نوچە.نێت. لەراگەیاندنەکانەوە
حکومەتی ئایسلەند ڕایگەیاند، بڕیار لەسەر قبوڵکردنی پەنابەری زیاتر دەدات. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ماوەی ڕابردوودا بڕیاری وەرگرتنی تەنیا ٥٠ پەنابەری دابوو.
بەپێى هەواڵێکى ماڵپەڕى ڕۆژنامەى دەیلى تەلگراف، دوای ئەوەی حکومەتی ئایسلەند لە مانگی ڕابردوودا ڕایگەیاند، تەنها ٥٠ ئاوارەی سوری وەردەگرێت، خاتوو بریندیس بیۆرگڤینسدۆتیر، کە کەسایەتییەکى ئەو وڵاتەیە لە فەیسبووکەوە هانی هاوڵاتییان و شوێنکەوتوانی خۆیدا پشتیوانى لەو کەسانە بکەن کە داوای پەنابەرێتى دەکەن.
دوابەدواى بانگەوازەکەى بریندیس بیۆرگڤینسدۆتیر، تەنها لە دواى ٢٤ کاتژمێر ١٠ هەزار هاووڵاتی ئایسلەندی بەدەم بانگەوازەکەی ئەو کەسایەتییەوە هاتوون، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ژمارەی دانیشتوانی ئایسلەند ٣٠٠ هەزار کەسە.
ئەو خاتوونە ئایسلەندییە بە تەلەفزیۆنی RUV ئایسلەندی وتووە ”پێموایە خەڵک چیرۆکەکانی مردنی پەنابەرەکانیان لە دەریاى سپیى ناوەڕاست و کەمپى ئاوارەکاندا، لە هەواڵەکاندا بینیوە و خوێندووەتەوە، بۆیە لە ئێستاشدا هەوڵ دەدەن کارێک بۆ ئەو ئاوارانە ئەنجام بدەن”.
هاوکات ئیگلۆ هارداردۆتیر وەزیری چاودێریی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە لە کاردانەوەیەکدا ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا ئەوەی لە فەیسبووک دەکرێت تاقیکردنەوەی ڕای خەڵکە و دواتر بڕیارەکە بەرز دەکەینەوە.
وەزیری ناوبراو وتیشی “دەبێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە نامەوێت ژمارەیەکی زۆرتر بڵێم، بەڵام هەموو ڕێگایەک دەگرینەبەر بۆ بەخێرهاتن و پێشوازیکردن لە ئاوارەی زیاتر”