نوچە.نێت
هەڵکەوت زاهیر
موسیک هەمیشە ئەو رێگا کاریگەرەیە کەدەتوانێ تاکەکان بەشێوەیەکی نوێترو کاریگەرتر بۆ ئەرکەکانیان ئامادە بکاتەوە، موسیک کەلەهەموو شۆرشەکانی جیهان بەکوردستانیشەوە جێگەو پێگەی گەورە هەبووە، مەبەستمە قسە لەسەر ئەم دۆخەی کوردستان بکەم، و بڵێم ناکرێ لەگەڵ هەبوونی شەپۆلگەلێک بۆ هێنانی ماندوێتی دەرونی کۆمەڵگە، پەنا بۆ موسیکیش نەبەین وەک رێگایەک بۆ رەواندنەوەی ئەو هەموو شەپۆلە زیان بەخشەی بەهۆی جەنگو قەیرانەکانەوە رووی لەوڵات کردووە، بەڵام گرنگە سەرەتا هەندێ باس لەموسیک و کاریگەری موسیک بکەین.
زۆربەی لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن، کە سەرهەڵدانی بیرۆکەی سەرەتایی دروستبوونی موسیک، بۆ لاسایکردنەوەی دەنگی ئاژەڵەکان و نەغمەی باڵندەکان، هێزی هەواو دەنگلێهاتنی دارستان، دەنگی ئاوو تاڤگەو روبارەکان دەگڕێتەوە، هەندێک پێیان وایە ئاوازەکان لەلاسایکردنەوەی گریان و خۆشییەکان بووە، رێتم لە دەنگی هەنگاوەکان، دەنگی ئالەتە سەرەتاییەکانی دەستی مرۆڤ کە بۆ کارکردن سودیان لێوەرگرتووە، یان لە ترپەی دڵەوە سەرچاوەی گرتووە.
هەرکام لەو باسکردنە سەرەتاییانە وەربگرین، دەبینین موسیک سەرچاوەگرتووە لەسروشت و سروشتی ئینسان، ئەوەی زیاتر دەکرێ پشتراستی ئەو بڕوایانە بکاتەوە، نزیکی موسیکە لەرۆحی ئینسان، گونجاویی موسیکە لەگەڵ هەموو دۆخێکی ئینساندا، ئەگەر وردبیتەوە دەبینی، لەخۆشیدا، لەناخۆشیدا، لەشایی و لەپرسەدا بەدرێژایی مێژووی مورۆڤایەتی موسیک هاوڕێی ئینسان بووە.
سحری موسیک لەوەدایە کە تەنها خۆیەتی، بەڵام لەیەک کاتدا لەگەڵ تاک و لەگەڵ گروپیش هاوڕێیە، واتە لەیەک کاتدا بچوک دەبێتەوە بۆ خۆشی و خەمەکانی تاک و پڕ بەپێویستیەکانی ئەوە، لەهەمانکات گەورە دەبێ بۆخۆشی و ناخۆشییەکانی گروپێک، نەتەوەیەک، کۆمەڵگەیەک، مرۆڤایەتی بەگشتی و بەهێندەی گەورەیی هەموویان دەکشێ و پڕیان دەکات لەو پێویستییەی کەبەموسیکیان هەیە.
نزیکی و کاریگەری موسیک لەسەر مرۆڤ، بەشێوەیەکە کە دەکرێ بۆ هەردوو باری باشەو خراپەش سودی لێ ببینرێ. دین و دەسەڵات و سیاسی و پادشاو سوپاسالارەکان، لەدێر زەمانەوە ئەم نهێنییەیان لا روون بووە، بۆیە بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان، بۆ خۆشی و خەمەگەورەکانی وڵاتەکانیان، بۆ کۆکردنەوەی خەڵک دەوری خۆیان، بۆ تاودانی سەربازەکانیان، بۆ پرسەو خۆشییە نیشتیمانییەکانیان، پەنایان بۆ موسیک بردووەو بەوشێوە سودیان لێوەرگرتووە کەویستویانە.
سەیری ناساندنی پاڵەوانەکان بکە لەشارستانییە کۆنەکاندا، بڕوانە شێوازی گەیاندنی پەیامە دینییەکان لەکۆنەوە تا ئێستاش، سەیری هاندانی جەنگاوەر بکە بۆ جەنگ لەهەموو جەنگەکاندا، بڕوانە هەوڵی رەوایەتی بەخۆدان تەنانەت لەلایەن دیکتاتۆرەکانیشەوە، دەبینی لەهەموو ئەو هەوڵانەدا پەنا بۆ کاریگەری موسیک بردراوە، ئەم کارکردن و بەکاربردنی موسیکە هەتا ئەمرۆش بەردەوامی هەیەو بەردەوامی پێدەدرێت. هەر هێزێک دەکەوێتە کێ بەرکێ، یان هەوڵی بەدەسهێنانی متمانەی خەڵک، بۆ تاودانی سەربازی و تەنانەت مەشقپێدانی سەربازیش، دەبینی بەکارهێنانی موسیک و پەنابردن بۆ موسیک جێگەی تایبەتی بۆ دانراوە، هۆکاری هەموو ئەوانەش کاریگەری گەورەی موسیکە بەسەر رۆحی ئینسانەوە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا لەخەبات دژ بەجەنگ، لەپرۆتستۆی کاری نامرۆڤانەدا، لەمێژوو و لەئێستاشدا موسیک پێگەو جێگەیەکی بەرزی هەیەو خزمەتی گەورەی بەمرۆڤایەتی کردووە.
لەکۆمەڵگەی کوردستانیش موسیک بێ رۆڵ نەبووە، لەشۆرشەکانی رابردووماندا، لەبیرمانە چۆن دەنگ و موسیکی هونەرمەندان هاندەرو بڵندگۆیەکی گەورەبوون، بۆ بەرزترکردنەوەی ورەی شۆرشگیڕان، بۆ هێشتنەوەی رۆحی بەرەنگاری لەناو میللەت و هاندانی گەنجان بۆ پەیوەست بوون بەشۆرشەوە.
ئێستاش کوردستان کەڕووبەڕووە لەگەڵ جەنگێک کەسەپێنراوە بەسەریدا، رووبەڕووە لەگەڵ ئینکاری کردنێک لەمافەکانی کەپێویستی زیندووێتی رۆحی شۆڕشگێڕانەی خولقاندۆتەوە، زۆر گرنگە لام لەو کاریگەرییەی موسیک بەسەر مرۆڤایەتییەوە بەگشتی، قسە لەسەر ئەم دۆخەی ئێستای کوردستان و گرنگیدان بەموسیک لەم دۆخەی وڵاتدا بکەم.
لەئێستادا ئێمە لەچەند لایەنێکەوە پێویستمان بەگەڕانەوەیە بۆ موسیک، دەبێ هەست بەکاریگەری گەورەی موسیک بکەین، بۆ وەستانەوە بەڕووی هەموو ئەو شەپۆلە زیانبەخشانەی رووی لەوڵاتکردووە.
ئێستا کوردستان لەدۆخی جەنگدایە، جەنگێک کە بەرەوڕوو وەستانەوەی پێویستی بە رۆحی بەرزی شۆرشگێڕی هەیە، جەنگێک کەنائارامی بۆ هەموو تاکەکانی ئەم وڵاتە هێناوە، شارو شارۆچەکەیەک نییە لەکوردستاندا، چەند رۆڵەیەکی نەبەخشیبێتە پاراستنی کوردستان، بەداخەوە پرسەی شەهیدەکان خەریکە دەگاتە هەموو گەڕەکێکیش، بەخشینی شەهید ئەگەرچی شانازییە بۆ هەر نەتەوەو خانەوادەو هەر گەڕەک و ناوچەو شارێکیش، بەڵام بمانەوێ یان نا، کاریگەری گەورەی دەبێت بەسەر لایەنی دەرونی خەڵکی وڵاتەوە، ماندوویان دەکات و توش بەهەڵچوون و داچوونی دەروونی دەبن، وا نزیک دەبینەوە لەساڵێک، پێشمەرگە جەنگاوەرە گیان لەسەردەستەکانمان لەجەنگدان، هەموو کەسیش دەزانێ درێژبونەوەی ماوەی جەنگی ماندوێتی دەرونی بەدوای خۆیدا دەهێنێ، بۆیە دەبێ بیر لەوە بکەینەوە چی بکەین کام رێگا گرنگە بیگرینە بەر بۆ رەواندنەوەی کاریگەری نێگەتیڤی ئەو دۆخەی کەبەسەر وڵاتدا هاتووە ؟ چی بکەین بۆ تاودانی زیاتری رۆحی شۆرشگێڕی؟ چی بکەین بۆ رەواندنەوە ویستە دوژمنکارییەکان لەچاندنی ترس و بێهوایی لەکوردستان؟
بێگومان بەتێگەشتن لەکاریگەری موسیک بەسەر دەرونی تاک و بەگەڕانەوە بۆ کاریگەری موسیک لەسەر مرۆڤایەتی لەقۆناغەکانی جەنگ و دوای جەنگدا، ئەکرێ بڵێین کاریگەرترین رێگە بۆ رەواندنەوەی خراپییەکانی ئەو دۆخە بەسەر دەرونی تاک و کۆمەڵگەکەمانەوە موسیکە.
چونکە مێژووی موسیک لەجیهان و لەکوردستانیشدا پێمان دەڵێ:
– موسیک دەتوانێ، لەبەرانبەر هەوڵی دوژمن بۆ روخاندنی ورەی نەتەوەیەک، بەرزی زیاتر بەورەی نەتەوە ببەخشێ و رۆحی شۆرشگێڕی و بەرەنگاری زیاتر بکات.
– موسیک دەتوانێ، لەبەرانبەر هەوڵی دوژمن بۆ چاندنی ترس و تۆقاندن ئارامی و هێمنی لەناو کۆمەڵگەدا باربێنێ.
– موسیک دەتوانێ، رۆحی ماندووی جەنگاوەر لەدرێژی ماوەی جەنگەکان، ئەپدەیت بکاتەوە و جارێکی تر ئارامی بۆ دەرونیان بگێڕێتەوەو ئامادەیان بکاتەوە.
هەموو ئەوانەش پێویستی دەکات لەسەرمان، وەکو تاک، وەکو گروپ، وەکو کۆمەڵگە، وەکو حکومەت و دامەزراوەکان وەکو راگەیاندن، لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربونەوەی جەنگ و قەیرانەکان، لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هەمیشە بەپێوەمانی نەتەوە، رۆڵی موسیک لەیاد نەکەین و ئەو رۆڵە گرنگە بۆ موسیک بگێڕیینەوە، و دڵنیابین لەوەی باشترین هاوکارمان دەبێت بۆ سەرکەوتن.