نوچەنێت: تایبەت
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، لە پەرلەمانی كوردستان لە بارەی هەوڵی كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكانەوە رایگەیاند، ئەوان لە دژی هەوڵێكی لەو شێوەیەن، وتیشی: “من لەگەڵ ئەوەم كە پێكهاتەكانی كوردستان لە سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم دا شوێنی شایستەی خۆیان هەبێت”.
ئەبو بەكر هەڵەدنی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت رایگەیاند، ئەوان لە دژی ئەو هەوڵانەن كە ببێتە هۆی كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكان لە پەڕلەمانی كوردستان، چونكە وەك ئەو وتی: “یەكێك لە سیما جوانەكانی كۆمەڵگەی كوردستان، ئەو پێكەوە ژیانەیە كە لەكوردستاندا هەیە و ئەوە بوونی سومعەی دیموكراسی هەرێمی كوردستانی گەشەدار كردووە”.
هەڵەدنی وتیشی: “بەداخەوە مەسەلەی كۆتاكان بەشێكە لەو ململانێ حیزبی و سیاسییەی كە لەكوردستان هەیە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین كۆتاكان سەربەخۆ بڕیاری سیاسیان هەبێت و مەكانەتیان پارێزراو بێت، ئەوانە هیچ هێزێكی سیاسی منەتیان پێ ناكات كە رێژەیەك لە كورسیان بۆ دانراوە، چونكە ئەوانە خەڵكی رەسەنی ئەم وڵاتەن و بەهەزاران ساڵە لەگەڵ گەلی كورد پێكەوە دەژین، مێژوو و قوربانیەكانمان هاوبەش بووە لەرابردودا، لەداهاتوویشدا لە پێكەوەنانی ئەم وڵاتەدا دەبێت بەهاوبەشی بەڕێوەی بەرین، بۆیە دەبێت مافەكانی ئەوان پارێزراو بێت هەم لە ئێستا و هەم لە دەستوری داهاتوودا”.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بەوەدا، كە پێویستە ئەو پێكهاتانە نەچنە ژێر ركێفی هیچ لایەنێكی سیاسی و بڕیاری سیاسی خۆیان، سەربەخۆیانە بدەن، چونكە وەك ئەو وتی: “ئەوانە خۆیان خاوەنی ئیرادەی خۆیانن، خۆیان خەڵكی ئەم وڵاتەن”، وتیشی: “من لەگەڵ ئەوەم كە پێكهاتەكانی كوردستان لە جومگە سەرەكییەكانی بەڕێوەبردن دا لە سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم دا شوێنی شایستەی خۆیان هەبێت، بۆ نموونە جیگرێكی سەرۆكی حكومەت یاخود جێگرێكی سەرۆكی هەرێم یان جێگرێكی سەرۆكی پەرلەمانیان پێ بدریت و دڵیان خۆش بكەین، كە ئەمە كاریگەری لەسەر پێكهاتەكانی ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی هەرێمیش دەبێت”.