ئەو رەخنانەى پێویستە رووبەڕووى بزووتنەوەى گۆڕان بکرێنەوە
رێبوار رەزا چوچانى
ماوەیەکى تر بزووتنەوەى گۆڕان پێدەنێتە ساڵى سێهەمى تەمەنى خۆى، کە لایەنێکى سەرەکى بەرەى ئۆپۆزسیۆن پێکدەهێنێت، سەرەتاى دامەزراندنى ئەم بزووتنەوەیە، ناکرێت بە هیچ کام لە حیزبە سیاسییەکانى کوردستان بەراورد بکرێت، کە بەبێ دەنگى درووست بوون و دواتر هەندێکیان بەپێى تێپەڕینى کات، هێدى هێدى بوونەتە خاوەن رۆڵ، چونکە هەر لە یەکەم رۆژى خۆ راگەیاندنییەوە کە سەرەتا بە لیستێکى هەڵبژاردبوو، قۆناغێکى تر درووست بوو لە مێژووى سیاسى هەرێمى کوردستاندا، لە ماوەیەکى کەمدا توانى سەنگ و پێگەى خۆى وەک بزووتنەوەیەکى سیاسى و جەماوەرى و رادیکاڵی بسەپێنێت، بە شێوەیەک کە نەخشەى سیاسى هەرێم گۆڕانکارى بە خۆیەوە بینى.
درووستبوونى بزووتنەوەى گۆڕان، واتە درووستبوونى مۆدێلێکى ترى سیاسى لە هەرێمى کوردستان و درووستبوونى ئۆپۆزسیۆن، ئەمەش بووە هۆکارێک کە هەموو لایەنە سیاسییەکان بەبێ جیاوازى، هەست بە هاى هاونیشتیمانى بکەن و لێرەشەوە سەنگ و پێگە بۆ مرۆڤى کورد گەڕایەوە، کە ساڵانێک بەهۆى سیاسەتى قۆرخکارى لایەنە سیاسەکان لە هەمو کایەکانى ژیاندا، ئەو سەنگەى لێسەندرابووەوە، بەڵام لە راستیشدا ئەگەر بەشێوەیەکى واقیعى و دوور لە سۆز و موجامەلە بدوێین، ناکرێت بەشێکى زۆر لە کاراکتەرەکانى بزووتنەوەى گۆڕان، بە ئەندازەى بەرپرسیارێتییان لە رووداوەکاندا، لەو دۆخە بێ بەرى بکەین.
بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەرچى جێگەى ئومێدى لایەنگرانییەتى و بەشێک لەو خەونانەى خۆیانى تێدا دەبنیننەوە کە بۆ ئێستا و ئایندە هەیانە، لە ئاستێکیشدا جێگەى تێڕامان و رەخنە کردنە، چونکە ناڕوونى لە سیاسەتیاندا، دەبێتە بەشێک لەو قەلەقییانەى بۆ ئایندەیان درووست دەبێت، سیاسەت تەنها بەرەنگاربوونەوە نیە، بەبێ بوونى ستراتیژییەتى کارکردنى دوور مەودا و خستنەڕووى ئەو بنەما فیکرییانەى لایەنێکى سیاسى لەسەرى بونیات دەنرێت، کە ئەمەش دەبێتە شوناسێک بۆ هێزە سیاسییەکان، چونکە هەر لایەنێکى سیاسى بەبێ بوونى شوناسێکى دیارى کراو، کار بۆ ئامانجێک بکات کە بە لاى هاونیشتیمانیانەوە ناڕوون بێت، دواجار لە ناو تەموموژێکدا دەمێنتەوە، کە هەموو چاوەڕوانییەک لە ئاستیدا دروست دەبێت، کەچى تا ئەندازەیەکى زۆر، بزووتنەوەى گۆڕان لەم لایەنەوە خۆپارێزى کردووە و ناڕوونییەک هەیە لە شێوەى بیرکردنەوەى ئەم بزووتنەوەیە بۆ چۆنێـتى کارى سیاسى و رێکخراوەیى، سیاسەتێکی روونیان نیە بۆچۆنێتى بەڕێوەبردنى دەسەڵات لە کاتێکدا کە ئەوان هاتننە سەر حکوم.
سیاسەتێکى روونییان نیە بەرانبەر بە پاشەڕۆژى هەرێمى کوردستان، سیاسەتێکى روونییان نیە بەرانبەر بە ناوچە دابڕێنراوەکان، سیاسەتێکى روونییان نیە بەرانبەر بە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان، سیاسەتێکى روونیان نیە بەرانبەر بە مافى ئەو نەتەوانەى تر، کە لە هەرێمى کوردستاندا دەژین، سیاسەتێکى روونیان نیە بەرانبەر بە پارچەکانى ترى کوردستان و هێزە سیاسییەکانییان و پاشەرۆژییان، سیاسەتێکى روونیان نیە بەرانبەر بە حکومەتى ناوەند و وڵاتانى دراوسێ و ئەو دەستدریًژییانەى کە هەندێکجار دەکرێتە سەر هەرێمى کوردستان، رەنگە وەڵامى ئەم بزووتنەوەیە بۆ ئەم بابەتانە تێوەگلانى لایەنەکانى دەسەڵات بێت، کە پێیانوایە لە بەرانبەر هەر رووداوێکدا سیاسەتێکى ئیزدیواجییانە پەیڕەو دەکەن و پرۆژەیەکى ستراتیژى نەتەوەیى و نیشتیمانییان نیە، کە هەرێمى کوردستان بەرەو ئامانجى باڵاتر ببات، بەڵام لە ئاستێکیشدا ئەو تەمومژییەى کە دەورى سیاسەتەکانى ئەم بزووتنەوەیەى داوە، لێناگەڕێت بە روونى چۆنێتى تێگەشتن و سیاسەت و بیرکردنەوە و پرۆژەى ئەوان ببینین، لەم کایانەدا، کە رەنگە بەردەوامى دان بەم ناڕوونییە، لە بەرژەوەندى خودى بزووتنەوەکەش نەبێت.
یەکێک لەو پرسانەى کە پێویستە بزووتنەوەى گۆڕان خۆى یەکلایى بکاتەوە، پەیوەستە بە ئاین و بەتایبەتى ئیسلامى سیاسى، چونکە ئەوەى دەیبسیتین لەم بزووتنەوەیە سەبارەت بەم پرسە، هیچى جیاواز نیە لەو دەربڕینە تەقلیدییانەى کۆى هێزە سیاسییەکانى هەرێم هەیانە، هەموو موجامەلەکییان پەیوەست بە ئاین و ئازادییەکانى مرۆڤەوە، بۆ چۆنێتى راکێشانى سۆزى دەنگدەرە، کە زۆربەیان موسڵمانن، ئەمەش هەمان ئەو سیاسەتەیە کە حیزبە سیاسییەکانى ترى لەسەر بونیات نراوە و نەتوانراوە شوناسى هیچ کام لە حیزبە سیاسییەکان دیارى بکرێت.
یەکێک لەو رەخنە جددیانەى پێویستە رووبەڕووى بزووتنەوەى گۆڕانى بکەینەوە، دابەش کردنى کۆمەڵگەیە بەسەر رەشوسپیدا، ئەمەیان دۆخێکى یەکجار مەترسیدار درووست دەکات و کۆمەڵگە سەرقاڵى شەڕێکى بەردەوام و بێ ئەنجام دەکات، چونکە بەشێک لە کارەکانى بزووتنەوەى گۆڕان، کار کردنە لەسەر درووستکردنى ناڕەزایى و جیاکردنەوەى بەرەکان لە یەک، ئەمەش شعورێکى بۆ لایەنگرانى درووست کردووە، کە هەر کەس رەخنە لە بزووتنەوەکەیان و کارى ئۆپۆزسیۆنى بگرێت، سەر بە لایەنى بەرانبەرییانە و بەچاوى نەیار لێیدەڕوانن، لەم دۆخەدا هیچ چاودێرێک نامێنێتەوە و لایەنەکان هەمیشە کار لەسەر تۆمەتبار کردنى یەک دەکەن، بۆیە بزووتنەوەى گۆڕان پێویستە یەکێک لە ئەولەویەتەکانى، کار کردن بێت لەسەر درووستکردنەوەى دەنگى سێهەم، کە هەم چاودێرى سەر دەسەڵات بێت و هەم چاودێرى ئۆپۆزسیۆنیش بێت، بۆ ئەوەى هەر کاتێک لایەنەکان لە سروشتى کارى رێکخراوەیى لایاندا بەرەو ئاراستەیەک کە بڕوا نەبوون بە دیموکراسیەت و پێکەوە هەڵنەکردن و یەک قبوڵ نەکردن، دەنگ بە روویاندا بەرز بکاتەوە، چونکە گۆڕینى سیستەمى سیاسى بەبێ رووستکردنى چاودێر کە سەر بە دەنگى سێهەمە، بەرەنجامێکى باشى نابێت و ئایندەیى باش چاوەڕوانى دۆخى دواى گۆڕین ناکات.
لێرەوە دەبێت هەڵسوڕێنەرانى ئەم بزووتنەوەیە بە جددى بیر بەم کێشانە بکەنەوە، چونکە سیاسەت و کارى رێکخراوى و هەوڵدان بۆ گۆڕانکارى سیستەمى سیاسى و درووستکردنى سیستەمێکى دیموکراسى راستەقینە، بە بەڵێنى وەهمى ناکرێت، بەشێکى زۆر لەو حیزبانەى وەک ئۆپۆزسیۆن کارى سیاسى دەکەن و دواجار دەسەڵات دەگرنە دەست و دەبنە دیکتاتۆر، موژدەى گەورەیان پێیە بۆ کۆمەڵگا، ئەم موژدانە بەشێوەیەک دادەڕێژن و دەریدیدەبڕن، کە زۆرجار خەڵکێکى زۆر لە پێناویدا خۆیان دەکەنە قوربانى، بۆیە بزووتنەوەى گۆڕان دەبێت هوشیارانە مامەڵە بکات و سەرەنجام مەودا نەبێت بۆ درووستبوونى ئەم مەیلە و رەنگدانەوەى بەسەر سیاسەتەکانیدا.
تێبینى:
ئەم نوسینە لە پاشکۆى رۆژنامەى رۆژنامە ژمارە (643)ى ئەمڕۆ سێشەمە (26/7/2011) کە تایبەت بوو بە ساڵیادى دامەزراندنى بزووتنەوەى گۆڕان بڵاو کراوەتەوە.