فازڵ میرانی بۆ نوچه‌نێت: رێگه ناده‌ین ئه‌و فه‌وزایه‌ی بادینان بپه‌ڕێته‌وه بۆ هیچ ناوچه‌یه‌كی تر
نوچه‌نێت: هه‌ولێر
فازڵ میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و رووداوانه‌ی له ناوچه‌كانی بادینان روویاندا، بۆنی ئه‌وه‌یان لێدێت كه ده‌ستێك هه‌بێت له پشتییه‌وه، ده‌شڵێت “رێگه ناده‌ین ئه‌و فه‌وزایه بپه‌ڕێته‌وه بۆ هیچ ناوچه‌یه‌كی تر”.
له لێدوانه‌كه‌یدا بۆ نوچه‌نێت، له‌سه‌ر رووداوه‌كانی ناوچه‌ی بادینان، فازل میرانی وتی “ئه‌و رووداوه‌ی ئه‌مرۆ به نیسبه‌ت ئێمه‌وه موفاجه‌ئه بوو، چونكه ئه‌مرۆ له نوێژی جومعه‌دا مه‌لایه‌ك فه‌توای داوه، كه هه‌ندێك شوێنی مه‌ساج و هوتێل و مه‌یفرۆشتن هه‌یه، به ناوی جیهاده‌وه خه‌ڵكی هانداوه له دژییان، واش پێده‌چه‌ێت كه ئه‌م كاره به پێی به‌رنامه‌یه‌ك بووه، كه پێشتر دارێژراوه، چونكه ئه‌و هه‌موو راگه‌یاندنه و ئه‌و هه‌موو لافیته دینیه‌ی هه‌ڵیان گرتبوو، روونه كه سه‌ر به چ حیزبێكن، ئێمه به‌رگری له مه‌شروب فرۆشی ناكه‌ین، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی مه‌شروب ده‌فرۆشن مه‌سیحی و ئێزیدین و ئێمه‌ش به‌رگری له‌وانه ده‌كه‌ین”.
میرانی ئاماژه به‌وه ده‌دات، كه ئه‌و رووداوانه‌ی روویانداوه، رووپۆش كراون به به دژایه‌تی شوێنه گه‌شتیارییه‌كان، چونكه وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “له هه‌موو ده‌وڵه‌تێكی ئیسلامیش، باڕ و هۆتێل و شوێنی مه‌ساجیش هه‌یه و مزگه‌وتیش هه‌یه، واته ئه‌وه نیه ئه‌م شتانه ته‌نها له وڵاتی ئێمه هه‌بێت، به‌ڵكو له كوه‌یت و سوعدییه‌ش هه‌یه، له توركیا و مالیزیا هه‌یه، له تونس بزووتنه‌وه‌ی نه‌هزه‌ی ئیسلامی بردییه‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌كان راشی گه‌یاند كه ئه‌و شتانه ئاسایین هه‌بن، كاتێك په‌لاماری ئه‌و بار و شتانه‌درا، وتمان ره‌نگه كۆمه‌ڵێك گه‌نی توڕه ئه‌مه‌یان پێ قبوڵ نه‌كرێت، به‌ڵام كاتێك په‌لاماری دوكانی تر و خه‌ڵكی تر و هێزه‌كانی پۆلیسیان دا و ویستیان به‌ره‌و قایمقامییه‌ت هێرش بكه‌ن، ئه‌مه بۆنی شتێكی مونه‌زه‌می لێدێت”.
فازڵ میرانی ئه‌و زانیارییانه‌ی خۆیان ده‌خاته‌ڕوو، كه له‌سه‌ر رووداوه‌كانی بادینان هه‌یانه، وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت “له سه‌ره‌تاوه ده‌نگۆیه‌ك هه‌بوو كه براده‌رانی یه‌كگرتوو له پشتی ئه‌و رووداوانه‌وه‌ن، ئێمه به براده‌رانی خۆمان وت، ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش له پشته‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه‌وه بن، نابێت باره‌گاكانی یه‌كگرتوو و هیچ حیزبێكی تر رووبه‌رووی هیچ ره‌د فیعلێك ببنه‌وه و ده‌بێت بیانپارێزن، چونكه ئێمه وتمان هێشتا هیچ دیار نیه و ئه‌وانه‌ی كه زیانییان پێگه‌شتووه، با بچن له دادگا داوای خۆیان تۆمار بكه‌ن، چونكه ئه‌وانه‌ی ئه‌و كاره‌یان كردووه، هه‌موویان وێنه‌یان دیاره له ڤیدیۆ و دیارن كێن كه ئاگر به‌رده‌ده‌ن له شوێنه‌كان و خه‌ڵكییان هانداوه و لافیته‌یان پێیه، به‌ڵام كاتێك په‌لاماری پۆلیسییان دا و ویستیان هێرش بكه‌نه سه‌ر قایمقامییه‌ت، بۆیه خه‌ڵكی زاخۆ و پۆلیس و ئاسایش به‌ره‌نگارییان بوونه‌وه، به‌ر له كاتژمێرێكیش ئاگاداری‌یان كردین، كه‌وا به‌رپرسی یه‌كگرتووش له كه‌ناڵی نالیا موقابه‌له‌ی كردووه و به ئاشكرا قسه‌كانی ناڕێك بوون، به شێوه‌یه‌ك بوون ئه‌گه‌ر من كه‌سێكی سه‌ربه‌خۆش بوومایه، ده‌مگووت ئه‌م كابرایه ده‌ستی تێدایه، ونكه پێشتر باره‌گاكانییان به‌جێهێشتبوو و ئیداره‌شیان تۆمه‌تبار كردبوو به‌و كاره و وتبوویان ئه‌م كاره به‌و چاره‌سه‌ر ناكرێت و ده‌یانه‌وێت ئه‌زمه‌ی خۆیان بگوازنه‌وه بۆ سه‌ر یه‌كگرتوو”، وتیشی “به داخه‌وه ئه‌م فه‌وزایه بوو له‌وێش و له سمێلیش، چونكه شوێن هه‌بووه قوماشی تێدا بووه سوتێنراوه، بۆیه به بڕوای ئێمه ئه‌مه شتێكی عه‌فه‌وی نه‌بووه و ده‌ستێكی له پشته، جه‌نابی سه‌رۆك ته‌ئكیدی كرد، كه هه‌موو شته‌كان له رێگه‌ی قه‌زا و پۆلیس و عه‌داله‌ته‌وه بێت، كه ئه‌وانه‌ی زیانییان پێگه‌شتووه بچن داوا تۆمار بكه‌ن ئیتر هه‌ر كه‌سێك بێت، ئێمه هه‌موو ئه‌م كارانه ئیدانه ده‌كه‌ین، چونكه ئه‌مه خۆپیشاندان نیه و ته‌خریبه، ناكرێت باره‌گای هیچ حیزبێك بسوتێنرێت، له‌گه‌ڵ براده‌رانی یه‌كگرتووش قسه‌م كردووه، هه‌موو ئه‌م قسانه‌مان له‌گه‌ڵ كردوون، ئێمه پێمانوایه ئه‌م رووداوانه نه‌كه‌ینه بابه‌تێك له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان، به‌ڵكو بیكه‌ینه رووداوێكی نه‌خوازراو، تا ده‌گه‌ینه ئه‌نجامه‌كان، هه‌تا ئه‌نجامه‌كان ده‌رنه‌چن، ئێمه ناتوانین هیچ شتێكی تر بڵێین له‌سه‌ری”.
سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه، كه رێگری ده‌كه‌ن له ته‌شه‌نه‌كردنی رووداوه‌كان و ده‌ڵێت “ئێمه قبوڵ ناكه‌ین ئه‌م فه‌وزایه ته‌شه‌نه بكات بۆ هیچ شوێنێكی تر و هیچ شوێن و باره‌گایه‌كی تر له هیچ ناوچه‌یه‌ك بسوتێنرێت، به‌ڵام نابێت ده‌ستی تۆمه‌ت بۆ هیچ كه‌سێك درێژ بكرێت، ئه‌وه ئێمه نین كه باره‌گای یه‌كگرتوومان سوتاندووه، به‌ڵام به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌یان ده‌ڵێت، خه‌ڵكی ناوچه‌كانی پارتی بوونه، ئه‌مه تۆمه‌تباركردنی تێدایه، چونكه ئه‌وانه‌ی كه هه‌ستاون به سوتاندنی شوێنه‌كان خه‌ڵكی یه‌كگرتووی تێدایه، به‌ڵام ئێمه جارێ ناڵێین یه‌كگرتووه”.
ده‌باره‌ی ناسنامه‌ی ئیسلامێتی خه‌ڵكیش ده‌ڵێت “من هه‌میشه وتومه و ده‌شیڵێم، ته‌نها ئه‌حزابی ئیسلامی ئیسلام نین، ئێمه ناسنامه‌ی موسوڵمانی له هیچ كه‌سێك وه‌رناگرین، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكێك فێری ئیسلامه‌تی بووبێت، له مه‌لا مسته‌فا و پارتییه‌وه فێر بووه، ئه‌مه قابیلی موناقه‌شه نیه، ئێمه ئیسلامی سیاسی نین، به‌ڵام مزگه‌وته‌كانی هه‌ولێر بێلایه‌نێك بچێت ئه‌و كه‌سانه‌ی رۆژانی جومعه ئه‌چن بیانژمێرێت، له سه‌دا حه‌فتای پارتی ده‌بن، بۆیه ئێمه هه‌ویه‌یی ئیسلامی له هیچ كه‌سێك وه‌رناگرین، كه‌س لای ئێمه به‌رگری له مه‌یفرشی ناكات، به‌ڵام به‌رگری له مه‌سیحی و ئێزیدیی ده‌كه‌ین”.
ر، ر، چ