بەگوێرەی راگەیاندراوێکی سکرتاریەتی ھەڤاڵ سکرتێری گشتیی (ی.ن.ک)، سبەینێ شەممە ١٤ / ١١ / ٢٠١٥، سەرۆک مام جەلال ، بە مەبەستی چێیک ئەپ و پشکنینی پزیشکیی ئاسایی، سەردانی ئەڵمانیا دەکات.
لەو بارەیەوە پزیشکی تایبەتیی سەرۆک مام جەلال رایگەیاند، بڕیار بوو چەند مانگێک لەمەوبەر سەرۆک مام جەلال بە مەبەستی ئەو زنجیرە چێک ئەپە، سەردانی ئەڵمانیا بکات ،بەڵام لەسەر داوا و خواستی بەڕێزیان، بۆ کاتێکی تر دواخرا، ئێستا بە کاتێکی باش و لەبار دەزانرێت بۆ بەئەنجام گەیاندنی ئەو زنجیرە پشکنیانە، پشت بەخوا لە دوای ئەنجامەکان بەڕێزیان بە سەلامەتیی دەگەڕێتەوە بۆ وڵات.
پزیشکی تایبەتیی سەرۆک مام جەلال ئەوەیشی رونکردەوە، لەو کاتەوەی بەڕێزیان دوای چارەسەرەکردنی لە ئەڵمانیا گەڕاوەتەوە، کە زیاتر لە ساڵێکە، بە چاودێریی و رێنمایی تیمە پزیشکییەکەمان، لێرە پرۆسەی چارەسەری بەردەوامی بۆ کراو، خۆشبەختانە ئەنجامەکان لە ھەموو ئاستێکدا پۆزەتیڤ و دڵخۆشکەر بووە و رۆژ بەرۆژ تەندروستیی سەرۆک مام جەلال لە بەرەوپێشچووندایە، کە ئومێد دەکرێت زیاتریش پێشکەوتن بەخۆوە ببینێت