بەهرە حەمەرەش
كاتێك موقابلەی ئەو ژنە حەڤدە ساڵەم كرد، كە بەهۆی میراتەوە لەلایەن براكانییەوە برینداركرابوو، پێموابوو بەخستنەرووی كێشەكە، هەم ژیانی ئەو ژنە گەنجە دەپارێزم و هەم رێكخراوەكانی ژنان و دەزگاحكوومییەكان بەكاری خۆیان هەڵدەستن، چونكە تاوانەكە و مەترسیی سەر گیانی ژنەكەش ئاسایی نەبوو.
دوای حەڤدە رۆژ لە برینداركردنی، هێشتا تۆمەتبارەكان دەستگیرنەكرابوون. ئەوكاتەی بڵاومكردەوە، بەرپرسێكی رێكخراوێكی ژنان، كە تاوانبارەكان سەربەهەمان حزبی رێكخراوەكەی ئەوبوون، گوتی؛ ئەگەر تاوانبارەكان دەستگیرنەكرێن ئەوا دەستلەكاردەكێشمەوە. بەڵام دوای زیاتر لە دەمانگ و تا كوشتنی ئەو ژنەش نەتاوانبارەكان دەستگیركران و نە ئەو ژنە بەرپرسەش دەستی لەكاركێشایەوە..
نەهیچ یەك لە لەشكری “چالاكوانی ژنان و نە رێكخراوێكیش” پەیوەندیی كرد بۆئەوەی بەهانایەوە بچن..
ئەو ژنە گەنجە، ئەمساڵ مانگی دوو هەر لەلایەن براكانییەوە كوژرا. ئەو كاتەی كوژرا تەمەنی هەژدەساڵبوو و دایكی سێ منداڵبوو. دیسان كەس دەنگی لێوەنەهات.
ئەوە وێڕای هەبوونی لەشكرێك لە چالاكیی ژنان وەك خۆیان دەڵێن.
وێڕای هەبوونی مێژوویەك لە خەبات و تێكۆشانی ژنان لە كوردستان، بۆبەدیهێنانی دادپەوەری رەگەزی، بەپێی ئامارەفەرمی و نافەرمییەكان، هەروەها بەپێی ئەو بارودۆخەی ژنان لە كۆمەڵگەی كوردی تێیدا دەژین، لە پاشەكشێدان..
لەگەڵ ئەوەی زۆرترین باس لەسەر بزووتنەوەی فیمینیزمی و هەبوونی ژنانی فیمینیست لەكوردستاندا، هەروەها هەبوونی رێژەیەكی زۆر لە رێكخراو و دەزگای تایبەت بە داكۆكیكردن لەمافەكانی ژنان، دەكرێت، ئەنجامێكی دڵخۆشكار و جێی هیوا بۆ بەدیهێنانی كۆمەڵگەیەكی دادپەروەر، لە رووی رەگەزییەوە نییە.
تێكەڵ و پێكەڵی كارەكانی زۆر لەو دەزگا و دامەزراوانەی بەناوی ژنەوە هەن، هەروەها هەبوونی ژنانێك كە هێشتا خۆشیان ئاشنای مافەكانی مرۆڤ و دادپەروەری رەگەزی نین، دەبێـتە هۆی ئەوەی هەموو ئەو میكانیزمانەی كە لە دنیای پێشكەوتوودا بۆ بەدیهێنانی مافەكانی ژن سەركەوتووبوون، لە كوردستان وەك نموونەی شكست تەماشابكرێن. سەنتەرەكانی داڵدەدانی ژنان، ئەو نموونەیەن كە بەر لەوەی تێگەیشتن و میكانیزمی گونجاو بۆ ئیشی ئەو شەڵتەرانە بگیرێتەبەر، ژنانێكی ناشارەزا بە كارەكە، بوونە خاوەن. كە هەموومان كەم تازۆر ئەنجامەكەیمان بینی.
هەروەها خاوەنداری و بەرپرسیارێتی بەشێكی زۆر لە رێكخراوەكانی ژنان بەهەمان شێوە، لەرووی دنیابینی و تێگەیشتن لە خەباتی بزووتنەوەكانی ژنان، هەروەها ئامانجی كاركردن و نەبەستنەوەی كێشەكانی ژنان بە لایەن و دەزگا پەیوەندیدارەكان، بوونە دەزگایەك بۆ پاشەكشێی زیاتری دۆخی ژنان.
لەكاتێكدا، زۆرجار باس لە هەبوونی بزووتنەوەی ژنان لەكوردستان دەكرێت، بەڵام تەنیا لەرووی ناوەوە لە رووی ناوەرۆكەوە تا ئێستا ژنی كورد خاوەنی بزووتنەوەیەكی، یەك دەنگی ژنان و یەك ئامانج و هەڵوێست نین. هەموو ئەو شتانەی لەسەرەوە باسمكردن هۆكاری ئەوەن.
بۆیە هەرگیز لەسەر هیچ تاوان و تیرۆرێك كە دەرهەق بە ژنان ئەنجامدەدرێـت، نەتوانراوە رای گشتی لەسەر دروستبكرێت، هەروەها بكرێتە قەزیەیەك كە حكوومەت ناچاربكات چاوێك بە بارودۆخی دادگا و پۆلیسدا لەهەمبەر كێشەكانی ژنان بخشێنێـتەوە.
ئەوە وێڕای ئەوەی تائێستا هیچ رێكخراوێكی ژنان، ئەوەندە كاریگەر نەبووە كە میكانیزمێكی گونجاو بۆ هوشیاركردنەوە و تێگەیشتنی پیاوانی پۆلیس و دادگاكان لەو تاوانانەی كە بەرامبەر بە ژنان دەکرێن، بە تەنگ بەدواداچوون و بە سزاگەیاندنی تاوانبارانی دۆسیەكانی ژنان بن..
بزووتنەوەی فیمینیزم لەجیهاندا، هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە تائێستا خاوەنی چەندین دەستكەوت و ئەنجامی دڵخۆشكەرن، بەشێك لەو دادپەوەرییە كۆمەڵایەتییەی كە لە كۆمەڵگەی ئەوروپیدا هاتەدی، زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم، بەشێكی دەستكەوتی بزووتنەوەی فیمینیزمی بوو.
بزووتنەوەی فیمینیزمی لە وڵاتانی پێشكەوتوودا، هەمیشە وەك بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی هەمیشە زۆرترین جار جەختیان لەسەر هەڕەشەی نایەكسانی لەنێوان رەگەزەكاندا و جیاكاری رەگەزی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بەرەوپێشبردنی مافی ژنان، كردۆتەوە. ئامانجی دروستبوونی بزووتنەوەی فیمینیزمی، گۆڕینی هەیكەلی ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسی بوو، لەسەر بنەمای جیاوازی رەگەزی.
چەسپاندنی مافەكانی ژنان لەیاساو نەریتە كۆمەڵایەتییەكاندا، هەروەها ماف و ئیمتیازە كۆمەڵایەتییەكان و پلەو پایەو ئەرك لەسەر بنەمای لێهاتوویی نەك رەگەزی، لە كارە سەرەكییەكانی ئەو بزووتنەوەیە بووە.هەربۆیە دەنگدانی ژنان و مافی میرات و كۆمەڵێك مافی تر، كە ئێستا ژنانی وڵاتانی پێشكەوتوو خاوەنین لەسەر دەستی فشار و خەباتی بزووتنەوەی فیمینیزمی بووە.
بەپێچەوانەوە پاشاگەردانییەك لە بواری كاركردن بۆ مافەكانی ژنان، لەكوردستاندا هەیە. كە نەك هەر خەباتی بۆ گەیشتن بە دادپەروەری كۆمەڵایەتی نییە بەڵكو بەجۆرێك لەجۆرەكان، هەموو قەزیەكانی ژنانیان كردۆتە قوربانی مەرامە حیزبی و كەسییەكان و ئەو دروشمانەی كە بەرزیان كردۆتەوە، پێچەوانە بوونەوە.