کۆمارى چیک دەیەوێت ڕاستەوخۆ چەک بۆ پێشمەرگە بنێرێت

0

نوچە.نێت.لەراگەیاندنەکانەوە

 

 

ماتین سترۆپنیکى وەزیرى بەرگریى کۆمارى چیک و ئەنجوومەنى ئاسایشى نیشتیمانى چیک دەیانەوێت ڕاستەوخۆ چەک بۆ پێشمەرگە لە هەرێمى کوردستان بنێرێن.

ئاژانسى هەواڵى سپوتنیک بە پشت بەستن بە میدیاکانى وڵاتى چیک ئەمڕۆ حەوتى تشرینى یەکەمى ٢٠١٥ بڵاویکردووەتەوە، وەزیرى بەرگریى کۆمارى چیک لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانى ئەنجوومەنى ئاسایشى نیشتیمانى چیک ڕایگەیاندووە “ئێمە دەمانەوێت ڕاستەوخۆ چەک بۆ هەرێمى کوردستان بنێرین”.

ماتین سترۆپنیکى ئەوەشى ڕاگەیاندووە “دەمانەوێت چەکى سوکى وەک کڵاشینکۆف و چەند جۆر چەکى دیکە بنێرین بۆ پێشمەرگە”.

وەزیرى بەرگریى کۆمارى چیک ئەوەشى وتووە “ئێمە دەبێت گۆڕانکارى بکەین لە جۆرى هاوکارییەکانماندا بۆ ئەو هێزانە، کە لە دژى داعش دەجەنگن و دەشمانەوێت هاوکاریى کورد لە عێراقدا بکەین و دەشکرێت چەندین جۆر چەکى جۆراجۆریان پێ بدەین”.

ستروپنیکى لە درێژەى قسەکانیدا وتویەتى “ئەوەش لە دواى ئەوەى کە ئەمریکامان لە بڕیارەکەمان ئاگادار کردەوە، بە ئاگاداریى ئەمریکا بڕیارەکە جێبەجێ دەکەین”.

بەپێى سەرچاوەکە حکومەتى چیک مانگى مانگى ئابى ڕابردوو ناردنى هاوکاریى بۆ هێزەکانى پێشمەرگە پەسەند کردبوو و لەو کاتەدا حکومەتى پراگ ڕایەگەیاندبوو “بە بڕى ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دۆلار چەکى سوک بۆ پێشمەرگە دەنێرین”.

سەرچاوە میدیاییەکان لە کۆمارى چیک بڵاویانکردووەتەوە، حکومەتى پراگ لە یەکەم وەجبەى هاوکارییەکانیدا هەشت ملیۆن گولـلە و پێنج هەزار نارنجۆکى بۆ پێشمەرگە ناردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە حکومەتى عێراق لە دژى ئەوەیە کە وڵاتانى جیهان ڕاستەوخۆ چەک بۆ هەرێمى کوردستان بنێرن. حکومەتى عێراق دەیەوێت سەرەتا چەکەکان بنێردێن بۆ بەغدا و دواتر لە بەغداوە بۆ پێشمەرگە ڕەوانە بکرێن.

لە دواى دەستپێکردنى جەنگى دژ بە داعش تاوەکو ئێستا چەند وڵاتى جیهان هاوکاریى سەربازى و مرۆییان بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com