دوای دوو ساڵ لەململانێی ناوخۆی یەكێتی لەسەر دانانی نوێنەر… نوێنەری حكومەتی كوردستان لەباكوری ئەوروپا دیاریكرا
رزگار رەزا- چوچانی سوید
نوچەنێت. گۆڤاری سڤیل
دوای دوو ساڵ لەغیابی حكومەتی هەرێمی كوردستان و داخستنی نوێنەرایەتیەكەی بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی، حكومەتی كوردستان نوێنەرێكی تازە بۆ نوێنەرایەتیەكەی لەوڵاتی سوید دیاری دەكات و بڕیارە لەم رۆژانەدا دەرگای نوێنەرایەتیە دووساڵ داخراوەكەی بكاتەوە.
دەرگای نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە سەرپەرشتی نوێنەرایەتی حكومەت دەكات، لە پێنج وڵاتی باكوری ئەوروپا، لەكاتی دەستبەكاربونی كابینەی شەشەمەوە داخراوە و حكومەت بێ نوێنەرایەتی بووە، پێشتر سەرچاوەیەك لەیەكێتی بە(سڤیل)ی راگەیاندبوو، داخستنی دەرگای نوێنەرایەتیەكە و دیارینەكردنی كەسێك بۆ ئەو بەرپرسیارەتیە وابەستەیە بەكێشە ناوخۆییەكانی یەكێتیەوە، چونكە ئەو نوێنەرایەتیە بەپێی رێككەوتنی پارتی و یەكێتی دراوەتە یەكێتی. سەرچاوەكەی سڤیل وتیشی”بەهۆی ئەوەی زۆربەی سەركردەكانی یەكێتی لەسوید ژیاون و هاوڵاتی سویدن، هەموو كەسوكار و خەڵكی خۆیان هەیە و لەهەوڵی ئەوەشدابوون كەسە نزیكەكانی خۆیان بۆ ئەو پۆستە دیاری بكەن، بۆیە كێشەی نێوان ئەو سەركردانە وایكردووە دەرگای نوێنەرایەتی حكومەت بۆ دوو ساڵ دابخرێت و حكومەتی كوردستان لەو هەموو خەڵكی كورد لەسوید داببڕێت”.
دوای دوو ساڵ ململانێی بەرپرسەكانی یەكێتی بۆ دیاریكردنی كاندیدی خۆیان، كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی بۆ سڤیل وتی”نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسوید دەستنیشان كرا، ئیشوكارە ئیدارییەكانی لێرە تەواو دەبێت، بەرەو سوید دێت لەوێ ئەكەوێتە دامەزراندنی نوسینگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان. سوید بەنیسبەت ئێمەوە گرنگە هەم وەكو ئەوەی جالییەیەكی زۆر گەورەی كوردی لێیە، هەم وەك ئەوەش كە یەكەمین وڵات بووە جالییەی كوردی لێكۆبۆتەوە. ئەوە جێی بایەخی ئێمەیە، سوید وەكو حكومەت و وڵاتیش بۆ ئێمە گرنگە و نوێنەرمان لەم ماوەیەدا دەستبەكار دەبێت”.
كاروان نایشارێتەوە كە ململانێكان یەكێك لەهۆكارەكانی دواكەتنی دیاریكردنی نوێنەری حكومەت بووە و لەلێدوانەكەیدا بۆ سڤیل دەڵێت “ئێمە گلەیی تاخیربونەوەكەیمان قبوڵ كردووە، رەنگە بەشێكی زۆركەمی دواكەوتنەكە پەیوەندی بەململانێكان هەبوبێت، بەڵام هۆكاری سەرەكی مەسەلە ململانێ نەبووە، مەسەلە ئەوە بووە كەسێكی وا دەستنیشان بكەین، شارەزاییەكی زۆر باشی هەبێت و بتوانێت دیپلۆماتكار بێت، راستە لەسوید خەڵكی لێبووە كاندیدبوون بۆ ئەو پۆستە، بەڵام ئەوان هۆكاری دواكەوتنەكە نەبوون، بەڵكو مەسەلەكە ئەوە بووە كەسێكی بەتوانا بێت و شارەزا بێت”.
جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی كوردستان، ئەوەش رادەگەیەنێت، كە نوێنەرایەتی حكومەتی كوردستان درێژە بە چالاكییەكانی نوێنەرایەتی پێشوو دەدات، ئەو وتی”هەرشتێك نوێنەرایەتی پێشوو كردبێتی و لەخزمەتی كوردستان و كورددا بوبێت، نوێنەری تازەش دەستبەكار دەبێت و بەردەوامیان پێدەدات، بمانەوێت یان نا ئێمە لەرابردوو دوو حكومەتمان هەبووە، بەداخەوە هەر حكومەتە و نوێنەرایەتی خۆی هەبووە، ئێستا ئەوە نەماوە و لەكابینەی پێنجەمەوە ئەو مەسەلانە رێكخراون، ئێمە وادەكەین تەنسیقێك دروست بكەین، كە ئایا نوێنەرایەتی پێشوو پڕۆژەكانیان چی بووە، یەكێك لەوانە مەسەلەی رێزگرتنە لەو كەسانەی هەمیشە بەدوادا چونیان هەبووە لەسەر مەسەلەی كورد و پرسی كورد نوسین و دیراسە و كتێب و چالاكی و پشتیوانیان هەبووە، یان كوردانی داهێنەرو چالاك، نوێنەرایەتی پێشوو چی هەبووبێت، ئێمە وەك پێشنیاز ئەیخەینە بەردەستی نوێنەری تازە دەستنیشانكراو، تا دیراسەیان بكات و ئەوەی لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستانە بەردەوامی پێبدرێت، هەروەك نوێنەرایەتی پڕۆژەی نوێی خۆشیان دەبێت”.
نوێنەرایەتی پێشووی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكارییەكی زۆری بۆ كوردانی باكوری ئەوروپا دەكرد، وەك مامەڵە یاساییەكانیان بۆ كوردستان و ئاسانكاری بۆ ئەو كارانەی پەیوەندارن بەدامودەزگاكانی حكومەت لەكوردستان، بەڵام ماوەی دوو ساڵە بەهۆی ململانێكان بۆ بەدیاریكردنی كاندیدی نوێنەرایەتی لەسوید، كوردانی ئەو وڵاتانە ناچارن كارەكانیان بەرۆتیناتی باڵیۆزخانەی عێراق بكەن، ئەوەش گرفتی گەورەی بۆ دروستكردون.