نەگێڕانەوەی دەستور بۆ پەڕلەمانی کوردستان موجازەفەیە
تایبەت نوچەنێت
سەرچاوەیەک لە بزوتنەوەی گۆڕان بەنوچەنێتی راگەیاند، بزوتنەوەکەیان هەرگیز بەدەستورێک رازی نابێت کە لە خزمەتی تاکە کەسێک بێت لەسەرۆکایەتی و راپرسی لەسەر پرۆژەی دەستوریش بەم شێوەی ئیستا بە موجازەفە ناو دەبات، ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیش دەڵێت” دەستوری کوردستان پێویستی بەڕێککەوتنی سیاسی هەیە نەک زۆرینەو کەمینە” راشیدەگەیەنێت کە زۆرینەی پەڕلەمان بە حاڵەتێکی ئاسایی نەبونەتە زۆرینە.
دوای ئەوەی کەمال کەرکی سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان رایگەیاند، بۆ گێڕانەوەی دەستور بۆ پەڕلەمانی کوردستان هیچ هۆیەکی یاسایی نیەو لەکاتی گێڕانەوەشی هۆی یاسایی نیە بۆ خستنە بەرگفتوگۆ، قسەکانی دەنگدانەوەو ناڕەزایی لەناو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لێکەوتەوە و بە دژی ئەو رێککەوتنە مەبدەئیەیان زانی، کە لە کۆبونەوە پێنج قۆڵییەکان لەگەڵ دەسەڵات لەسەری رێککەوتوون.
بۆ گێڕانەوەی دەستوریش بۆ پەڕلەمای کوردستان، سەرچاوەیەک لە بزوتنەوەی گۆڕان بەنوچەنێتی راگەیاند”بارگرژی لێبکەوێتەوە یان نەکەوێتەوە، ئێمە لەدژی خستنە ڕاپرسی ئەو پرۆژە دەستورەین کە لەپەڕلەمانی پەنجا بەپەنجای پێشووی کوردستان لەنێوان پارتی و یەکێتی بەناوی دەستوری هەرێمی کوردستان نوسراوەتەوە و بەهیچ شێوەیەک وەک پرۆژەی دەستور قبوڵی ناکەین و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ پەڕلەمان”.
سەرچاوەکەی نوچەنێت وتیشی ئیمە لە بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەو خەڵکانە راستگۆین کە دەنگیان پێداوین و یەکێک لە بەڵێنەکانیشمان راتکردنەوەی ئەو دەستورە بووە و راشیگەیاند”ئێمە دەنگ نادەین بە دەستورێک و پێی رازی نابین کە لە خزمەتی تاکەکەسێکی سەرۆکایەتی بێت و دنیایەک دەسەڵات بداتە سەرۆکی هەرێم، بەتەنها مەبەستمان لە بارزانی نیە، چونکە رەنگە سبەی کەسێکی تر سەرۆکی هەرێم بێت، بۆیە کاتێک باسی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات دەکرێت، بەناوی دیموکراتیەوە ئەو هەموو دەسەڵاتە بە سەرۆک دان بێ مانەیە”.
سەرچاوەکەی گۆڕان هۆشداری دەداتە پارتی و یەکێتی لەهەوڵی خستنە ڕاپرسی ئەو پرۆژە دەستورەی ئێستا هەیە و دەڵێت”یەکەم دەبوو کەرکوکی سەرۆکی پەڕلەمان ئەو لێدوانەی نەدایەو جارێکی تر گومانی لە نیاز پاکی حزبەکەی بۆ ئاشتەوایی نیشتیمانی وەک باسی دەکەن دروست نەکردایە، چونکە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گەشتبونە رای هاوبەش بۆ گێڕانەوەی دەستوور بۆ پەڕلەمان، دواتریش ئەگەر رای حزبەکەی بێت و بیانەوێ ئەو پرۆژە نوسراوە بخەنە راپرسی موجازەفە دەکەن و بێ دەنگ نابین لەوە”.
لای خۆشییەوە عەبدولستار مەجید ئەندامی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بۆ نوچەنێت وتی”ئێمە لە کۆبونەوەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات مەبدەئیەن لەسەر ئەوە ڕێککەوتوین، کە هەر یاسایەک رەهەندی نیشتیمانی هەبێت و پەیوەندی بەخەڵکی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت، پێویستە بە ڕێککەوتنی سیاسی پەسەند بکرێت، نەک زۆرینەو کەمینە، کە دیارە زۆرینەکەش هەر لەبنەڕەتەوە تێبینی لەسەر هەیە، تێبینی هەیە لەسەر هەڵبژاردنەکان و ئەو خروقات و تەزویرات و کەموکوڕییەی کەلەسیتەمی هەڵبژاردن و ئالیەتەکەی هەبوو. لەنێویشیاندا دەستوری هەرێمی کوردستان، هەموو ئەوەش دەزانین ئەو زۆرینەیەی کە لەپەڕلەمان دروست بووە، بە حاڵەتێکی ئاسایی دروست نەبووە”.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ نوچەنێت وتیشی” ئێمە بە شێوەیەکی گشتی بەپێویستی دەزانین دەستور بگەڕێتەوە و مەرج نیە قسەمان لەسەر هەمووی هەبێت، بەڵکو پێویستەلامان هەندێ ماددەو بڕگەی قسەی لەسەر بکرێتەوەو هەموو لامان پەسەندی بکەین”.