کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دەستپێدەکاتەوە.

0
سەرچاوە :SNN
کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دەستپێدەکاتەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەیی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ و دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی دەردەبڕێت، پەرلەمانتارێکی ئەو بزوتنەوەیەش ڕایدەگەیەنێت، قەدەرمان وایە لەگەڵ پارتی پێکەوە بژین و دەشڵێت:” تەنھا یەک داواکاریمان لە پارتی ھەیە”.
ھەرپێنج لایەنی (یەکێتی، گۆڕان، پارتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو) دوای ئەنجامدانی (٩) کۆبوونەوە لەسەر پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم، نەگەیشتنە ھیچ ڕێکەوتنێک و بەو ھۆیەشەوە کۆبوونەوەکان ھەڵپەسێردران، ئێستاش باس لەکۆبوونەوەی دەیەم دەکرێت بۆئەوەی کۆتایی بەگرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان لایەنەکان بھێندرێت.
د. بەھار مەحمود جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمان و ئەندامی وەفدی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ کۆبونەوەی پێنج قۆڵی، بە SNNی ڕاگەیاند: دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووەو ھەرگیزیش دایناخەین، چونکە بڕوای تەواومان بەگفتوگۆ ھەیە بۆ چارەسەکردنی کێشەکان.
ئەو پەرلەمانتارە نەشی شاردەوە، دژی ئەو جۆرە کۆبوونەوانەن کە لەپێناو ئەنجامدانی کۆبوونەوەدا دەکرێن و وتی:” تەنھا یەک داواکاریمان لەپارتی ھەیە، ئەویش پابەند بێت بەو یاسایانەی کە خۆی پێشتر لەپەرلەمان دەنگی بۆی داوەو دانیان پێدا بنێت و ھیچی تر”.
لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی و ئامادەیی گۆڕانیش بۆ بەشداریکردن لەدەیەمین کۆبوونەوەدا، بەھار مەحمود وتی:” پێمان وایە دەرفەت ماوەو چەندین کۆبوونەوەش باشترە لەشەڕ”.
سەبارەت بەکۆبوونەوەشیان لەگەڵ پارتی و کۆتاییھێنان بەکێشەو ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، ئەو ئەندامەی وەفدی گۆڕان ڕایگەیاند: کارەکانی پارتی دەچنە چوارچێوەی کودەتاو لەکەدارکردنی پرۆسەی دیموکراسی و ئەتکردنی یاسا، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ، چونکە قەدەرمان وایە لەگەڵ پارتی پێکەوە لەھەرێمی کوردستان بژین”.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ھۆشیداریشیدا لەپەراوێزخستنیان و ئەوەی ئاشکراکرد کە ھەر لایەنێک بەنەفەسی سڕینەوەی بەرامبەر کار بکات، بۆی ناچێتەسەرو لەڕووی جەماوەریشەوە باجەکەی دەدات.
Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com