“عەلی باپیر بووە پێشەوای سیاسییەکان و کۆمەڵ پێشەنگی حزبەکانی کوردستان”

0

“عەلی باپیر بووە پێشەوای سیاسییەکان و کۆمەڵ پێشەنگی حزبەکانی کوردستان”
کۆمەڵی ئیسلامی توانیان خۆیان جیا بکەنەوە لە هەردوو بەرەی تەرەفگیر و تەماشاکار، بەرەیەکی نوێی خێریان دروستکردو هاتنە ناو باسەکەوە بۆ چارەسەر
نوچەنێت
دوای هەفتەیک لەگرژی سیاسی و میدیایی لەکوردستان، بەهۆی کردەوە توندوتیژییەکانی زاخۆ و هێرشکردنە سەر جێگاگەشتیارییەکان و ئاگرتێبەردانیان و سوتاندنی بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، مامۆستا عه‌لی‌ باپیر ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، ده‌ستپێشخه‌ریه‌كی‌ ئه‌نجامدا و له‌گه‌ڵ بەڕێزان مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و سه‌ڵاحه‌دین محمه‌د به‌هادین ئه‌مینداری‌ گشتی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان كۆبووه‌وه‌.
له‌باره‌ی عه‌بدولستار مه‌جید ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی کە هاوڕێیەتی مامۆستا عەلی باپیری کرد لەکۆبونەوەکەدا رایگەیاند”له‌چوارچێوه‌ی خه‌مخۆری بۆ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و ڕێشه‌كێش كردنی ئه‌و دیارده‌یه‌ی كه‌له‌بادینان به‌سه‌ر باره‌گاكانی یه‌كگرتووی ئیسلامی هێنرا مامۆستا عه‌لی باپیر رێگاچاره‌و پێشنیاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی خسته‌ به‌رده‌ست سه‌رۆكی هه‌رێم له‌چۆنێتی هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و بارگرژه‌ی ئێستاو ڕیشه‌كێشكردنی دیارده‌ی سوتاندنی باره‌گاو موڵك و ماڵی خه‌ڵكی، وه‌ ئیجرائاتی ته‌واو بكرێ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامده‌ران و تاوانبارانی ئه‌و كاره‌، ئه‌وه‌شی كه‌ ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێشكه‌شمان كرد ڕێگا چاره‌ی عه‌مه‌لی و جدییه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی ماف بۆ برایانی یه‌كگرتووی ئیسلامی و خه‌ڵكی تریش، وه‌ ڕیشه‌كێشكردنی ئه‌و حاڵه‌ته‌ مه‌ترسیداره‌شه‌.”
راشیگەیاند” سه‌رۆكی هه‌رێم ڕێگاچاره‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێ قبوڵبوو،‌ به‌ڵێنیشیدا بۆ جێبه‌جێكردنی پێشنیاره‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌کە.”
سه‌ڵاحه‌دین بابه‌كر وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی كودستان، له‌ لێدوانێكدا به‌ خه‌ندان ی‌ راگه‌یاند”پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ عه‌لی باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی، سه‌ردانی‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی كوردستانی‌ كردو له‌گه‌ڵ‌ مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین، ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوودا كۆبووه‌وه‌.
وتیشی: ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی هه‌رێم كۆمه‌ڵێك پێشنیازی‌ له‌گه‌ڵ‌ خۆی هێنایه‌ مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتوو، ئێمه‌ش لای خۆمانه‌وه‌ ئه‌و پێشنیازانه‌ تاووتوێ‌ ده‌كه‌ین‌و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ ره‌سمیی مه‌كته‌بی سیاسییدا هه‌ڵوێستی‌ خۆمانی‌ له‌باره‌وه‌ ده‌رده‌بڕین‌و وه‌ڵام ده‌ده‌ینه‌وه‌.
هەر لەو بارەیەوە عەبدولستار مەجید بەنوچەنێتی راگەیاند” ئومێدم هه‌یه‌ كه‌ دەستپێشخەرییەکە ئه‌نجامی باش به‌ده‌سته‌وه‌ بدات به‌ڵام ده‌توانین دوای بینینی هه‌نگاوی كرده‌یی بریار له‌سه‌ر قه‌بوڵكردنی بیشنیاری باش و گه‌شبینی بۆ بریاری باش بخه‌ینه‌ روو له‌وانه‌یه‌ یەکگرتووی ئیسلامی قسه‌ی كه‌م و زیادیان هه‌بێت له‌سه‌ر پێشنیاره‌كان به‌ڵام وایدەبینم ئەوانیش‌ قه‌بوڵی ده‌كه‌ن چونكه‌ داواكاری و گێرانه‌وه‌ی مافی ئه‌وانی تێدایه”.‌
دەستپێشخەرییەکەی کۆمەڵی ئیسلامی و عەلی باپیر ئەمیری ئەو حزبە، لەکاتێکدایە کە نیزک بەهەفتەیەک تێدەپەڕێت بەڵام سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کەمتەرخەمانە تەماشاکاری ئاڵۆزبونی رەوشەکەو گرژی راگەیاندنی پارتی و یەکگرتوون، بۆیە لای بەشێک لە چاودێرانی سیاسی دەستپێشخەرییەکەی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی وەک هەنگاوێکی پێویست و خزمەت بە رەوشی ئەمرۆی کوردستان ناو دەبەن.
سەرچاوەیەک لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە بەهۆی وەڵامنەدانەوەی رەسمی پارتەکەی بۆ دەستپێشخەری و پێشنیارەکان، نەیویست ناوی بهێنرێت بەنوچەنێتی راگەیاند، “دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی دەبێتە خاڵێکی پرشنگدار لەمێژووی خەباتی خۆیان، و خزمەتی گەورەش بە کۆمەڵگەی کوردستان دەکات، بێگومان دەبێت لێرەدا بڵێین کۆمەڵی ئیسلامی بووە پێشەواو مامۆستا عەلی باپیر بووە پێشڕەوی حزبەکوردیەکانی تر ی وەک ئێوە دەڵێن تەماشاکار لە دەستپێشخەری ئاشتەوایی، چونکە من پێم وایە سەرکردایەتی وەک سەرکردایەتی پارتی لەگەڵ ئەوەنین رویدا بەڵکو بەرپرسانی بادینانی پارتی بەرپرسن، بێ باکی پارتی و هەوڵنەدانی بۆ داننان بەو تاوانەی بەرانبەر یەکگرتوو کرا، یەکگرتووی خستۆتە بەرەیەکی ترەوە ئەگەرنا یەکگرتووش لەگەڵ ئەو توندوتیژییە نەبووەو نییە”.
سەرچاوەکەی نوچەنێت وتیشی”بێگومانم لەوەی یەکگرتوو پێشوازی لەهەنگاوێکی خێر بۆ خزمەتی دۆخی کوردستان دەکات و ئامادەشە چاوپۆشی لەهەندێ تاوان بکات، نەک بۆ ئەوەی وایبوێت بەڵکو بۆ ئەوەی یەکگرتوو ئامادەی قوربانیدانە لەپێناو سەرهەڵنەدانی توندوتیژی لەپێناو ئەوبڕوای لێبوردن و یەکتر قبوڵکردنە لە سەرەتاوە لەپێناویا سەریهەڵداو دامەزرا، بەڵام مادام لێرەدا برایانی دهۆک مەزڵومن بێگومان رای ئەوان زۆر گرنگ دەبێت لەم باسەدا”.
هەر لەو بارەی دەستپێشخەرییەکەی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، ئارام قادر سه‌ركرده‌ له‌ كۆمه‌ڵی ئیسلامی و سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، تایبەت بەنوچەنێت دەڵێت”كۆمه‌ڵ سیتراتیژیه‌تێكی هه‌یه،‌ ئه‌ویش هه‌وڵدانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی سیاسی هه‌مه‌ره‌نگ دروست بێت له‌كوردستان دوور له‌ره‌فزكردنی یه‌كتر دوور له‌ سوتاندنی باره‌گا و سفر كردنی یه‌كتر، به‌ڵام ده‌بێت بواری ‌رەخنەو‌ ‌رەخنه‌ له‌خۆگرتن هەر‌بمنێت میانگیری واته‌ كۆتای هینان به‌ئۆبۆزسیۆن بوون نیه‌ به‌ڵكو به‌مانای به‌رده‌وام بونی ململانێی سیاسیه‌ به‌شیوه‌یكی مه‌ده‌نی وسیاسیانە، ئه‌م هه‌وڵه‌ی ئه‌مرۆی مامۆستا عه‌لی بابیر بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چار‌‌ەیەكی هه‌نوكە‌یی بكرێت و كێشه‌ی دینی وتایفی دروست نه‌بێت به‌ڵام ئه‌م كێشه‌یه‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌رێكی بنەره‌تی هه‌یه،‌ ئه‌ویش چاكسازی بنه‌رتی وریشەییه‌ كه‌ خۆی له‌ چاكسازی له‌سیسته‌می سیاسی و یاسایدا ده‌بنێته‌وه‌”.
ئارام قادر چاوەڕوانی سەرکەوتنی دەستپێشخەرییەکەی کۆمەڵی ئیسلامی دەکات و لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت دەڵێت”جاری ده‌ست پێشخه‌رییەكه‌ له‌گفتوگۆدایه‌ وچاوەر‌ێ ده‌كرێت پاش چه‌ند رۆژێك راده‌گه‌یەنرێت، ‌چاوەڕ‌ی ده‌كه‌ین سه‌ركه‌وتووبین له‌هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌دا”.
ئارام قادر تەکید لەوە دەکاتەوە کەکۆمەڵێ ئیسلامی لە ئۆپۆزسیۆنین بوون ‌به‌رده‌وام دەبن”بەڵام ئۆپۆزسیۆن به‌شێكه‌ له‌سیسته‌می سیاسی كوردستان، نه‌ك به‌شێك بێت له‌ كێشه‌كه‌ واته‌ ئۆپۆزسیۆن بونمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر بكات نه‌ك كێشه‌ بخولقێنێت،‌ ئۆپۆزسیۆن له‌كاتكدا ره‌خنه‌ ده‌گرێت خۆپیشاندان و راگه‌یاندن ده‌خاته‌ كار بۆ ئه‌وه‌یه‌ سیسته‌ی سیاسی كوردستان به‌ره‌و چاكسازی بروات”
نوسەرێکی کورد لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا عەلی باپیر بۆ نوچەنێت نوسیویەتی” ئەوەی سەیرە حزبێکی توندڕەوی ئیسلامی دەستپێشخەری ئاشتەوای و هێمنی دەکات، بۆیە جێی گومانە کە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە ئیسلامییەکان بێت”. لەبەرانبەریشدا سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لەلێدوانەکەیدا بۆ نوچەنێت لەوەڵامی ئەو جۆرە لێدوانەدا دەڵێت”ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت كۆمه‌ڵ توندره‌وه‌ به‌راستی له‌مێژوو و رابردووی كۆمه‌ڵ هیچ نازانێت، كۆمه‌ڵ ئه‌ندامێكی مه‌كته‌ب سیاسی و ئه‌ندامێكی سه‌كردایه‌تی تیرۆر كراوه، ئه‌میر و ژماره‌یەك سه‌کردایه‌تی له‌لایەن ئه‌مه‌ریكاوه‌ زیندانی كران، باره‌گاكانی به‌غداد و دوز خورماتوو سلێمانی و هه‌ولێر و رانیه‌مان لی زه‌وت كرا، باره‌گانمان بۆردمان كران، ‌زیاتر له‌ 46 شه‌هیدمان هه‌بوو، ئایا حزبێك ئه‌م هه‌موو سته‌مه‌ی لی كرابێت ده‌بێت توندره‌وییه‌كه‌ی له‌كوێدابێت، ئه‌وانه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ده‌به‌خشنه‌وه‌، پێم خۆشه‌ یه‌ك به‌ڵگه‌ بهێننه‌وه‌ له‌سه‌‌ركۆمه‌ڵی ئیسلامی، به‌ڵام نابێت به‌ڵگه‌ی خه‌ڵكی ترو كه‌سان و گروپی تر بسه‌پێنن به‌سه‌رماندا”.
لەبارەی رووداوەکانی بادینان و دروستبنی ئاڵۆزییە سیاسیەکانی لە ئەنجامدا. هێرش نوری حەمە عەلی ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتیمانیەکانی پارتی بۆ نوچەنێت دەڵێت”هەر لەیەکەم رۆژەوە پارتی ئیدانەی کردوو بەیاننامەی دەرکرد بەڵام بەداخەوە یەکگرتووی ئیسلامی هەرلەیەک رۆژ یان بەر لەدەستپێکردن یان روودانی ئەو دۆخە پارتیان تاوانبار کرد، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ دابێت پارتی هەر بەو ئاراستەیە کار دەکات کە دۆخەکە هێور بێتەوە، دژی هەموو توندوتیژییەکە”.
دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا عەلی باپیریش بەهەنگاوێکی پێویست و باش ناو دەبابت و رایدەگەیەنێت”هەر لەیەکەم رۆژەوە هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و پارتیمان ئاشکرا بەئاراستەی هێورکردنەوەی دۆخەکەو چارەسەرکردنی کێشەکان بووە، تاکە ڕێگاش بۆ چارەسەری ئەو دۆخە هەر دانوستاندن و دیالۆگە، دەبێت کەسێکیش هەست بەمەسولیەتی نیشتیمانی بکات و لەو نێوانەدا کارێک بکات، مامۆستا عەلی باپیر یەکێکە لە سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن کە هەستاوە بەو کارە، جێی دەستخۆشییەو ئێمە دەستخۆشی لەبەڕێزیان دەکەین، بەکارێکی باشمان وەرگرتووە و هیوای ئەنجامی باشیشمان لە ئەنجامی دەستپێشخەریەکەی هەیە، چاوەڕێی ئەنجامی باشی ئەو لیژنەشین کە جەنابی سەرۆک دایمەزراندووە بۆ بەدواداچونی ئەو کێشەیە.
عەبدولوەهاب عەلی ئەندام و وتەبیژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لەسلێمانی، لەبارەی رۆڵی میدیا و رۆشنبیران لەبەرەو گرژی بردنی بارودۆخەکە دەڵێت”بەداخەوه دەزگاكانى راگەياندن بە بەرپرسيارێتيەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم رەوشە هەستيارە ناكەن كە نابێت وا بكەن و هەروەها مخابن هەندێك روشنبير ئاگرەكە خۆش دەكەن، كەئەوانيش نابێت وابكەن، ئەوەش جگە لەئاڵۆزكردنى رەوشەكە خزمەت بەهیچ بوارو لايەنێك ناكات جگە لەخۆيان و دەستى تێكدەران و دەستى دەرەوە كەماوەى ساڵێكە زۆر بەخەستى و توندى هێرش لەسەر كوردستان و هاوڵاتيانى ئەم هەرێمەو ئەزمونەكەى دەكەن و روژانە پيلان لەدواى پيلان ساز و ئامادە دەكەن بەدژى خەڵكى كوردستان، ئێمە پێمان وايە خەڵكى كوردستان لە ئيستادا زۆر زوو لەو هەوڵەو نەزۆكانە دەگات و زۆر باشيش روو بەرووييان دەبێتەو، ئێمەش خەلكى كوردستان دڵنيا دەكەينەوە كە سەڕەراى ئەم هەوڵه دوژمنكارييانە ئەزموونى كوردستان هەر بەردەوام دەبيت و له كۆتايشدا كوردستان و گەلەكەى و ئەزموونەكەى سەر دەكەوێت”.
سەبارەت بەدەستپێشخەرىیەکەی ما مۆستا على باپير ئەو وتەبێژەی پارتی دەڵێت”ئێمه بەسوباسەوە زۆرمان پێخۆشەو نەك هەر بەرێزيان بەڵكو پێشوازى لەهەموو دەست پێشخەرييەكى جدى و نيشتمانى دەكەين و واش دەزانين كەتاكە رێگاى چارەسەر هەر ديالۆگ و گفتوگۆى ئاشتييانەيە”.
هەر لەبارەی دەستپێشخەرییەکی عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بۆ رەواندنەوەی گرژییەکان و ئەو کەشە توندەی گۆڕەپانی رەگەیاندن و تا ئاستێک سیاسی کوردستانی گرتۆتەوە، کامیل مەحمود نوسەرو رۆشنبیر بۆ نوچەنێت دەڵێت”به‌رای من ئه‌و توندییه‌ی باسی ده‌كه‌ن هیچ كام لە رۆشنبیران و میدیاو ئۆپۆزسیۆن له‌وانه‌ لێی به‌ربرسیار نین، جگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات یان لایه‌نێكی سه‌ره‌كی ناو ده‌سه‌ڵات كه‌ بارتی دیموكراتی كوردستانه‌، ده‌رباره‌ی هه‌وڵه‌كه‌ی م.علی باپیریش پێم وایه‌ هیج نییه‌ جكه‌ له‌قۆستنه‌وه‌ی هه‌له‌كه‌ بۆ خۆبردنه‌بێشه‌وه‌یه‌كی سیاسی، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ ره‌فتارانه‌ی بارتی كه‌ بۆ دووه‌م جاره‌ باره‌گای یه‌كگرتوو ده‌سوتێنێ‌ مه‌رام و ئامانجه‌ سیاسییه‌كه‌ی دیاره‌و بێویستی به‌ هه‌ڵوێستی تونده،‌ به‌رامبه‌ر به‌و لایه‌نه‌ی هێشتا باوه‌ری به‌ كلتوری حزبی قائید هه‌یه‌و كاتێك مونافیسی بۆ په‌یدابوو یان به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كه‌ی كه‌وته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ ئه‌م جۆره‌ سیناریۆیانه‌ رێكده‌خات”.
لەبەرانبەردا ستار چاوشین رۆژنامەوان پێی وانییە کە “كه‌ میدیاو حزب و ده‌سه‌ڵات و ئوپوزسیون به‌ گشتی به‌شداربن له‌ بردنی ره‌وشه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌ی توندو تیژی، نسبیه‌ن وایه‌، ئه‌لبه‌ته‌ هه‌ر یه‌كه‌و بە جۆرو شێوازێك، خودی رووداوه‌كه‌ خۆی هه‌ڵگری ره‌هه‌ندی توندووتیژی یه‌، من میدیای حزب به‌ حزب ده‌زانم، نه‌ك میدیا، روشنبیرانی قسه‌كه‌ر له‌م رووداوه‌ لایه‌نگرو كادیری حزبه‌كانن، نه‌ك روشنبیر به‌ مانا كه‌ی خۆی، ده‌سه‌ڵات هه‌وڵی هیور كردنه‌وه‌ ده‌دات، ئۆبۆزسیون وه‌زیه‌فه‌یه‌تی وه‌ك هه‌ر جارێك ئه‌و هه‌ڵه‌ له‌ دوژمنایه‌تی كردنی پارتی وه‌ك ده‌سه‌ڵات بقوزێته‌وه‌، میانره‌و بوونی عه‌لی بابیریش به‌شێكه‌ له‌سیاسه‌ت و تاكتیكی ئیسلامیه‌كان له‌ نێوان خۆیان،‌ په‌یوه‌ندی به‌باشتر بوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كومه‌ڵی ئیسلامی و پارتی یه‌وه‌ هه‌یه‌، جێگه‌ی سه‌رسورمان نیه‌ ئه‌میری كومه‌لی ئیسلامی بارتی و یه‌كگرتوو كۆبكاته‌وه‌، به‌ڵام ناتوانێت و ناشیه‌وێت كێشه‌كه‌ كۆتایی پێ‌ بێنێت”.
هەر لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی سیاسی نێوان یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستان، مەریوان نەقشبەندی رۆژنامەوان و بەڕێوەبەری پێشووی راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نوچەنێت دەڵێت”هه‌نگاوێكی باش بوو چونكه‌ رێگای تر نیه‌ جیا لە دیالۆگ، راگه‌یاندنه‌كانی یه‌كگرتوو هه‌رچیان ویست گوتیان و شتێكی دیكه‌ نه‌ماوه بیڵێن “راگه‌یاندنی پارتیش مامه‌ڵه‌یه‌كی رونی له‌گه‌ڵ دۆسێكه‌ نه‌كرد، ده‌كرێت مامۆستا عه‌لی باپیر به‌م ده‌سپێشخه‌رییه‌ (ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتو بێت)به‌شێك له‌به‌ڕه‌كه‌ له‌ژێر پێی یه‌كگرتو ده‌ربێنێت و پێگه‌ی سیاسی و جه‌ماوه‌ری كۆمه‌ڵیش له‌هه‌رێم فراوان بكات بێگومان دەستپێشخەرییەکە هه‌نگاوێكی باشه‌ و ئیمتیازێكه‌ بۆ مامۆستا عه‌لی باپیر چونكه‌ راگه‌یاندنی كۆمه‌ڵ زۆر جیاوازی نه‌بوه‌ له‌گه‌ڵ گۆران و یه‌كگرتو له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا”.
رۆژنامه‌نووس عه‌بدولواحید دوكانی، لەبارەی گرژییەکانی بادینان و ئاڵۆزبونی دۆخەکە بۆ نوچەنێت دەڵێت”بێگومان ئه‌و روداوه‌ نه‌خوازراوانه‌ی كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان روویدا، جارێكی تر هه‌موومانی خسته‌ وه‌ گێژه‌نی دوودڵی و ته‌نگه‌نه‌فه‌سیه‌وه‌، ئه‌گه‌ر چی خوێندنه‌وه‌ی جیاواز له‌ نێوان پێكهاته‌كان ده‌كرێت بۆ ئه‌و بارودۆخه،‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ پێویسته‌ به‌ كۆ، بیر له‌چاره‌سه‌ر و جارێكی تر ده‌رباز بوون بكه‌ینه‌وه‌ له‌و قه‌یرانه‌ قوڵه‌”.
دوکانی دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا عەلی باپیر واباس دەکات کە “هه‌ر ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی وه‌زعه‌كه‌و خاوكردنه‌وه‌ی گرژیه‌كه‌ جێگای ته‌قدیره‌، گرنگی ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌م كاته‌دا دۆست و دوژمن چاویان بڕیوه‌ته‌ ده‌رئه‌نجامه‌كان،به‌لای دۆسته‌كانه‌وه‌ له‌چاوه‌ڕوانی مژده‌ی ده‌ست له‌مل كردنه‌وه‌و بڕیاری جه‌ریئانه‌ی په‌رله‌مانن و دوژمنانیش چاویان له‌ ده‌ربڕینی ووشه‌یه‌كی توندو تیژه‌ و له‌ دووره‌وه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی بۆده‌كه‌ن”. بەپێویستیشی دەزانێت کە”هه‌موان له‌م دۆخه‌دا به‌لای ئه‌و ئاسۆیه‌وه‌ بڕوانین كه‌ پرشنگێكی ئومێدمان ده‌داتێ‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌، هه‌ر ده‌ركه‌وته‌یه‌كی خراپ له‌مه‌ودوا له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌م وه‌زعه‌وه‌ ماڵوێرانی پێوه‌یه‌ ، بۆیه‌ هه‌موان با به‌ مه‌سئولیته‌وه‌ بڕوانینه‌ بارودۆخه‌كه‌، تا درزێك نه‌هێڵینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گێژه‌نه‌ ووڵاته‌كه‌مان دووچاری گه‌رده‌لولێكی نه‌خوازراوی گه‌وره‌تر نه‌كات، كورد ووته‌نیش با ( گرێ‌ ی ده‌ستان نه‌خه‌ینه‌ ددانان)”.
هەر لەبارەی گرژییەکانی کوردستان و دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا عەلی باپیرەوە، د.سالار باسیرە توێژەری سیاسی بۆ نوچەنێت دەڵێت”باسه‌كه‌ بۆ من له‌وه‌دانیه‌ كێ رۆڵی ناوبژیوانی ده‌بینێت به‌ڵكو له‌وه‌دایه‌ كه‌ ململانێكان به‌ شێوازی دیموكراسی و به‌ لێپرسینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی چاره‌سه‌ر بكرێت. جیاوازییه‌ سیاسی و فكرییه‌كان هه‌بن به‌ڵام گه‌یشتنی به‌وه‌ی كه‌ بینیمان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كه‌وێت. ئه‌م روداوه‌ بریتی نیه‌ له‌ راپه‌رینه‌كه‌ی شه‌قام به‌ڵكو كاروكاردانه‌وه‌یه‌كی نالۆجیكانه‌یه‌، سوتانی شوینی مه‌ی و سوتانی باره‌گا هه‌ردوكیان مه‌حكوم ده‌كه‌م، ئێمه‌ پێویستیمان به‌ گوتاری هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه،‌ بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و بۆ دروستبوونی ده‌وڵه‌تی كوردی کە له‌نێوباسدایه”.‌
هەروەها دەشڵێت”راستی باكگراونده‌كانی ئه‌م هه‌وڵه‌ی به‌ریز عه‌لی باپیر نازانم چییه‌… سیاسه‌ت هونه‌ره‌ ئه‌و كاته‌ باشتر عوكم ئه‌ده‌م كه‌ بگه‌مه‌ تێگه‌یشتن له‌و باكگراوەندی هه‌وڵانه‌ ئایا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه‌ یان حیزبیه‌ یان تاكه‌، كات حوكم ئه‌دات، بەڵام ئایا باشترنیه‌ له‌ بری هه‌وڵی تاكی كاك عه‌لی باپیر له‌سه‌ر ئاستی گشتی ئۆپۆزیسیۆن په‌یامه‌كه‌ بگه‌یه‌نرێته‌ بارزانی”.
هەر لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە مامۆستایەکی زانکۆ بۆ نوچەنێت دەڵێت”هونەر سیاسەتە قومار و یاری کردنە، دەبێت بزانی لەکوێ کارتی پیویست بەکار دەبەیت، مامۆستا عەلی باپیر هاوپەیمانی ستراتیژی سیاسەتە، ئاینە، لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، ئەگەر نا واقیعیانە یان نا سیاسیانە مامەڵەی بکردایە، دەبوو وەک راگەیاندن یان وەک ئەمینداری یەکگرتوو شوڵی لێهەڵکێشایە و قسەی توندی بکردایە، چونکە رێگە هەیە بۆ هاوعەتف بونی لەگەڵ یەکگرتوو، هەم دینەکەی هەم هاوپەیمانیتیەکەی، بەڵام نەیکرد، بەمە پێشانی دا کە سیاسییەکی عاقڵە. باپیر دوای دەستگیرکردنی و دواتر پەیڕەوکردنی سیاسەتی میانڕەوی سەلماندی کە ئەو پیاوە تەنها لە خەباتی چەکدا لێهاتوو نییە، بەڵکو لەسیاسەتی شاریش دەتوانێت کارابێت، دواتر کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی گەشتنە خاڵی ئەو پەڕی توندی، توانی دەست بۆ ئەو کارتە ببات وەک خۆیان دەڵێن ببنە لایەنی خێر، نەبوونە مەلا مەشهور وەک لایەنەکانی تر، دەڵێن دوو مناڵ زۆرانیان گرتووە مەلا مەشهور چووەتە لایان وتویەتی رێ بەم زۆرانە دەدەم، حەکەم دەبم، بەڵام بەو مەرجەی هەرلایەک کەوت ئەبێت ……. بدات بەمەلا، لەگەڵ دەستپێکردنی ئەوان، مەلا دۆخێنەکەی دەکاتەوە خەڵک دەڵێن مامۆستا هێشتا ئەوان دەستیان پێنەکردووە، بۆ تۆ دۆخێنت کردۆتەوە؟، مەلا دەڵێت ئەم دوانە ئەوەنە عاقڵ بن یەکیان هەر دەکەوێت، جا بۆ من خۆم ئامادە نەکەم؟، لەنێوان گۆڕان و یەکێتی هەموو حزبەکان وەک مەلا دۆخێنەکەیان کردبووەوە، تا هینی سیاسی خۆیان بکەن لەکەوتنی هەرلایەکیان، بەڵام عەلی باپیر کەوتە نێوانیان، و سەردانی بەغدای کرد بۆ لای تاڵەبانی، بۆ سلێمانی بۆ لای نەوشیروان، سیاسی بە ویژدان ناتوانێت ئەم هەوڵە بەرچاو نەگرێت. چونکە ئەو هەوڵی ئاشتەوایی دا، لەم کێشەی نیوان یەکگرتوو و پارتیش سەرجەم لایەنەکان، یان تەرەفگیر بوون بۆ لایەک، یان دۆخێنەکەیان کردبوەوە بۆ دەستکەوتی سیاسی، بەڵام ئەو ئەو دەستپێشخەرییە دەکات دەبێت خەڵک پێی بزانێت. ئەمە عاقڵیی ئەوانە چونکە دەزانن دۆخەکە لە خزمەتی ئۆپۆزسیۆن نییە، هەڵەیەک کراوە کە لەهەموو دنیا پشتیوانی بۆ دەسەڵات دروستکردووە، بۆیە لەم کارتە سوتاوەی دەست ئۆپۆزسیۆن باپیر بتوانێت گەمەیەکی زیندوو بکات جاهیزەو شتێکی دروستە، دواتریش لەبەرانبەر میللەت رووسوورو سەربەرز دەبن بەوەی کە ئەوان توانیان خۆیان جیا بکەنەوە لە هەردوو بەرەی تەرەفگیر و تەماشاکار، بەڵکو بەرەیەکی نوێی خێریان دروستکردو هاتنە ناو باسەکەوە بۆ چارەسەر، من هەرگیز ئیسلامی سیاسیم قبوڵ نەبووە و قبوڵیشم نین، بەڵام ناتوانم ئەم هەنگاوە بەرچاو نەگرم، وەک هەنگاوێکی هەرە پێویست بۆ دۆخی ئەمرۆی وڵاتەکەم”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com