نوچە.نێت
ئاشنا عومەر
ئایا تا ئێستا پرسیومانە گرنگی هونەر چییە؟ زانیومانە کاریگەریی هونەر چییە؟ تێگەشتووین کورد پێویستی بەخۆ ناساندنەو هونەریش رێگایەکی کاریگەرترە لەدیپلۆماسیەت بۆ ئەو مەبەستە؟ ئەگەر زانیومانە بۆچی گرنگی پێنادەین؟ بۆ ئەکادیمیا بۆ هونەر دروست دەکەین و دواتریش بۆخۆمان نابوتی دەکەین؟ بۆ هیوا بۆ هونەرمەند دروست دەکەین و دواتریش هیواکانیان دەڕوخێنێن؟ بۆ ئەم فەزاحەتە بەهونەری ئەم وڵاتە دەکرێت؟ ئەگەر بەمەبەست هونەر لێرە نابوت ناکرێت، کێ خاوەنە ؟ بۆ چاکی ناکات؟
هەموو هاوڕاین هونەر بەهرەیە، بەڵام ئەم بەهرەیە پێویستی بەخۆفێرکردن و خۆ راهێنان هەیە، زۆر باشتریشە ئەگەر لەڕووی ئەکادمیییەوە خاوەنی ئەو بەهرەیە گۆشبکرێت و فێربکرێت، کە چۆن هونەر بکات.
لەدونیادا هونەریش بەشێکە لەوەبەرهێنان و بوارێکە بۆ سەرمایەگوزاری، سەرمایەگوزارییەک کەلەڕێیەوە دەستکەوتی گەورەی مادی کۆ دەکرێتەوە و نەریت و ویست و پەیامەکانی خۆشت دەگەیەنیت، ئاخر ئەگەر هەموو کاڵاکانی تر، سەرماگوزاری پێیانەوە تەنها دەستکەوتی مادی بهێنێتەوە وڵاتێک، هونەر و کاری هونەری هەم دەستکەوتی مادی دێنێتەوە هەمیش دەستکەوتی مەعنەویی گەورە، کەلەڕێیەوە، پەیام، مێژوو، ژیان، شارستانیەت و سروشتی وڵاتەکەی خۆت بەدونیا دەگەیەنیت، بەڵام ئێمە تائێستا ئەم سودەمان لەهونەر وەرنەگرتووە.
هونەر لەمێژووی کورددا، کەم کاریگەر نەبووە، شۆرشێک نییە هونەر بەهاندان بەشداریی تێیدا نەکردبێت، ڕاپەڕینێک نییە لەمێژووی کورددا هونەر جێگەی لەسەرهەڵدانیدا نەبوبێت، بەڵام ئەم کاریگەرییە بۆناوخۆی خۆمان بووە لەسەر دەمی ژێر دەستی، درێژ نەبووەتەوە بۆ دوای بەخاوەنبوونی حکومەت، نەبووەتە پردێک لەڕێیەوە بچینە دەرەوە، نەمانتوانییوە وەک میللەتانی تر سود لەهونەر ببینین بۆ ئەو مەبەستە.
نمونەی دوور باس ناکەین، بڕوانە وڵاتانی دراسێمان، کەئاستی پێشکەوتنیان زۆرتر نییە لەخۆمان، بەڵام بەهونەر گەورەترین سەرمایەگوزاری لەخزمەتی وڵاتەکەی خۆیاندا دەکەن.
دراماکانی سوریا بەر لەوێران بوونی ئەو وڵاتە، بازاڕی ناوچەکەی تەنی بوو، ئێران ناوچەکەی پڕکردووە لەفیلم و دراما و لەو ڕێگایەوە گەورەترین هەڵمەتی سیاسی و پەروەردەیی لەناوچەکە بەگشتی نەک هەر ئێران بەرپاکردووە، تورکیا لەو رێگایەوە نەک هەر ئەم ناوچەیە تا هەموو بازاڕەکانی دونیا چووە، بەڵام لەکوردستان هێشتا هونەری هەولێر لەسلێمانی قبوڵ نییە و هی سلێمانی لەهەولێر ناخوێنرێتەوە.
لای شارەزایانی ئەو بوارە شتێکی تازە نییە گەر بڵێین، هۆکاری پێشکەوتنی وڵاتانی دیکە لەبواری هونەرو گەشتنی هونەرەکەیان بەو ئاستەی سەرمایەگوزاری پێووە بکەن، هەبوونی ئەکادیمیاو گۆشکردنی زانستیانەی بەهرەمەندەکانیانە، هۆکاری دواکەوتنی کوردیش لەڕابردوو لەو ڕووەوە نەبوونی حکومەت و بێ دەسەڵاتی بووە لەدامەزراندنی ئەکادیمیاو بەرنامەرێژی لەو بوارەدا.
بەڵام گرفت ئەوەیە، دوای بوونە خاوەن حکومەتیش وێڕای دامەزارندنی چەند پەیمانگاو کۆلێژێکی هونەریی هێشتاش وەک خۆی لەوە تێنەگەشتووین، کەچی بدەین بەهونەر و چی بەهونەر بەدەستبهێنین.
راستە دامەزراندنی کۆلیژە هونەرییەکان لەکوردستان، هیوای گەورەی دروستکرد بۆ هونەرمەندان و ئەو رۆشنبیرانەش کەتێدەگەن هونەر چییە، بەڵام ئێستا هەندێ ئاماژەی هیوا پڕوکێن هەن، کەپێمان دەڵێن، رەنگە دامەزراندنی ئەو کۆلیژانە ئەوەندەی بۆ ڕۆتینات و ئەوەندەی بڕیارێکی شکڵێ بوبێ، ئەوەندە هەوڵی دروستکردنی هونەرو بایەخدان نەبوبێ بەهونەر، ئاخر ئەم گومانە لەنیازی پشت دامەزراندنی کۆلیژەکانەوە بێ بنەما نییە، خۆ ئەگەر گەشتێک بەناو کۆلیژی هونەرە جوانەکاندا بکەیت لەهەولێری پایتەختدا، رەنگە ئەو گومانە بۆتۆ ببێتە یەقین، کە لەم وڵاتەدا هونەرو بیرکردنەوە لەهونەر لای بەرپرسان بڕواو تێگەشتن نییە لەهونەر.
چونکە دۆخی کۆلیژی هونەرە جوانەکان لەهەولێر، دۆخێکە کەلاوەکی ترین دامەزراوە خۆزگەی پێنەخوازێ، لەوێ کێشەی کارەبا، نەبوونی ئامێرو ئالەتی پێویست، نەبوونی بینایەکی گونجاو و شایستە بەهونەر، وایکردووە نەک هیوای قوتابیەکانی ئەو کۆلیژە گەورە ناکات و ئایندەی هونەرمەندبوونیان بۆ ناکاتە ئامانج، بەڵکو خەریکە خەونەکانیان دەزڕێنێ و پەشیمانیان دەکاتەوە لەوەی قبوڵیان بووە، یان هەوڵیانداوە لەو کۆلیژەدا بخوێنن.
بۆیە دوای بیرخستنەوەی ئەوەی هونەر بۆ وڵاتانی دونیا و ئەوانی دەوروبەریشمان چۆنە و چی پێدروستکراوە، دوای بیرهێنانەوەی ئەوەی ئەکادیمی بوون بواری هونەر دەکاتە بوارێک لەخزمەتی وڵاتەکەشدا بێ، دوای خستەڕووی ئەوەی دۆخی ئەکادیمیاکانی هونەر لەم وڵاتەو بەتایبەت لەهەولێر چۆنە، لەحکومەتی هەرێم و لایەنی بەرپرس دەخوازم :
بەر لەوەی هیواکانی قوتابیانی ئەو بوارە زیاتر لەوە بڕوخێ و بچوک بێتەوە، جدیتر بیر لەهونەر بکەنەوە و خێراتر بیر لەچارەسەرکردنی گرفتەکانی ئەو بوارە بکەنەوە.
بەر لەوەی ببین بەژێر لێشاوی پەیامە هەناردەکراوەکانی دەوروبەرەوە لەڕێی هونەرەوە، بیر لەوە بکەنەوە چۆن هونەری کورد بگەیەننە ئەو ئاستە بەرزەی لەڕێگاوە کورد زیاتر بەدونیا بگەیەنن.
هەوڵبدەن بزانن چۆن ئەکادیما دەکەنە جێگەی پێگەیاندنی هونەر و چۆن هونەرمەند دەکەنە کاریگەرترین و سەر ڕاستترین نوێنەرو پەیامگەیەنری کورد بەکوردستان و بەدەرەوەی کوردستان.