نوچە.نێت
ئاشنا عومەر
بەپێی ژمارەی ئەندامانی سەندیکای هونەرمەندان بێ، یان بەپێی ئەو قایمانە بێ کەکاتی خۆی بۆ رێزلێنانی هونەری ریزدەکران، لەکوردستان ژمارەیەکی زۆر هەن کەبەهونەرمەندن حسابکراون، بەڵام دۆخی ئەمرۆی هونەر، شتێکی ترمان پێ دەڵێت.
پێمان دەڵێت، هونەر لەکوردستان لەقەیرانی عەقڵی هونەریدایە، و ئەم وڵاتە هەژارو دەستکورتە لەخەڵکی شارەزا کەتوانای هەبێ هونەرەکەی بگەیەنێتە ئاستێک، کەئەگەر وەک هونەری وڵاتانی پێشكەوتووی دونیاش نەبێ، لەئاستێکدا بێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت.
ئەوە قسەیەکی بێ بنەما نییە، یان خوانەخواست تۆمەت و بەکەم سەیکردنی ئەو بوارە نییە لەلایەن منەوە، بەڵکو فاکت و بەڵگەی زیندوو هەن کە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێ، بۆ نمونە، دەرهێنەرمان هەیە، بەباشترین شێوە شانۆیەک ئامادە دەکات، بەڵام کاتێک نمایشی دەکات، بەژمارەی ئەو کارتە بانگهێشتنامانە بینەر ناچنە هۆڵەکان کەدابەشیکردووە، باشترین هونەرمەندی دەنگبێژمان هەیە، بەڵام ئەلبومەکەی بەچارەکێکی ژمارەی دینارانەی لێ نافرۆشرێت کە لەئەلبومەکەیدا سەرفی کردووە، ئەلبومی موسیک هەر نییە، سینەما بەیەکجاری ماڵئاوایی لەم وڵاتەکردووە، ئەگەر پارە بۆ فیلمێکیش خەرج بکرێت، داهاتەکەی ناکاتە نیوەی ئەوەی کەوەک مافی ماندووبوون دەدرێتە ئەکتەرەکانی، بۆیە فیلمەکانیان هەموو فیلمی میهرەجاناتن، نەک فیلمێک بۆ نمایشی هۆڵی سینەما و فرۆشتنی بلیت.
دەتوانم بەبێ دوو دڵی ئەوە بڵێم ئەوەی ئەو دۆخەی بۆ هونەر خولقاندووە، قەیرانی عەقڵی هونەرییە لەم وڵاتەدا، ئاخر عەقڵی هونەری هەر ئەوەیە نییە بەرهەمی باش بەرهەم بێنێت، بەڵکو عەقڵی هونەری ئەوەیە، میانی نێوان جەماوەرو هونەر دروست بکات، لەهۆکاری دابڕانی نێوانیان پرسیار بکات، سیستەمێک بۆ هونەر دروست بکات و بپرسێ بۆچی لەناو ئەو هەموو گوێگرەی هونەردا، ئەلبومەکان نافرۆشرێن؟ لەناو ئەو هەموو بینەرەی شانۆدا، شانۆکان بێ بینەرن؟ لەناو ئەو هەموو بینەرەی درامادا، فیلمەکانمان بێ نمایشن؟ عەقڵی هونەری ئەوەیە، کە وەڵام بۆ هەموو ئەو پرسانە ئامادە بکات و رێگە چارەش دابنێت.
بەر لەئەمڕۆ زۆربەی شانۆکاران بۆ وەڵامی ئەو رەخنەیەی کەدەوترا، شانۆ لەم وڵاتەدا مردووە، دەیانگوت هۆڵی باشی شانۆمان نییە، سینەماکاران بۆ نەبوونی بینەری سینەما، زۆربوونی کەناڵی تەلەفزیۆنیان بەهۆکار دەزانی، بەڵام ئەمرۆ پڕبوونی هۆڵێکی وەک هۆڵی میدیا لەبینەری بەرنامەیەکی شێوە شانۆیی لە کەناڵێکدا، پێمان دەڵێت، هەموو ئەو قسانە لەئەنجامی نەبوونی لێکۆڵێنەوەو وردبوونەوەیان بووە لەبوارەکەی خۆیان، یان تێنەگەشتنیان بووە لەو ویست و چاوەڕوانیەی بینەر و بیسەری کورد کەلەهونەر هەیەتی.
ئێستا هەموومان دەبینین، بەرنامەیەکی تەرفیهی شێوە شانۆیی لەیەکێک لەکەناڵەکان بەناوی (بەزم ی بەزم) نمایش دەکرێت، بینەری بەشداربووی بەرنامەکە گەشتۆتە ئاستێک لەستۆدیۆکانی ئەو تڤییەدا، یان لەهۆڵە بچوکەکاندا جێگایان نەبێتەوە، بەشێوەیەک سەرپەرشتیاران و ئامادەکارانی ئەو بەرنامەیە، ناچاربن، پێشکەشکردنی بەرنامەکە بگوازنەوە هۆڵی میدیا، کە هۆڵێکی تائاستێک گەورەی شاری هەولێرە، دەرهێنەری ئەو بەرنامەیەش لەدیمانەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردووە، “سهرهڕای نالهباری بارودۆخى ههرێمى كوردستان و داپهینی ئابوورى خهڵك، کەخهڵك تاقهتى ئهوهى نییه به خۆڕاییش تهماشاى شانۆ بكات، بهڵام بلیتی بهزمی بهزم به 10 ههزار دیناره و هۆڵهكان پڕن له بینهر”. من لێرەدا بۆم گرنگ نییە، قسە لەسەر ئاستی هونەری بەرنامەکە بکەم، یان باس لەناوەرۆکی پەردەکانی ئەو بەرنامەیە بکەم، بەڵکو گرنگە لام ئەو بەرنامەیە وێڕای هەرکەموکوڕییەک کەهەیبێ پێمان دەڵێت، شانۆ بێ بینەر نییە لەم وڵاتەدا، خەڵک بێزار نییە لەچونە هۆڵەکانی نواندن، بەڵکو لەنێوان خەڵک و پەیام و شێوازەکانی هونەردا شێوەیەک لەدابڕان هەیە، دابڕانێک کەشانۆ ناکاتە بڵندگۆی ویستەکانی خەڵک و خەڵکیش خۆیان و پێویستییەکانی ناخیان لەشانۆدا نابیننەوە، بۆیە هیچ کام لەنمایشەکانی شانۆ، نابنە ژوانی پێکەوە کۆبونەوەی بینەرو شانۆ، لەبواری موسیکیشدا شێوەیەک لەهونەری میللی هەیە کە تا ئێستاش گوێگری زۆر زیاترە لەهونەری جدی،و سەردەمی،هەموو ئەوانەش پێمان دەڵێت کە بەداخەوە ئێمە قەیرانی عەقڵی هونەریمان هەیە.
بۆیە لێرەوە روو لەدەزگا تایبەتمەندەکانی ئەم بوارە، کۆلیژ و پەیمانگاکان، پێشنیار دەکەم و دەڵێم تکایە لەسەر بنەمای ئەوەی، لەکاتێکدا شانۆکانمان بێ بێنەرن، بەچ رێگەیەک ئامادەکارانی بەرنامەیەک، کەزۆر نزیکە لەشانۆ، دەتوانن هۆڵەکان پڕ بکەن لەبینەری بەرنامەکەیان؟ لەکاتێکدا هونەرو موسیکی سەردەمی، بێ کڕیارن، هۆکار چییە، هونەری میللی (بەند) بیسەرو کڕیارێکی زۆری هەیە؟ بۆچی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی پڕ بینەرە و سینەمامان بێ بینەرە، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بکەن و ئەنجامێکی بەسود بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی عەقڵی هونەریی بەدەست بخەن، کەخزمەتی هونەری ئەم وڵاتە بکات.
لەگەڵ ئەو پێشنیارەش وەک بەرچاو روونی دەڵێم، ئەو کارە بەتاکە شەخس ناکرێت، بەڵکو پێویستی بەدەزگایەک یان چەند دەزگایەک هەیە پێی هەستێت، من بۆخۆم ئەوەندەی لەو بوارە بەدوایدا چوم و لێی وردبومەتەوە، گەشتومەتە ئەو ئەنجامەی پێویستە رێگەیەکی پەیژەیی بۆ هونەری کوردستان دروست بکرێت، بۆ گواستنەوەی جەماوەری ئەو جۆرە هونەرەی باسمان کرد، بۆ ئەو هونەرەی کەمەبەستمانە پێشکەشی بکەین و بەخاوەنی بین، کاتی ئەوەیە واز لەو بیرکردنەوە بهێنین کەپێی وایە کاری هونەرمەند پێشکەشکردنی هونەرە لەئاسمان و ئەرکی جەماوەرە هەوڵ بدات لەزەوییەوە بەرزبێتەوە بۆ ئاسمان تا بەو هونەرە بگات، بەڵکو دەبێت بۆ ئاسانکاری بەیەک گەشتنی هونەرو جەماوەر، هەموو رێگاکان لەیەک بدەین و رێگەیەکی دروست ئاسان بۆ ئەو بەیەک گەیاندنە هەڵبژێرین، یان دروست بکەین.
ئەم بابەتە لە ژمارە 4854 رۆژنامەی خەبات بڵاوکراوەتەوە