نوچه‌نێت: هه‌ولێر
ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان، لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی به ناوی وته‌بێژی ئه‌و حیزبه‌وه بڵاو كردۆته‌وه، تێیدا دژایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ی بۆ ئه‌و هه‌وڵانه ده‌ربڕیوه، كه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی كورسی كۆتاكان ده‌درێت، له ناو په‌ڕله‌مانی كوردستاندا.
ده‌قی لێدوانه‌كه‌ی وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان
گوته‌بێژی پارتیی دیموكراتی كوردستان له سه‌رینی هه‌وڵێك بۆ پێشكه‌شكردنی پرۆژه یاسایه‌ك كه له رێژه‌ی كۆتای نه‌ته‌وه‌كان له په‌رله‌مان كه‌مده‌كاته‌وه و مه‌رجه‌كانی به‌رده‌می قورس ده‌كات ئه‌م لێدوانه‌ی دا:
كۆمه‌ڵگای كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی فره نه‌ته‌وه و ئایین و ئایینزایه. ئه‌م فره‌ییه دروستكراو نییه به‌ڵكو خه‌سڵه‌تێكی ره‌سه‌نی مێژوو كرده كه بۆته مایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی و شانازی و پته‌ویی كۆمه‌ڵگاكه‌مان. خه‌باتی هاوبه‌ش له قۆناغه جیاجیاكاندا و له‌پێناوی مافه ره‌واكانیان له بواری سیاسی و كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌یان داستانی مه‌زنیان له بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستاندا تۆمار كردووه و خوێنی شه‌هیدانی هه‌مووان له یه‌ك سه‌نگه‌ردا و بۆ هه‌مان ئامانج تێكه‌ڵاو بووه.
پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان هه‌موو ئه‌م پێكهاته ره‌سه‌نانه داینه‌مۆی سه‌ركه‌وتن و گه‌شه‌كردنی دیموكراسی و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ره‌وپێشوه‌چوونی هه‌موو كایه‌كانی ژیانی سیاسی و ئابووریمانه و به‌هۆیه‌وه پشتیوانی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ناوه‌نده سیاسی و ئایینییه گه‌وره‌كانی جیهانمان مسۆگه‌ركردووه.
له ئه‌ده‌بیات و هه‌ڵوێست و كرداری پارتیی دیموكراتی كوردستاندا ئه‌و راستییانه‌ی سه‌ره‌وه له هه‌موو قۆناغێكدا ره‌گوریشه‌ی مێژووییان هه‌بووه و سه‌رچاوه‌یان بۆ رێبازی بارزانی نه‌مر ده‌گه‌ڕێته‌وه و تا هه‌نووكه‌یش هه‌موو پارتییه‌كان پابه‌ندن پێیانه‌وه و شێلگیرانه داكۆكیان لێ ده‌كه‌ن.
له‌م قۆناغه‌یشدا (سه‌رۆك بارزانی) رابه‌ری ئه‌م كولتووره‌ی پارتی ده‌كات و سووربوونی به‌ڕێزیان و پارتی له‌سه‌ر مافه‌كانی هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان جێی شایسته و ره‌سه‌نی ئه‌وانی له ژیانی سیاسی و دامه‌زراوه سه‌روه‌رییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا وه‌كوو هه‌قێكی هه‌تاهه‌تایی كردۆته و له یاسای به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراق له قۆناغی ئینتیقالیشدا چه‌سپاند كه بووه بنه‌ما بۆ جێی راسته‌قینه‌یان له ده‌ستووری عێراقدا.
سستمی كۆتا به‌رجه‌سته‌كردنی به‌شداری و مافی ره‌سه‌نی هه‌مووانه له هه‌رێمی كوردستاندا كه پێویسته به‌رده‌وام بیر له هه‌رچی زیاتر پته‌وكردن و چه‌سپاندنی بكه‌ینه‌وه و پرۆژه‌یاسا بۆ زیاد كردنی رێژه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكه‌ین. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌وه به هیچ كلۆجێك و به پاساوی هیچ بیانوویه‌ك نابێ نه ده‌ستی بۆ ببرێ نه رێژه‌كه‌ی كه‌م بكرێته‌وه.
هاوكات سستمی كۆتا به‌ردی بناغه‌ی به‌شداری هه‌مووانه له قۆناغی دوای جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140 و گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم. بۆیه ئێمه له پارتی دیموكراتی كوردستان جگه له خه‌باتی به‌رده‌واممان له پێناوی به‌دیهێنان و چه‌سپاندن و په‌ره‌پێدانی مافه‌كانی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگاكه‌مان، هه‌روه‌ها دووپاتی ئه‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌وان له هیچ قۆناغێكی خه‌باتی رزگاریدا و هه‌نووكه‌یش نه‌سێبه‌ر بوون نه له سێبه‌ردا بوون، ئه‌وان له رووناكیدا خه‌باتیان كردووه و له پێناوی ئه‌م نیشتمانه‌دا قوربانی زۆریان داوه، بۆیه به‌رپه‌رچی هه‌ر گوتارێكی سیاسی ده‌ده‌ینه‌وه كه سووكایه‌تی به رۆڵی ئه‌وان و نوێنه‌ره سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینییه‌كانیان بكات و تۆمه‌تیان بخاته پاڵ.
له عێراقدا له سه‌ر ده‌ستی رژێمه شۆفێنییه‌كان و رێكخراوه تیرۆریسته‌كان و میلیشیا مه‌زهه‌بییه‌كان و دواترینیان داعشی دڕه‌نده‌یه، تاوانی زۆر و غه‌دری گه‌وره له هه‌موو ئه‌و پێكهاتانه كراوه و له شوێنی خۆیان هه‌ڵكێشراون و راگوێزراون، به‌ڵام له كوردستاندا نه‌وای ئارام و ژیانی ئاسووده‌یان دۆزیوه‌ته‌وه، بۆیه ئێمه دژی هه‌ر ره‌فتار و گوفتارێكین یه‌ك په‌ڵه‌ی ناشرین بخاته سه‌ر ئه‌و راستییه رۆشن و تۆماره سپپه.
نه‌ته‌وه‌كانی توركمان و كلد و ئاشووری و سریان و ئایینه‌كانی ئیسلام و مه‌سیحی و ئێزیدی و ئایینزاكانی دیكه له‌م وڵاته‌دا پێكهاته‌ی ڕه‌سه‌نن، كوردستان نیشتمانی هه‌موومانه و پارتیی دیموكراتی كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێژه و ژماره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پێكهاته پڕ شكۆیه ناكات، بۆیه هه‌ر كارێك له هه‌ر ئاست و ناوه‌ندێكه‌وه ببێته هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه و پێكهاتانه، وه‌ك پارتی دژی ده‌وه‌ستینه‌وه.