سەرەتایەک بۆ دابەشکردنی رۆژهەڵات

0

ئاگری ئیسماعیل نژاد

“پەکەکە لە ناوچەی هەڵەبجە بنەکەیەکی کردۆتەوە” ئەوە دەقی هەواڵی زۆربەی ڕاگەیاندنە کوردییەکانە لە هەفتەی ڕابردوودا. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە هەبوونی پەکەکە لەو ناوچەیە چ واتایەکی هەیە؟
بۆ وڵامی ئەو پرسیارە دەبێت ئاوڕێک لە دۆخی مێژووی و کۆمەڵایەتی رۆژهەڵات بدەینەوە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوو جومگەی مێژووی، کۆمەڵایەتی، ئایینی و زمانی هەن.
جومگەی یەکەم ورمێ_شنۆ، جومگەی دووهەم پاوە_کرماشان ئەو دوو جومگەیە رۆژهەڵاتی کوردستانی کردۆتە سێ بەش، ورمێ، سنە و کرماشان لە جومگەی یەکەمدا، لە رووی زمانییەوە، زاراوەیان دەگۆردرێت بەڵام مێژووی هاوبەش و پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابوورییان هەیە و ئایینی هاوبەشیان هەیە بۆیە ئەو دوو پاژە لە بواری سیاسییەوە، هەڵسووکەوتیان هاووشان و هاوشێوەی یەکە.
لە جومگەی دووەمدا جیاوازی زۆر دەکەوێتە بەشی کرماشان و سنە، بۆ وێنە پاوە و کرماشان پەیوەندی کۆمەڵایەتییان زۆر لاوازە و لە بواری مێژوویدا تێکهەڵچوونی عەشیرەتە کوردەکان لەو ناوچەیەدا هەبوو. لە رووی زمانییەوە پاوە ناوەندی زاراوەی هەورامی یە و بەشێکیشی بە کرمانجی نێوەراست قسە دەکەن. ناوچەی کرماشان ناوەندی زاراوەی کرمانجی خواروو(ئەڕازووان)ە و لە رووی ئایینییەوە کرماشان ناوەندی ئایینی “شیعە” و “یاری” یە.
بەڵام پاوە ناوچەیەکی سوننی نشینی کوردستانە، ئەو جیاوازییە ئایینی، زمانی و مێژووییە وای کردووە بەشی سنە و کرماشان خاڵی هاوبەشیان زۆر کەم بێت. لەگەڵ ئەوە بەرەی ناسیونالیزمی کوردی هەرچەندە سکۆلارە بەڵام لە کردەوەدا رووی لە ئایینی سوننەیە و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا رەوتێک لە نێو باوەڕمەندانی شیعە هەیە، کە جۆرێک “هاوسۆزییەکی ئایینی بەتین”ی لە نێو ئەو باوەڕمەندانەدا سازکردووە. ئەوەش وایکردووە کە کارتێکەری لەسەر کاڵبوونەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە نێو کۆمەڵگای باوەرمەندانی شیعەی کورددا هەبێت.
چون “ئەویتری” کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات “فارسی شیعە” یە، ئەوە تەنیا تەنگژەی نێو بەرەی ناسیۆنالیزم نییە بەڵکوو بەرەی ناسیۆنالیزمی کوردی دەرهەق بە ئایینی یاری (کە ئایینی کۆنی کوردانە) بێبایەخ بووە. ئەو بایەخەی کە دەبێت بەو ئایینە بدرێت نەیداوە. ئەو قەیرانانە وای کردووە پەیوەندی نێوان ناسیۆنالیزمی کوردی و بەشی کرماشان زۆر لاواز بێت.
بوونی پەکەکە، لەو ناوچەیەدا تەنیا هەبوونی حیزبێکی سیاسی لەو ناوچەیەدا نییە، پەکەکە باسی ئەوە دەکات کە ئەو ڕەوتی بەرانبەر بە بەرەی ناسیۆنالیزمی کوردە، ئەگەر باڵی ئەو حیزبە لەو ناوچەیە بتوانێ گوتاری خۆی بکاتە گوتاری باڵادەست، مەترسی ئەوە هەیە ئەو بەشە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بەشەکانیتر جیابکاتەوە. لێرەدا ئێمە لەگەڵ بابەتی فرەدەنگی یان پلۆرالیزمی سیاسی بەرەوڕوو نین، بەڵکوو لەگەڵ گوتارێک بەرانبەر بە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیی بەڕەورووین. بەرەی ناسیۆنالیزمی کوردی سەرەڕای ئەوەی دەبێت لە کردەوەدا سۆکۆلارتر لە ئێستا هەڵسووکەوت بکات، دەبێ بە پێی تایبەتمەندییەکانی ناوچەی کرماشان گەڵاڵەی تایبەتی پێبێت و رێگە لە باڵادەستی ئەو گوتارە لەو ناوچەیە بگرێت، ئەگەر بەرەی ناسیۆنالیزم ئەو بوونەی پەکەکە لە ناوچەی هەورامان بە ئاسانی بەلایدا تێپەرێت و بە پلۆرالیزم لێکیداتەوە، بە دڵنیاییەوە مەترسی دابەش کردنی رۆژهەڵاتی کوردستانك دێتە پێش.
لەبیرمان بێت پەکەکە نەچووە بۆ هەورامان بەڵکوو چووە بۆ ئەوەی بگاتە کرماشان و بەرەی ناسیۆنالیزم، دەبێت لەبیری بێت کە ئەرکی یەکەمی لە رۆژهەڵاتی کوردستان پاراستنی یەکپارچەیی جوگرافیای رۆژهەڵاتی کوردستانە، چون ئەو دابەش بوونە “مافی دیاری کردنی چارەنووس” دەخاتە مەترسییەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com