بەڕاست لەسەر ئەركی خۆتان بوو؟

0
بەڕاست لەسەر ئەركی خۆتان بوو؟
ئاشنا عومەر
 
 
هونەر و بەرهەمی هونەری، بێ خەرجییەكی زۆر دروست نابێ، ئەو وڵاتانەی هونەر تێیاندا زیندووە، ئەوانەن خەرجییەكی زۆر لە هونەرەكەیاندا دەكەن، بەڵام ئەو خەرجییەیش لە داهاتی هونەر خۆی دابین دەكەنەوە، واتە هونەر هەم داهاتی هەیە و هەم خەرجی. بۆیە لەگەڵ ئەو بۆچوونە نیم كە پێی وایە هونەر نابێ بازرگانیی پێوە بكرێت، بەڵكو رێگەی دروست ئەوەیە هونەر بە عەقڵی سەرمایەگوزاریی مامەڵەی پێوە بكرێت، داهات بهێنێ، تا بتوانێ خەرجیش بكات بۆ بەردەوامبوونی. 
 
چۆن داهات بێنێ و چۆن بەو عەقڵە كار بۆ هونەر بكرێت؟ ئەوە پرسێكی ترە و هەوڵ دەدەم لە كاتێكی تردا قسەی لەسەر بكەم. ئەوەی بۆ من لێرەدا جێی سەرنجمە‌، خەرجیی هونەرە و ناڕاستگۆیی هونەرمەند، نابەرپرسی بەرپرسە و ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان هونەرمەندی ئێرە و ئەوێدا دەكرا، ئەو درۆ لەمێژینە بوو لەگەڵمان دەكرا.
 
كورد هەر كوردە، لەهەر كوێ بێت و لە كام وڵات بژی، كوردستانیش نیشتمانی هەموو كوردە، لێرەبن یان لەوێ، بەڵام بەداخەوە خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ كوردی ئێرە و كوردی دەرەوە، دابەشبوونێكی لە نێوان ئەم میللەتەدا دروست كرد، خەریك بوو تا ئاستی رقلێبوونەوە لە یەكتر بڕوا، گرفت ئەوەبوو ئەوانەی هۆكار بوون بۆ ئەو دابەشبوونە بۆ هەنگاونان بەرەو رق لە یەك بوون، بەشێكی گەورەیان هونەرمەندان بوون، بەڵێ هونەرمەندان ئەوانەی دەبوو لە جێی ئەوە عەوداڵی دادپەروەری و خۆشەویستی بن.
 
حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵسۆزانە، خەمخۆرانە بۆ هونەر، بەڵام بێ بیركردنەوە لەوەی چۆن هونەر خۆی خۆی بەڕێوە ببات و لەسەر پێی خۆی بوەستێ، خەرجییەكی زۆری بۆ بواری هونەر كرد، گرنگیی گەورەی پێ دا و بودجەی شایستەی بۆ تەرخان كرد. بەڵام ئەوانەی بە پراكتیكردنی ئەو نیازە باشەی حكوومەت هەستان، نەیانتوانی دادپەروەر بن، هونەرمەندانیان دابەشی سەر هونەرمەندانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات كرد، ئەوانی ناوخۆی وڵاتیان رێسوا و موحتاجی بەردەرگەی سكرتێرەكانیان كرد و ئەوانەی دەرەوەیشیان خستە سەر فەرشی سووری پێشوازی، بۆ داپۆشینی ئەم كارە نادۆستانەیشیان بە وڵات، درۆكردنیان بۆ هونەرمەند پێشنیاز كرد، كە ئەنجامەكەی لە هونەرمەندخستنی ئەوان لەرووی ئەخلاقی هونەریی و دروستكردنی بێ باكی و بێ منەتی بوو بەرامبەر بە حكوومەت و وڵات.
 
بڕیار بەدەستانی بواری هونەر، لە بەرامبەر بەرهەمهێنانی كلیپێك بۆ هونەرمەندێكی ناوخۆ بە نرخی ناوخۆی كوردستان، ئەلبوومێكیان چەند جار بەرزتر لە نرخی دەرەوە بۆ هونەرمەندێكی دەرەوە بەرهەم دەهێنا، لە بەرامبەر كورتە فیلمێك بۆ دەرهێنەرێكی ناوخۆی كوردستان و بە نرخی ناوخۆی كوردستان، بەرهەمهێنانی چەند فیلمێكی درێژیان دەدایە هونەرمەندێكی دەرەوە بە چەندجار بەرزتر لە نرخی دەرەوە بۆ بەرهەمهێنانی فیلم، شانۆ هەروا، شێوەكاری هەروا و تا دوایی. هونەرمەندانی دەرەوەیشیان فێر دەكرد، هەر كەس لێی پرسین، بڵێن ئەوەی كردوومانە لەسەر ئەركی خۆمان بووە و بە پارەی گیرفانی خۆمان بووە. بەڵام ئەو گوتنەی هونەرمەندان لای من دوو شتی دەسەلماند:
یەكەم: هونەرمەند نەبوونی ئەوانی هونەرمەند
بۆ منێك كە دەمزانی خەرجیی هونەر چییە و تا چەند هونەرمەند دەتوانێ لەسەر ئەركی خۆی بەردەوام بێت، ئەوەی ئەوان دەیانگوت درۆ بوو، درۆیەكی رووت و هیچی تر، درۆیەك كە ناسنامەی هونەرمەندبوونی لەوان دەسەندەوە. ئاخر هونەر واتە راستگۆیی و جوانی، كاتێك كەسێك بەناوی هونەرەوە درۆ بكات، بێگومان هەرچیش پێشكەش بكات درۆیە و هونەر نییە، كە هونەریشی نەبوو، هونەرمەند نییە.
دووەم: نابەرپرسبوونی ئەوانی بەرپرس
لای من بەرپرسی دڵسۆز ئەو بەرپرسەیە متمانە لە نێوان خەڵك و حكوومەت دروست بكات، ئەو بەرپرسەیە پیاوەتی بە ئاوی حەمامەوە نەكات، پارەی حكوومەت بەكار نەهێنێت بۆ دروستكردنی سوپاسێك بۆ خۆی، بەڵكو ئەگەر پارەیەك خەرج دەكات بۆ كەسێك، بۆ پڕۆژەیەك، یان بۆ بەرهەمێك، دەبێ بە خەڵك بڵێ كاری ئەو كەسە، ئەو پڕۆژەیە، ئەو بەرهەمە بە خەرجی حكوومەت دروست كراوە، تا لەو رێگەیەوە بە خەڵك بڵێت، حكوومەتەكەت لەپێناو پێشخستنی فەرهەنگ و هونەری وڵاتەكەی تۆدا خەرجی دەكات و خزمەت دەكات. نەك حكوومەت بەكار بێنێ بۆ دروستكردنی ناوبانگ بۆ خۆی.
بەڵام لەم بوارەدا بەرپرسان بەو پێشنیازەی بۆ هونەرمەندانیان دەكرد كە بڵێن لەسەر ئەركی خۆیان كار دەكەن، پێنەزانینیان بۆ حكوومەت دروست كرد، غروورێكی درۆزنانەیان بۆ هەندێ هونەرمەند دروست كرد كە خۆیشیان باوەڕ بێنن كە لەسەر ئەركی خۆیان هونەر دەكەن و پێشكەشی خەڵكی ئەم وڵاتەی دەكەن، نەك حكوومەت لە پشتیانەوە وەستابێت، ئەمە قسەی بێ بنەما نییە من دەیكەم، بگەڕێوە بۆ قسەی ئەوانەی لەسەر ئەركی حكوومەت هونەریان دەكرد و بە ئێمەیان دەگوت لەسەر ئەركی خۆمانە، بزانە چ رەخنەگرێكی عەبقەرین لە حكوومەت، لەوەی كە بە حیسابی خۆیان پشتگوێ خراون و گرنگییان پێ نادرێت و بە خەرجی خۆیان كاریان كردووە.
 
ئاخر بەرپرسیارێتی، واتە بەرپرس لە دروستكردنی پێوەندی باش لە نێوان خەڵك و حكوومەت، كاتێك بەرهەمی تۆ وەك بەرپرسێك دروستكردنی پێنەزانین بێ بۆ خزمەتەكانی حكوومەت، بەسپۆنسەریی خودی حكوومەت، كەوایە تۆ نابەرپرسی و نادڵسۆزی.
كام هونەرمەند لەوانەیشی ئەو قسانەیان كردووە و ئێستە پێیان وایە ئەم نووسینە بێ ویژدانی بەرامبەر كردوون، با بفەرموون ئێستە لەسەر ئەركی خۆیان دوو بەرهەمی باش پێشكەشی ئەم وڵاتە بكەن، دوو ئەلبووم، دوو فیلمی سینەمایی، دوو شانۆ، با بگەڕێنەوە وڵات و ئەو بەرهەمانەی لەسەر ئەركی خۆیان بەرهەمی دێنن، پێشكەشی خەڵكی ماندووی ئەم وڵاتەی بكەن، چ كات لە ئێستە زیاتر هونەر پێویست بووە؟ چ كات كاركردن لە ئێستە پێویستتر بووە؟ 
خۆ ناكرێ ئەوانیش بڵێن ئێستە بەهۆی تەنگژەوە ناتوانین كار بكەین، چونكە ئەوان لە دەرەوەن، وەك خۆیان دەیانگوت لەوێ كاری خۆیان دەكەن و كاری زۆر باشیان هەیە، بێگومان ئەو وڵاتانەیش كە هونەرمەندان لێوەی دەهاتنەوە، هەموو دەزانین تەنگژەی دارایی رووی تێ نەكردوون، بۆیە هونەرمەندانیش ئەگەر بە راستی كاریان كردبێ، بە دڵنیاییەوە ئێستە بێ كار نەبوونە، دەی بفەرموون، ئەوە مەیدان، ئەوە حەزی ئێمە بۆ بیستن و بینینی هونەری ئێوە، بزانین پێشتر راستتان دەكرد و لەسەر ئەركی خۆتان كارتان دەكرد؟ یان لەسەر ئەركی حكوومەتێك بوو كە ئێوەی بێ باككردن بەرامبەر بە هاوكاریكردنتان؟
من ئەوكات و ئێستەیش دڵنیام، ئەوە خراپ مامەڵەكردنی بەرپرسانی ئەو بوارە بوو بە هاوكارییەكانی حكوومەتەوە بۆ هونەر، ئەوەی خوڵقاندبوو كە هەندێ هونەرمەند ئەو منەتە بەسەر خەڵكی ئەم وڵاتەوە بكەن، نەك ئامادەیی خۆیان بۆ ئەو لەخۆبوردووییە بۆ هونەر، بۆیە ئێستە كە باس باسی چاكسازییە، باس باسی خۆڕێكخستنەوە و بەخوداچوونەوەیە، بە گرنگی دەزانم داوا بكەم، چیتر نە پیاوەتی بەسەر پارەی حكوومەتەوە بكرێت و نە جیاوازی لە نێوان هونەرمەندی ئێرە و ئەوێ بكرێت. داوا دەكەم، چیتر هونەرمەندێك كە خۆی بە هونەرمەند دەزانێ، رێگە نەدات ئەم درۆیە لەرێی ئەوەوە پەخش بكرێت، ئەگەر بە مافی خۆی دەزانێ هاوكاری بكرێت، بە ئاشكرا و بە سوپاسەوە بۆ حكوومەت بڵێ هاوكاری كراوم و خۆی لابدا لە پەخشكردنی درۆی لەسەر ئەركی خۆ بەرهەمهێنان، چونكە بەوە لای خەڵكێكی هۆشیار دەبێتە هونەرمەند لە هۆنینەوەی درۆدا. ئەگەر بەمافی خۆیشی نازانێ هاوكاری بكرێ، بە رەتكردنەوەی هاوكارییەكە گەورە دەبێت.

،،،،،،،،،،،

سەرچاوە لە ماڵپەری ووشە وەرگیراوە

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com