نوچەنێت: هەولێر
ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی رەتی كردەوە، كە حیزبەكەی لەگەڵ كەمكردنەوەی كورسی كۆتای مەسیحی و توركمانەكان بێت، بەڵام پەرلەمانتارێكی هەمان حیزب، ئاشكرای دەكات كە ئەوان بە مەرج لەگەڵ دەستكاری نەكردنی ئەو كورسیانەی پەڕلەمانی كوردستاندان.
شوان رابەر ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی، بە نوچەنێتی راگەیاند، حیزبەكەی لەگەڵ كەمكردنەوەی كورسی كۆتای مەسیحی و توركمانەكاندا نیە، وتیشی: “فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیش باسیان لەوە نەكردوەو داوایان نەكردوە كەكورسی پێكهاتەكانی توركمان و مەسیحی و ئەرمەن لە پەرلەمانی كوردستان كەم بكرێتەوە”.
بە بڕوای ئەو وروژاندنی ئەم پرسە لە ئێستادا پەیوەندی بەو دۆخە سیاسییەوە هەیە، كە حیزبە سیاسییەكان پێیدا تێدەپەڕن، وەك ئەو وتی: “لەوانەیە ئەم مەسەلەیە لەبەر ئەوە وروژێنرابێت بۆ ئەوەی لەو هەلومەرجە ناهەموارەدا ئەو پێكهاتانە هانبدرێن لە نێوان پەرلەمان كە لەگەڵ ئەو چوار لایەنانەدا نەبن بۆ ئەوەی كۆبونەوەكانی پەرلەمان تەواو نەبن“.
لەلایەكی ترەوە سەبارەت بە هەمان بابەت شوكریە شێخانی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكدا بۆ نوچەنێت ئاشكرای كرد، كە بۆ دەستكاری نەكردنی كۆتای مەسیحی و توركمانەكان ئەوان دوو مەرجیان هەیە، كە یەكەمیان بە گوێرەی قەبارەی خۆیان بێت و دووهەمیشان ئەوانەی دەبنە ئەندامی پەڕلەمان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن.
وتیشی:ئەم پێكهاتانە مافی خۆیانە دەنگ و رەنگیان لە پەرلەمان و پیگەكانی تری دەسەڵات هەبێت و بەشداربن.