سێ (ره‌فیق) ناو له‌ مێژووى كورد جاسوس بوون؟

0

 نوچه‌ نێت، فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل


354238_920

دروستكردنى تۆمه‌تى جاسوسى، بۆ هه‌ر كه‌سێك ئه‌سته‌مه‌، به‌ڵگه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ى زۆرى ده‌وێ. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش نا، به‌ڵكو هه‌ر كه‌سێك له‌ بارودۆخێكى تایبه‌ت و له‌مێژووییه‌ك ژیاوه‌. پێویسته‌ ره‌چاوى بارودۆخ و سه‌رده‌مه‌كه‌ى خۆى بكه‌ین. ئینجا بزانین ئایا ئه‌و كه‌سه‌ جاسوس بووه‌ یان نا؟ یان جاسوسیه‌كه‌ى چ زیانى بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ى هه‌بووه‌. نیازى له‌جاسوسییه‌كه‌ چى بووه‌؟
له‌ ساڵى 2010 كاتێك زنجیره‌ به‌دواداچوونێكم له‌باره‌ى جاسووسیه‌وه‌، له‌ گۆڤارى سڤیل بڵاوكرایه‌وه‌ و دواتریش وه‌ك كتێب چاپكرا. زۆر سه‌ره‌داوم ده‌ست كه‌وت له‌سه‌ر زۆر بابه‌تى گرنگ به‌ڵام ده‌ستنه‌كه‌وتنى زانیاریى و دواتریش (ترسان) وایكرد له‌هه‌ندێك بابه‌ت سڵ بكه‌مه‌وه‌. به‌ڕاشكاوى ده‌ڵێم ترسان، چونكه‌ هه‌ندێك له‌و كاره‌كته‌رانه‌ى ده‌بوایه‌ كاریان له‌سه‌ر بكه‌م له‌ژیان ماون و یانیش كه‌سانى نزیك له‌خۆیان ماون. به‌هه‌ر حاڵ كتێبه‌كه‌م به‌ناوى ” دیواره‌كانیش گوێچكه‌یان هه‌یه‌: كورد له‌داوى جاسووسه‌كانى دونیابوو” ئه‌مه‌ ده‌كرێت له‌رۆژگارێكى دیكه‌ كارى له‌سه‌ر بكه‌مه‌وه‌. یان كه‌سێكى دیكه‌ ته‌واوى بكات!.
به‌ڵام شتێك له‌وانه‌ زۆر سه‌رنجى راكێشام و رێكه‌وتێكى سه‌یر بوو، له‌سێ قۆناغى جیاجیا، سێ كه‌س به‌ جاسوسى تۆمه‌تبار كراون. هه‌ر یه‌كه‌یان به‌پله‌ى جیا و به‌ رۆشنبیرى جیا و كه‌سایه‌تیشیان له‌یه‌كتر جیاواز بوو. به‌ڵام هه‌ر سێكیان ناویان (ره‌فیق ) بوو. یه‌كه‌میان رۆشنبیرى كورد (ره‌فیق حیلمى)، ئه‌وى دیكه‌ هونه‌رمه‌ند(ره‌فیق چاڵاك) و ئه‌ویتریشیان له‌ ژیان ماوه‌ (ره‌فیق پشده‌رى).
با زوو ئه‌وه‌ى ره‌فیق پشده‌رى لێره‌دا له‌كۆڵ خۆمان بكه‌ینه‌وه‌. چونكه‌ تا ئێستا له‌ژیان ماوه‌ و خۆشى هه‌موو شته‌كانى له‌ شه‌ش به‌رگ یاداشت نووسیوه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ى ره‌فیق پشده‌رى من ته‌نها یه‌ك دوو به‌شم خوێندۆته‌وه‌ و تێبنیشم له‌سه‌ر هه‌یه‌. كه‌خۆشى هه‌مووى گێڕاوه‌ته‌وه‌ پێویستىناكات، ئێمه‌ له‌سه‌رى بڕۆین و خۆى باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ رژێمى به‌عس چۆن بووه‌!.
ره‌حمه‌تیش ره‌فیق حیلمى تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ دروست ده‌كرا، گوایه‌ جاسوسى ئینگلیز بووه‌. ئه‌م تۆمه‌ته‌ شتێكى شاره‌وه‌ نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت كاتى خۆى له‌ گۆڤارى ره‌نگینى سه‌رده‌مى به‌عس پرسیاره‌كه‌ رووبه‌رووى دكتۆره‌ ناهیده‌ خانى كچى كراوه‌!
ئه‌وه‌ى مایه‌وه‌ ره‌فیق چالاكه‌. هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو ره‌فیق چالاكیش تۆمه‌تى جاسووسى له‌سه‌ر بووه‌ گوایه‌ په‌یوه‌ندى به‌ رژێمى مه‌له‌كى عێراقه‌وه‌ هه‌بووه‌. بۆ ئه‌مه‌یان سێ كه‌سى دیارى كورد و عێراق تۆمه‌تبارى ده‌كه‌ن. یه‌كه‌میان برایم ئه‌حمه‌ده‌ له‌دواین دیمانه‌كانى ژیانى ده‌ڵێ” جارێك به‌ راپۆرتى ره‌فیق چالاك گیراوم” دووه‌م ” هه‌ژارى موكریانییه‌” ئه‌ویش باسى ده‌كات و سێیه‌میش شاعیرى گه‌وره‌ى عێراقى” به‌در شاكر سه‌یابه‌” له‌كتێبى” من شیوعى بووم” باسى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ره‌فیق چالاك كاتێك شیوعى بووه‌ دواتر ده‌ستگیركراوه‌ و ئیعترافى له‌سه‌ر هاوڕێیانى خۆى كردووه‌. دواى ئه‌مانه‌ كتێبێكى دیكه‌م ده‌ستكه‌وت كه‌ ئه‌رشیفى حزبى شیوعییه‌ له‌ دائیره‌ى جینایه‌تى سه‌رده‌مى مه‌له‌كى. ئه‌م دائیره‌یه‌ كارى وه‌ك دائیره‌ى ئه‌من بووه‌. له‌وێ له‌و كتێبه‌ى حزبى شیوعى كه‌ به‌مدواییانه‌ چاپكراوه‌. ده‌قى ئیعترافه‌كه‌ى ره‌فیق چاڵاك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. كه‌ له‌ده‌رفه‌تێكى نزیك ته‌رجه‌مه‌ى ده‌كه‌م. ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌و جاسوس بووه‌ به‌ڵكو ده‌ستگیركراوه‌، ئیعترافى كردووه‌.
بۆ مێژوونووسان گرنگه‌ ئه‌و زانیارییانه‌یان له‌به‌رچاو بێت و به‌دواداچوونى بۆ بكه‌ن. به‌ڵام بۆمن رێكه‌وتى ناوه‌كان شتێكى سه‌یر بوو، یه‌كێكیش ده‌بێت له‌شته‌ سه‌یره‌كانى مێژووى كورد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com