشە مەودا کورتە وەک ئەوەی ئابەو قسانە ئێوە لە فەترەیەکی موعەیەندا توشی گرفت بوون و نەیانهێشت چالاکی بکەن.
سەرکەوتوبێت هاوڕێی کۆمێتەی یەکی ئایارو سەرکردەی گەنجی کۆمۆنیست.
بەتکا ئەم وەڵامەم بۆ کاک شەماڵەکانی کۆمۆنیستە، نەک هەموو سەرکردەکانی ئەو حزبە، چونکە خەڵکی واقیع بین و بەڕێزیشیان تیایە.