نوچەنێت
سەرۆکی لیژنەی ناوخۆی پاڕلەمانی کوردستان،لە لێدوانێکی تایبەت بۆ نوچەنێت،باس لە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەرکی حکومەت و پاڕلەمانیش دیاری دەکات، و داوا دەکات کەشێك دروست بکرێت کە گەنجان وڵات جێ نەهێڵن.
ئەیوب عەبدوڵڵا سەرۆکى لیژنەى ناوخۆ لە پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان، بە نوچەنێتى راگەیاند: ئەو دۆخەى ئیستا هەرێمى کوردستان تێیدایە دۆخێکە کە کۆمەڵێک هۆکارى هەیە، بێگومان شەڕ هۆکارى یەکەمە، قوربانی گیانى و ماددى دەوێت بۆ ئەوەى بتوانى بەردەوامى بە شەڕ بدەیت.
هەروەها گوتى: ئەو قەیرانە داراییە کە لەلایەن حکومەتى ناوەندییەوە بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان درووستکراوە گوشار و ئاسەوارێکی زۆرگەورەى لە سەر ژیانى خەڵک وحکومەتى هەرێمى کوردستان داناوە، دواکەوتنى موچە و راگرتنى پڕۆژەکان.
دەربارەی ئاوەرەکان ئەیوب عەبدوڵڵا دەڵێت” گرتنە خۆى ئەو ئاوارانە فشارێکى زورى لە سەر حکومەت داناوە بۆ دابین کردنى خزمەتگوزارى پێویست بە ئاوارەکان و هەمانکاتدا بێکارییان درووستکردووە و هەلى کاریان کەم کردووتەوە، جگەلەوەى مەترسی لە سەر دیموگرافیا درووستکردووە کەێشەى کۆمەڵایەتیشتان درووستکردووە”.
ئەیوب عەبدوڵڵا ئەرکی حکومەت دیاری دەکات و دەڵێت”ئەرکى حکومەت و پەرلەمان و هەموو حزبەکان و راگەیاندنەکان چ حوکمى و چ ئەهلى لە کوردستانە کەشێکى وا درووستبکرێ کە هانی گەنجان بدرێ وڵات بە جێ نەهێڵن، هەروەها هەموومان دەزانین بارى دارایی حکومەتى هەرێم کەمە بەڵام چەندى لە توانادایە بیخاتەگەڕ بۆ ئەوەى هەلى کار و بە شێک لە خەونى گەنجان بهێنێتەدى”.