هویهاکەی سلێمانی تکامان لێ دەکات، هۆشداریمان پێ دەدات

0

ئاشنا عومەر
ئەوەی لەسلێمانی لەم رۆژانەدا بەرانبەر بەژنێک کرا، هەرەسهێنانی جارێکی تری ئینسانیەت بوو لەم وڵاتەدا، زڕاندنی خەونی ئەوانە بوو، کەپێیان وابوو، کرانەوە لەوڵاتدا ڕوویداوە، شکاندنی شانازی ئەوانەبوو، کەتەنها بۆ راگرتنی شارچێتی فەزڵی شارێکیان دەدا بەسەر شارێکی تردا.

دوێنێ لەسلێمانی لەبەرچاوی هەموومان، هویها لەژنێک کرا، کەسایەتی تیرۆرکرا، غروری ئینسانبوونی شکێنرا، تەنها بۆ ئەوەی دەستی بۆ سادەترین مافی ئینسانبوونی خۆی بردووە، کە لەبەرکردنی جلێکە بەویستی خۆی.

لەدوای ئەوەی کەروویدا، خەڵک زۆر بەدەنگ هات، بەڵام کەس نەیپرسی، کێ بوون ئەوانەی هویهایان دەکرد، بۆچی دەیانکرد؟
من پێموایە ئەوانەی هویهایان لەژنێک دەکرد، قوربانین، گۆشکراوی پەروەردەیەکن، کەشار دەکاتە جەنگەڵ و پیاو دەکاتە بکوژ و ژن دەکاتە قوربانی، و کۆی هەموویان لەئینسانیەت دا ئەماڵێ.

راستە لەرابردوودا زیاتر لەهویها، لەبازاڕەکانی کوردستاندا ژن دەکوژرا، تێزاب بەقاچ و دەستی رووت و روخساری رازاوەی هەر ژنێکدا دەکرا، کەدەستی بەجوانی خۆیدا دەهێنا، بەڵام تائاستێکی باش حکومەت سنوری بۆ ئەوە دانابوو، و ئەو دیاردە قیزەونە کەم ببووەوە.

بەڵام هویهاکردنەکەی سلێمانی لەژنێک، پێمان دەڵێت، دوای چەند ساڵێک نەمانی ئاسەواری ئەو پەروەردە دژە مرۆڤایەتیەی کەباسمانکرد، ئێستا جارێکی تر، یەخەی کۆمەڵگەی گرتووە و جێی خۆی گرتووە، گەشتۆتەوە بەرۆحی کۆمەڵگەو کۆمەڵی کوردەواری خراپتر لەجاران داڕزاندووە.

داوامان لێ دەکات، هەموومان لەناو گێژبونەکانمان بەشەڕی سیاسییەکانەوە، ئاوڕێک لەپەروەردەی کۆمەڵایەتی ئەم وڵاتە بدەینەوە، بەهۆش بێینەوە لەوەی کەپەروەردەو بڕوایەکی خەتەرناک، خەریکە بەڕۆژی رووناک ژن و کەسایەتی ژن تیرۆر دەکات، خەریکە دەگاتە ناو ماڵەکانمان لەبەرچاومان خۆمان و کچ و خوشکەکانمان تێکدەشکێنێ و لەژیان دەیانتۆرێنێ.
منیش روو لەخۆم و هەموو خەڵکێکی ئازادیخواز، رێکخراوەکانی مافی مورۆڤ و کۆمەڵگەی مەدەنی، دەڵێم :
تکایە بەدەنگ هاتن، تکایە پەروەردەکردن، تکایە کارکردن لەسەر فڕێدانی ئەو پەروەردە، تکایە هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەکانی لەم وڵاتەدا کەژن تا ئەمرۆش هەناسەیەکی ئارامی تێدا هەڵنەمژیووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com