نوچەنێت: تایبەت
سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی، لە پەڕلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە شاندكەیان وتووە، هەوڵێكی مەترسیدار هەیە بۆ دابەشكردنی كۆتاكان، وتیشی: “ئەگەر هەوڵی كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكان جێبەجێ بكرێت، بایكۆتی پەڕلەمانی كوردستان دەكەین و هەموو كونسوڵخانەكانی ئەوروپا و توركیا و ئەمریكا ئاگادار دەكەینەوە”.
ئایدن مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەڕلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت، ئەو هەوڵەی ئاشكرا كرد، كە لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ دابەش كردنی كۆتاكان دەیدەن و بە كارێكی مەترسیداریشی زانی، ئایدن مەعروف وتی: “ئێمە لەكۆبونەوەیشمان لەگەڵ وەفدی پارتی باسمان لەوەكرد، كە شتێك هەیە بۆ دابەشكردنی كۆتاكان كەئەمەش شتێكی زۆخەتەرە، كە بەم شێوەیە كۆتا لە نێوان لایەنەكان دابەش دەكەن، دوو بۆ پارتی و دوو بۆ یەكێتی و یەك بۆ گۆڕان كە ئەمەش زۆر زۆر ترسناكە بۆ سیستەمی هەریمی كوردستان و سیستەمی دیموكراسیەتیش، ئەمە لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش روودا كە پارتی توركمانێكی پارتی و یەكێتی مەسیحێكی یەكیتی دانا، بۆیە ئەگەر هاتوو شتێكی وا روویدایەوە و سلبیاتی بۆ پێكهاتەكان هەبوو، ئەوكاتە قبوڵی ناكەین و رێگەی پێنادەین”.
ئایدن مەعروف وتیشی: “تا ئێستا هیچ لایەنێكی سیاسی لە بارەی كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكان، بەڕەسمی مەوقیفی دیار نییە، بەڵام پێنج لایەنە سیاسییەكە و بەتایبەتی پارتی و یەكێتی و گۆڕان، زۆرباسی دەكەن، یەك دەڵێت قبوڵی ناكەین و یەك دەڵێت بەم شێوەیە بێت و یەكێك دەڵێت بەوشێوە نابێت، ئەمانەیش هەمووی موزایدەی سیاسیین لەسەر ئەم پیكهاتانە دەكرێت، بەڵام ئێمە وەك توركمان نامانەوێت ببینە تەرەف لەناو ئەو موعادەلاتە سیاسییەی نێوان ئەو لایەنانە و حەزیش ناكەین هیچ لایەنێكی سیاسی خۆی بەخاوەنی ئێمە بزانێت”.
سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی ئاشكرای كرد، كە ئەو بیرۆكەیە لە لایەن ڕاوێژكارێكی سەرۆكی پەڕلەمانەوە وەك پرۆژەیەك گەڵاڵەكراوە و بە فراكسیۆنەكانیش دراوە، لەو بارەیەوە وتی: “ئەو پرۆژەیە (10) خاڵ لە خۆ دەگرێت، یەكێك لە خاڵەكانیش باسی كۆتا و پێكهاتەكان دەكات، بەڵام ئەو كارە بەبێ راوێژ و وەرگرتنی رەئی پێكهاتەكان، كارێكی باش نابێت بۆ پێكەوە ژیان، بۆیە دەبوایە رەئی پێكهاتەكان وەرگیرابا، بۆیە هەست دەكەین غەدر لە پێكهاتەكان دەكرێت”.
ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەیشدا، كە ئەوان چاوەڕێی ئەوەیان كردووە، چاوێك بە سەنگ پێگەی راستەقینەی پێكهاتەكاندا بخشێنرێتەوە و نوێنەرییان لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ زیاد بكرێت، بەڵام وەك ئەو وتی، ئەو هەوڵە رەنگە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی ئەوانەوە بووە، وتیشی: “ئەگەر تەماشا بكەین لەناوەو دەرەوەی هەرێم كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەعمی هەرێم دەكەن، لەبەر بوونی ئەو پێكهاتانەیە كە لە هەرێمی كوردستان دەژین، وەك كلد و ئاشوری و مەسیحی و ئیزدییەكان، كە كاریگەرێكی ئیجابیان هەیە بۆ دەعم كردنی هەرێمی كوردستان”.
سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی بە دووری زانی هیچ لایەنێك بتوانێت هەوڵی كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكان بدات، بەڵام ئەوەیشی خستەڕوو، ئەگەر ئەو هەوڵە بخرێتە بواری جێبەجێ كردنەوە، ئەوا هەڵوێستی توند و مەدەنیانەیان دەبێت، لە بارەی هەوڵوێستەكەشیانەوە وتی: “ئەگەر هاتوو شتێكی وابوو، ئێمە موقاتەعەی پەرلەمان دەكەین و رَێگای مەدەنی دەگرینەبەر، بەتایبەتی ئاگاداری قونسوڵخانەكانی ئەمەریكا و توركیا و ئەوروپا دەكەینەوە، كە پەیوەستن بەمەلەفی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان”.