ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: بێ سەروشوێنبووەکانی شەڕی ناوخۆ لەژیاندا نەماون

0
مناڵانی بێ سەروشوێنکراوەکانی شەڕی ناوخۆ

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: بێ سەروشوێنەکانی شەڕی ناوخۆ لەژیاندا نەماون

نوچەنێت

لە بەرنامەیەکی نالیان تیڤی، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی رایگەیاند، لەبەشداریکردنی شەڕی ناوخۆ پەشیمان نیە، ئاشکراشی دەکات بێ سەروشوێنبووەکانی شەڕی ناوخۆ لەژیاندا نەماون.

لەو بەرنامەدا حامیدی حاجی غالی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، لەبارەی هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆوە وتی”هۆکارەکان زۆرن بۆ دروستبونی شەڕی ناوخۆ، پێش هەموو شت ئاساری ناکۆکی کۆن لەنێوانمان هەبوو، عەقڵی ئەمرۆمان نەبوو، لەهەموولایەکەوە کاریان دەکرد بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ ببێت، ئێمەش نەمانتوانی وەک پێویست بین، رەنگە ئەمرۆ زۆر کەس رێککەوتنی ستراتیژی پێ باش نەبێت، بەڵام من خۆم رەئم وانیە، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەو زەمانەش بەعەقڵی ئەمرۆ بیر بکرایەتەوە، شەڕی ناوخۆ نەدەبوو”.

لەبارەی بەشداری کردنی لەشەڕی ناوخۆدا ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی، دەڵێت”بەڵێ بەشداریمکردووە و لەزۆربەی شەڕەکانیشدا بەپرسی شەڕەکان بووم، پەشمانیش نیم، من رایەکم هەیە ئەو رۆژە هەرچیم کردبێت ئەگەر زۆر خراپیش بێت، لێی پەشیمان نیم چونکە ئەوکاتی کە کردوومە بڕوام پێی هەبووە، بەڵام ئەمرۆ بیرکردنەوەم وەکو جاران نیە، ئێستا شەڕیش بکرێت من نایکەم”.

ئەگەرچی تاکو ئێستا کەسوکاری بێ سەروشوێنکراوەکانی شەڕی ناوخۆ چەندین جار خۆپیشاندانیان کردووە بۆ زانینی چارەنوسیان و پارتی یەکێتی وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان نەداونەتەوە، بەڵام حاجی غالی دەڵێت”پارتی و یەکێتی حەقە ئیعلانی بکەن، من قەناعەتم وایە هیچیان لەژیاندا نەماوون، دەبێت یەکێتی و پارتی جوابێکی موقنیع بدەن بەخەڵک و ئەو کێشە کۆتایی پێ بێت”.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان، حامیدی حاجی غالی وتی”من رام وایەو تەمانە دەکەم، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەندییەکی برایانەمان هەبێت، پارتی کە برای خۆمی کوشتووە بۆ ئاسایی بێت لەگەڵ پارتی پەیوەندیمان هەبێت؟، بۆ ئاسایی نەبێت لەگەڵ گۆڕان پەیوەندیمان ئاسایی بێت؟.”

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com