نوچە.نێت. لە راگەیاندنەکانەوە
دیڤد کامیرۆن سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا لە پەرلەمانی وڵاتەکەى ڕایگەیاند، دەبێت بەریتانیا تا ساڵی ٢٠٢٠ ، ٢٠ هەزار ئاوارەی تر وەربگرێت و پەنایان بدات.
ئەمڕۆ حەوتى ئەیلولى ٢٠١٥ سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا، لە دوای ئەوەی ئەندام پەرلەمانەکانی بەریتانیا پشووی هاوینەیان تەواو بوو لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا بەشداریی کرد بۆ قسەکردن لەسەر کۆچ و قەیرانی ئاوارەکان بۆ بەریتانیا.
سەرۆک وەزیرانى بەریتانیا لە دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند، بەریتانیا بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر دۆخەکە دەخاتە ڕوو، چونکە قەیرانی ئاوارەکان گەورەترین قەیرانە کە ڕووبەڕووی وڵاتانی ئەوروپا بووەتەوە.
کامیرۆن ئەوەشى وت “پێویستە ئێمەی بەریتانی مێشک و دڵمان بەکاربهێنین بۆئەوەی وەڵامی قەیرانەکە بدەینەوە”.
سەرۆک وەزیرانی ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند ”هیچ وڵاتێکی ئەوروپی بە ئەندازەى بەریتانیا بۆ هاوکاریکردنى پەنابەرەکان نەهاتووەتە پێشەوە”.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەو ژمارە ئاوارەیەی کە سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەسەری ڕازیبووە بە بەراورد بە وڵاتانی دراوسێی زۆر کەمە بەشێوەیەک کە ئەڵمانیا تەنها لەماوەی یەک هەفتەدا پێشوازیی لە ١٥ هەزار ئاوارە کردووە.