بۆ مامۆستا عەلی باپیر.. لێمان مەگرە بوونی ئێمە وابەستەی ئاڵۆزییەکانە
رزگار رەزا چوچانی..سوید
سەرنوسەری نوچەنێت
زۆر بەڕێز مامۆستا عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی وڵات تاکە پیاوی ئاشتی خواز و خێرویست لەناو سیاسیەکانی وڵاتم.
سڵاو
روونکردنەوەکەی بەڕێزتانم خوێندەوە لەمەڕ هەوڵی خێرتان لەسەر رووداوەکانی بادینان. بۆیە پێم باش بوو وەک رۆژنامەوانێک لەم دوورەوە وڵاتەوە ئەم نامەیەت ئاراستەکەم.
دوای ئەوەی گرژییەکانی بادینان سەریهەڵدا، بەوردی چاودێری بارودۆخەکەم دەکرد، وەک بەڕێزێک بۆ ماڵپەڕەکەی ئێمە دەڵێت، هەموو سیاسی و حزبەکانی کوردستان لەو کێشەدا ببونە دووبەش، بەشێک تەرەفگیرو بەشێک تەماشاکار، بەدڵ لەدۆخی ئەو وڵاتە دەترسام. وڵاتێکم لەسەر لێواری هەرەشە وەک کەپرۆکەیەک لەبەردەم رەحمەتی رەشەبا دەبینی، بەدڵ دەترسام لە تەقینەوەی دۆخی کوردستان، نائارام بووم کە دیسان کێشەیەکی تر سەریهەڵداو بازاڕێ قەڵەم و رۆشنبیرە شەڕەخوازەکانی گەرمکردەوە. لێتان ناشارمەوە زۆرکات نەفرەتم لەورۆژەش دەکرد کە هەندێ سیاسی هەڵتۆقان و ئەمرۆ بوونەتە سیاسی دیار، چونکە دەمبینی لەبەردەم ئەم کێشە گەورەدا چ بێ باکن، دەمبینی چۆن سەیری دۆخەکە دەکەن، پێم سەیر بوو ئێوەش بێ دەنگ بوون. کاتێک بینیم دەستپێشخەریتان کردوو قۆڵی خێرتان لێ هەڵماڵی دڵخۆش بووم، وەک ئەوەی یەکێک لەچاوەڕوانییە گەورەکانم بەدیهاتبن، ئاخر من هیچ بەشێکم لەو وڵاتەدا نییە، نە چێژم لە ئازادییەکەی بردووەو نە لەباش بونی دۆخیشیدا باش ژیام، بەڵام ئێوە دەزانن وڵات بەشێکە لە رۆحی ئینسان و تا دوور نەبیت وەک پێویست هەستی پێ ناکەیت، ئەگەر لەناو ئەو فەوزاشدا بژیت رەنگە بێ ئەوەی بتەوێت ببیتە بەشێک لە فەوزاکە بەڵام لەم دوورەوە هەموو مەترسی و لایەنە باش و خراپەکان دەبینیت و دەتوانی لەیەکیان جیا بکەیتەوە.
بۆیە کە لەو کاتە حەساسەدا دەستپێشەخەری ئاشتەوایت کرد، وام هەست دەکرد هاتویت خێزانەکەی من لەبەردەم هەڕەشەیەکدا دەرباز بکەیت، چونکە لای من نەتەوە گەورەکراوی ماڵباتە، کاتێک گەورەتر سەیری ماڵباتەکەم دەکەم، سەرجەم نەتەوەکەم دەبینم، کاتێک قۆڵی خێر بەئاراستەی رزگار کردنی گەورەکراوی ماڵباتەکەمدا هەڵدەکەیت، چۆن دڵخۆش نابم چ بێ ئەمەکییەک دەبێت ستایشت نەکەم. چەند بێ ئەمەکی دەبێت دڵخۆش نەبم بەوەی پێمان دەڵێی نەخێر لەناو برا بەشەڕ هاتووەکان و کێشەدارەکانیش برای خێر هەن، بۆیە بەش بەحاڵی خۆم ئەوەندەی کە ئەرکم دەکەوێتە ئەستۆ وەک تاکێکی ئەو وڵاتە ستایشم بۆ هەوڵی خێرتان هەیە، ماندوونەبونیت لێ دەکەم و هەرئەوەش چاوەڕوانکراووە لە ئێوە.
رێزدار جەنابی ئەمیر. هەوڵە لەپیشینەکانت لەیادمانە، ئەوکاتی لەزیندانی ناهەقی هاتیتە دەر، بانگی خەڵک و لایەنگرانت کرد ئارام بن و بەهێمنی خەبات بکەن، لەکاتێکدا ئێوەش خاوەنی چەک بەدەستی بوێرو چاو نەترس بوون، بەڵام رێی ئاشتیتان هەڵبژارد، لەیادمانە وەک مامۆستایەکی زانکۆ بۆ راپۆرتێکی رۆژنامەوانی ئێمە دەڵێت، کاتێک بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی گرژییەکانیان گەشتە لوتکە، تۆ لەوێش دەستپێشخەریت کردو وەک ئەوانی تر چاوەڕوانی میراتی جێماوی تەقینەوەی گرژییەکانیان نەبویت، ئەو دەمیش بەویژدانەوەو قسەمان لەسەر کردووەو هاوڕێکانم شاهیدحاڵ و هاڕامن، کە هەر ئەوکات چەند بەبەرزی لەوکارەی تۆمان دەڕوانی.
هەربۆیەش لەکاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی شوباتی رابردوو کە گەنجی کورد بەکوشت دەدرا، سیاسیەکان، چالاکوانە مەدەنیەکان، هۆیهایان لەبراکانی تریان دەکرد، براکانیشیان چەکیان بەدەستگرتبوو،. و هەموو رێگاکانی لەیەک گەشتن داخرابوون، چاوەڕێی هەڵوێستێکی وابووین لەبەڕێزت و ئەم رایەشم لەگەڵ سەرکردەکانی حزبە بەڕێزەکەت باسکردووە، بەڵام نەکرا.
ئەوکات نەمزانی بۆ نەکرا، بەڵام لەمەدا پێت وتین ئێوە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتەوایی هیچ دەرفەتێک لەدەست نادەن.
جەنابی ئەمیر، ئێوە دنیادیدەن تێگەشتوون بەداخەوە لەوڵاتەی ئێمەدا چی عەقڵییەتێک بەسەر سیاسی و رۆشنبیرو میدیاکارو زۆربەی خەڵکی ئێمەدا زاڵ بووە، دەزانی ئێمەی کوڕی چی سەردەمێکین و قارەمان و چالاکوانی چی دۆخێکین. بۆیە لێمان مەگرە ئەگەر بەگومانەوە دەڕوانینە ئەم هەوڵە خێرەت، لێمان مەگرە ئەگەر وەک پیاوێکی مەساڵح پەرست لێت دەڕوانین، لێمان مەگرە کە نابیناین لەبەرانبەر ئەو هەوڵە جوامێرانەی تۆ. ئەزانی بۆ؟ بۆ ئەوە نا کە شایەن بەم گومانەبیت، بۆ ئەوەیە کەئێمە کوڕی رۆژی جەنگین، ئێمە نەوەی پاشماوەی جەنگین، ئێمە سیاسی هەڵتۆقیووی سێبەری چەکین. ئێمە لەزەمینی شەڕدا رواوین، بۆیە ئارامی پایزی مانەوەمانەو شەڕیش هەمان ئەو بەهارەیە تێیدا رواین، ئێمەکاتێک دروست بوین دەست لەپشتمان درا تا پێ بگرین، بۆیە ئێستا کە تۆ بۆ ئاشتی بەپێوەی وادەزانین هەمان ئێمەکەی جارانی و کەسێک و مەبەستێک و تموحێک لەپشتت وەستاوە.
جەنابی ئەمیر، خۆت بپرسە لەو وڵاتە نەگبەتەدا، کام حزب لەسێبەری شەڕدا دروست نەبوو؟ لەوڵاتە کام سیاسی لەگەڵ حزب دەستی پێنەکرد؟، ئەی کام رۆشنبیر لاگری حزبێک نەبووە؟، کام میدیا هەیە سەرچاوەیەک نەبێت ئاوی لێبخواتەوە؟، ئەی کام رۆشنبیر هەیە لەمیراتی پەروەردەکردنی حزبەکەی جارانی کە سیخناخە لەرق دەرچووبێت، ئێستاش بەهەمان نەزمی رق نەخوێنێت؟. ئەوکات تێدەگەیت بۆچی گومان بەکاری خێری تۆ دەبرێت، تێدەگەیت، چ ماڵوێرانیەکە لەوێندەر کە دەستخۆشی لەقەڵەمی شەڕ بکرێت، ستایش و مەدالیای قارەمانی و ناسنامەی رۆشنبیری گەورەی گەلەکەمان بە هۆنرەوەی وشەکانی شەڕ بدرێت، بەڵام بۆ لەباربردنی کاری خێر چۆن هەوڵەکانی ئاشتەوایی گوماناوی دەکرێت، دەزانیت بۆچی وەک خۆت لێت ناروانن و بۆ ستایش بارانت ناکەین، راستە تۆ هەنگاوت بۆ ستایش هەڵنەگرت. بەڵام ئەگەر بێ ئەمەکی ئێمە نەبێت، دەزانین خودایەک بەمهرەبانی وگەورەییش پێویستە پێزانینت بۆ رەحمەتەکانی هەبێت و ستایش بکرێت، ئەدی چۆن دەکرێت، ستایش بۆ کاری خێری مرۆڤەکان نەبێت، تۆ لەناو ئێمەی نەوەی شەڕدایت، بۆیە ستایش ناکرێیت و گومان پاداشتتە، بەڵام وێژدانت ئاسودەیە، کە لەبەردەم لێپرسینەوەی خوادایەکدا، وەک سەرکردەیەک سەربەرز رادوەستیت و دەڵێیت چەند جوامێربووی لەهەوڵی خێر.
جەنابی ئەمیر، هەڵوەستەیەک بکە لەسەر ئەو قسانەی هەمبەر هەڵوێست و دەستپێشخەرییەکەی تۆ کراوە، چەند مانگێک بچۆ دواوە، لەباوکێکی جەرگ سوتاو بڕوانە، باوکێک ئەگەر کورد نەبوایە کاندیدی نۆبڵێ ئاشتی دەبوو، باوکێک ئەگەر کورد نەبوایە وێنەکەی دەکرایە مەدالیای بوێری و نیشتیمان پەرەوەری، بڕوانە حاجی عەلی کاشی، باوکی رێژوانی شەهیدی یەکتر قبوڵ نەکردن لەکوردستان، ئەو باوکە پشت شکاوە جەرگ سوتاوەی کە لەپرسەو لەناوەڕاستی ئاگری دڵییەوە دەپاڕایەوە لەسیاسیەکان، “توخوا بەسە. پشتی من شکا پشتی کەسی تر مەشکێنن، توخوا بەسە کوڕی من کوژرا، کوڕی کەسی تر بەکوشت مەدەن، کام باوک کام پیاوی بەغیرەت ئامادەیە ئەم قسانە بکات لەپرسەی جوانەمەرگی جەرگی خۆیدا؟. ئەی بپرسە لەوەڵامی ئەو پەیامەی ئەو باوکەدا، کە رۆحی ئاشتی ویستی خوای بەبەردا کرابوو، چی بەو پیاوە وترا؟. چەند راگەیاندن بڵاویان کردەوە پارەی وەرگرتووە؟ چەند راگەیاندن وتیان خوێنی کوڕەکەی فرۆشتووە؟ چەند میدیا کار ئیدانەیان کرد؟ چەند جوامێری رۆشنبیر هەوڵی کاندیدکردنیان دا بۆ خەڵاتی ئاشتی؟، لەوێوە تێدەگەی کە لەو وڵاتەدا ئاشتی و ئاشتیخوازی چەند ناشیرین کراوە، تێدەگەی ئێمە نەوەی جەنگین، ئێمە ئەوانەین لەپەنای ئاڵۆزیدا هەڵتۆقین، بۆیە هاندانی ئاشتی تەشهیرە بە کەرامەتمان، هاندانی ئاشتی هەوڵە بۆ لەناو بردنمان. هاندانی ئاشتی تێکدانی زەمینەی بونمان و بازرگانی ئێمەیە بە نوسینی هوتافەکانی شەڕ.
جەنابی ئەمیر بپرسە، میدیاکانی کورد، رۆشنبیرەکان، قەڵەم بەدەستەکان چەندیان سەرخەتی ئاشتەواییان هەبووە لەم ماوەدا؟، ئەدی چەندیان مانشێتی هاندانی شەڕو یەکتر قبوڵنەکردن و گومان دروستکردن لە یەکتر و مانشێتی توندتیژیان هەبووە؟، جا تێدەگەیت بۆچی بێ ئەمەک و پێ نەزانین بەهەوڵەکانی تۆ.
ئەمیرم نیگەران مەبە، تا ئەو کاتی رۆحی ئاشتی بەبەرتا کرابێت و تا ئەوکاتی دەستی خێرت بۆ باشکردنی ناباشی نێوانی برا نێوان گرژەکان درێژ بکەیت، نەک بەتەنها منێک لەدەرەوەی بازنەی حزبەکەت دوور لەکاری حزبی حزبەکەت، بەڵکو لەشکرێک لەئەهلی خێر لەگەڵتایە، لەشکرێک لەخەڵکی عاقڵ لەدواتەوە دەست لەسەر سنگ راوەستاون، لەشکرێک لە نیشتیمان پەروەری بیریندار دەستی ستایشت بۆ درێژ دەکەن. ئاگات لێ بێت، ئیوە سەرکردەکانی کورد پێشەوای وڵات و میللەتێکن، ئەوەی رووسوورو سەربەرزی لای خواو ئەرکی مێژوویتان دەکات، ئەوەیە کە ئەم میللەتە بهێننەوە سەر سکەی خۆی، کە بەهەوڵی کۆمەڵێک سیاسی چەواشەکار، رۆشنبیری دەم بەهاوار، رۆژنامەوانی هەرزەکار، خەریکە لەسەر سکەی یەکتر قبوڵکردن و رێزگرتن لەیەک و دەستگرتن بەوڵاتەکەی خۆیانەوە لادەدەن، ئەرکی ئێوەیە وەک سیاسییەکانی تر نەکەونە ژێر باری هوتافی رۆشنبیرە، هەڵتۆقیوەکانی سەردەمی جەنگ، نەکەونە ژێر باری کاردانەوەی ئەوانەی لەسەردەمی ناکۆکیدا دروست بوون و بەهەوڵەکانی تۆ بۆ کۆک کردنی خەڵک تەنگاتاون و تانەبارانت دەکەن. بەڵکو چاوەڕێتین لەناو وڵاتێک لەبێباکی، دەستی سەرکردەکانی تری ئاشتی بگریت و وڵات لەگێژاوی هەڕەشەو شەپۆلی مەترسییەکاندا بگەیەننە ئارامترین کەناری شایەن بەخۆی.
14/12/2011 کاتژمێر 5 بەیانی
تێبینی: لێت ناشارمەوە لەهەموو گەنجێکی توڕەی ئەو وڵاتە توڕەترم، بەڵام ئارامی وڵات و دەستگرتن بەنیشتیمان و یەکتر قبوڵکردن، لای من هێڵی سورە، هەر ئەوەشە وایکردووە، توڕەبوون توش بەرەدفعلی قارەمانەکانی سەردەمی شەڕ و قەڵەم بەدەستەکانی ئەمرۆم نەکات، دیسان هەمان ئەو توش نەبونەش بەردفعلی هەڵە، توشی دنیایەک قسەو توانجی لابەلای کردووم، بەڵام ئەنجام دەزانم کامە ئەرکی خەڵکی دڵسۆزە.
چەند دێڕێکی ئەم نامەیە بەتایبەت لەبارەی ئەوەی کە لەدوورەوە زیاتر هەست بەکێشەکان دەکەیت وەرگیراو یان کاریگەری چەند دێڕێکی هونەرمەندێکی ئەزیزو هاوڕێمە کە لەم دوورەوە وا باسی گرژییەکانی کوردستانی کردبوو، زۆری هاوڕایم لەگەڵی بەتایبەت لەو بارەوە هەمان شتم پێ دووبارەدەکاتەوە. بەڵام لێرە نەیویست ناوی بهێنم بڵێم لەو رایانەوە لام گەڵاڵە بووە، چونکە پێی وابوو ئەمە نامەیەکی شەخسییە. سوپاس بۆ ئەو هاوڕێ بەڕێزەش.
بوخوێندنەوەی رونکردنەوەکەی مامۆستا عەلی باپیر کلیک بکە….