نوچەنێت: هەولێر
لە پەیامێكدا كە ئاراستەی ئیسلامییەكانی كردووە، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی داوایان لێدەكات، خۆیان لە گومان و قسەی خراپ بە دوور بگرن و دەڵێت: “جیاوازیی بۆچوونو ئیجتیهادو هەڵوێستی سیاسیی، دەبێ بەشتێكی ئاسایی وەربگیرێو، هەرلایەك ڕێز لە تایبەتمەندییەكانی ئەوی دیكە بگرێ، نەك جیاوازییەكانمان بكەینە پاساوی گومانی بەدو قسەی خراپ”.
هەر لەو پەیامەدا بە بیری ئەندامانی خۆیانی دەهێنێتەوە، كە كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی پرۆژە و كاری هاوبەشیان هەیە، بۆیە ئاگادارییان دەكاتەوە: “نابێ هیچكەس قسەو هەڵوێستێكی پێچەوانەی ئەوەی هەبێ”.
دەقی پەیامەكەی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی
ئیسلامییەكان! خۆتان لەگومانی خراپو قسەی ناڕێك دوور بگرن!
بەبێ پێشەكی دەڵێم:
یـەك:
مرۆڤـی مسوڵمان پێویستە ئەسڵ لەلای بۆ هەڵسو كەوت لەگەڵ مسوڵماناندا، دڵپاكییو گومانی باش بێت، نەك بەپێچەوانەوە: چونكە ئەسڵ لە مرۆڤی مسوڵماندا چاكییە، هەتا بەڵگە لەسەر پێچەوانەكەی دەبێ: (ێێ أَیُّهَا الَّژِینَ ێمَنُوا اجْتَنِبُواْ كَپِیراً مِنَ الڤَّنِّ…) الحجرات -11-، كە بێگومان هۆكاری سەرەكیی قسەو هەڵوێستی خراپ، گومانی خراپە.
دوو:
جگە لەقسەی باشو تەعبیری بەرزو بەنەزاكەت، شایستەی مرۆڤـی مسوڵمان نیە لەگەڵ خەڵكیدا بەگشتیی: (ۆقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنَا…) البقرە -83-، (لیس المۆمن بالگعّان ولا اللعان ولا الفاحش ولا البّژیّ) رواه الترمژی ،1977، وقال: حدیپ حسن..
سـێ:
بەهۆی وشەو تەعبیری ناڕێكو برینداركەرەوە، شەیتانی جندو مرۆڤـ دەرفەتیان دەست دەكەوێ، كە بەینی مسوڵمانان تێك بدەن: (ۆقُلْ لِعِبَادِی ێقُوُلُولوا الَّتِی هِێ أَحْسَنْ إِنَّ الشَّیْگَانَ ێنْزِغُ بَیْنَهُمْ…) الإسراو -53-.
چـوار:
ئێمە فەرمانمان پێكراوە كە تەنانەت لەگەڵ ئەهلی كوفریشدا بەچاكە خراپ لابەرین، چ جای لەگەڵ ئەهلی ئیسلامدا: (إدْفَعْ بِالَّتِی هِێ أَحْسَنُ السَّیِّئَەَ نَحْنُ أَعْڵمُ بِمَا ێصِفُون) المۆمنون -96-، یەكێك لەپێشەوایانیشمان دوای ئەوەی قسەی خراپو ناشیرین لە كەسێك دەبیستی پێی دەڵێ: ئەگەر ڕاست بكەی “من ئاوا خراپ بم” خوا لێم ببوورێ، ئەگەر ڕاستیش نەكەی، خوا لەتۆ ببوورێ!
پـێـنج:
بێگومان هەركەس قسەی خراپ بەرانبەر بە كەسێكو كۆمەڵێك بكات، كە شایستەیان نەبێ، ئەوە قسەی بیێجێ، بەر لە هەركەس، خاوەنەكەی زیانبارو عەیبدارو گوناهبارە، وەهەرگیز هیچكەسو لایەنێك بەهەوڵدان بۆ خراپكردنو ناشیرینكردنی ئەوانی دیكە، نەیتوانیوە خۆی چاكو جوان بكات!
شــەش:
یەكگرتوو و كۆمەڵ كارو پڕۆژەی هاوبەشیان پێكەوە هەیەو، هەنگاوی باشیان پێكەوە ناونو، چاوەڕێی هەنگاوی باشتریشیان لـێ دەكرێو، نابێ هیچكەس قسەو هەڵوێستێكی پێچەوانەی ئەوەی هەبێ، كە لەنێوان قیادەی هەردووك لادا، بڕیاری لەسەر دراوە: (ۆتَعَاۆنُواْ عَڵی البِرِّ ۆالتَّقْوێ ۆڵا تَعَاۆنُوا عَڵی الإپْمِ ۆالعُدْۆانِ…) المائدە -2-.
حـەوت:
جیاوازیی بۆچوونو ئیجتیهادو هەڵوێستی سیاسیی، دەبێ بەشتێكی ئاسایی وەربگیرێو، هەرلایەك ڕێز لە تایبەتمەندییەكانی ئەوی دیكە بگرێ، نەك جیاوازییەكانمان بكەینە پاساوی گومانی بەدو قسەی خراپ!
هـەشت:
لێرەوەش ئەندامانی كۆمەڵ بەدرشتو وردەوە ئاگادار دەكەمەوە، كە هەركەس بەهەر بیانوویەكەوە بێ، قسەی خراپ بكات، لەلایەن ئێمەوە دووچاری لێپرسینەوە دەبێ، وەك لەڕابردووشدا كردوومانە.
نــۆ:
با هەموولایەكیش لەخەڵكی كینە لەدڵو غەرەزاویی وریابن، كە دەوری ئاژاوەگێڕیی دەبینیننو، بەناوی لایەكەوە قسە لەدژی لایەكی دیكە دەكەنو، بەناوی ساختەو خوازراوەوەو، لەڕێی پەیجو ئەكاونتی ساختەو نەناسراوەوە، ئاگری شەڕە قسە هەڵدەئایسێنن، یان خۆش دەكەن!
دە:
بەهیوای ئەوەی هەموو ئەوانەی بەشێوەیەك لەشێوەكان، شەیتان بەرانبەر بە براو خوشكەكانیان زەفەری پێبردوونو، گیرۆدەی گومانی بەدو قسە گوتنی خراپی كردوون، هەرچی زووترە، داوای لێبوردن لەخواو، گەردن ئازادیی لەبەرانبەرەكەیان بكەنو لاپەڕەیەكی تازەی لەگەڵ هەڵدەنەوە.
عــەلــی بــاپــیــر
8/ زولقەعیدە/1436 كــ
23/8/2015 ز
هەولێر