مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ وه‌ڵامی فازل میرانیدا: هه‌ڵوێستمان روونه‌ و سوتاندنی باره‌گاكانی یه‌كگرتوو هه‌ڵه‌یه‌

0

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ وه‌ڵامی فازل میرانیدا: هه‌ڵوێستمان روونه‌ و سوتاندنی باره‌گاكانی یه‌كگرتوو هه‌ڵه‌یه‌

نوچه‌نێت: تایبه‌ت
مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ رونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ كۆپییه‌كی به‌ نوچه‌نێت دراوه‌، وه‌ڵامی فازل میرانی سكرتێری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌داته‌وه‌ و سوتاندنی باره‌گاكانی یه‌كگرتوو، به‌ هه‌ڵه‌یه‌كی خراپتر له‌ سوتاندنی دوكانه‌كانی مه‌یفرۆشی ناو ده‌بات.

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر لێدوانه‌كانی به‌ڕێز فازل میرانی
به‌هۆی رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی (زاخۆ) پاشان (سمێڵ) و (دهۆك)وه‌، راگه‌یاندنه‌كان گه‌رم بوون، لێدوان و لێدوانی به‌رامبه‌ر به‌رده‌وام ده‌درێ، به‌ڕێز فازل میرانی، بـــــه‌حوكمی به‌رپرسیارییه‌تیه‌كه‌ی و بۆ به‌رگری لێكردنی پارتی هاوپه‌یمانمان، یه‌ك دووجار له‌وه‌ڵامه‌كانیدا، جۆرێك له‌نیگه‌رانی، به‌رامبه‌ر راگه‌یاندنی یه‌كێتی، كه‌ سه‌رنجام ده‌كاته‌، سیاسه‌تی یه‌كێتیش، ده‌ربڕیووه‌، پێشتر له‌ (سۆمه‌ریه‌ نیوز) و به‌تایبه‌تی له‌دوا ژماره‌ی گۆڤاری (سڤیل)دا –ژماره‌ 112–. كوت و مت ده‌ڵی: تا مام جه‌لال نه‌هاته‌ سه‌ر خه‌ت راگه‌یاندنی یه‌كێتی و یه‌كگرتوو زۆر جیاوازییان نه‌بوو.
له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێین: بێگومان، له‌ڕوودانی گۆڵمه‌زێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراوی وه‌كو ئه‌وه‌ی زاخۆو ته‌شه‌نه‌سه‌ندنیشی بۆ شوێنه‌كانی دیكه‌، كه‌ئێمه‌ دڵنیا بووین، رووداوه‌كه‌ كوتوپڕ دروست بووه‌. پێش وه‌خـــــت پـــــــلانی ره‌سمی حزبه‌كانی تیا نه‌بووه‌. له‌كۆبوونه‌وه‌كانی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتیشدا، دوورو نزیك، هیچ لایه‌كمان پێشبینی له‌و جۆره‌ رووداوه‌مان نه‌كردووه‌، له‌حاڵه‌تی وادا، بێگومان، راگه‌یاندن ده‌توانی وه‌كو ناوه‌ندێكی پرۆفیشناڵ، هه‌واڵه‌كان بگوازێته‌وه‌. پاشان.. راسته‌ له‌گه‌ڵ پارتیدا هاوپه‌یمانی ستراتیژیمان هه‌یه‌و شانازیشی پێوه‌ ده‌كه‌ین، ئه‌ركی هاوبه‌شی گه‌وره‌شمان به‌پێی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌، راپه‌ڕاندووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ، كه‌ رووداوی له‌و چه‌شنه‌ له‌زاخۆ بێته‌ پێشه‌وه‌، ده‌ستبه‌جێ چوونیه‌ك بكه‌وینه‌ هێرشی راگه‌یاندن، نه‌خێر ئه‌م جۆره‌ رووداوه‌ نه‌خوازراوانه‌، گه‌ر به‌وردی هه‌ڵوێستی له‌سه‌ر وه‌رنه‌گرین، بێگومان زیانی گه‌وره‌تر له‌ناو و ناوبانگی ئه‌زموونه‌كه‌مان، له‌پێشه‌وه‌دا، له‌پارتی و.. یه‌كێتی ده‌دات.
كاك فازل.. ناكرێ بیری بچێ، كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم، ده‌ستبه‌جێ دوای رووداوه‌كه‌ داوای لێكۆڵینه‌وه‌ی كردو ئیدانه‌ی سووتاندنی شوێنه‌كانی مه‌یفرۆشی و مه‌ساج و.. هه‌روه‌ها، باره‌گاكانی یه‌كگرتوشی كرد، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم، ئاڕاسته‌ی راگه‌یاندنی یه‌كێتیشی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، دیاریكرد. هه‌روه‌ها.. به‌ڕێز مام جه‌لال-یش، به‌هه‌مان ئاڕاسته‌، ئیدانه‌ی هه‌ردوو ره‌فتاره‌ ناشایسته‌كه‌و كه‌ كاروكاردانه‌وه‌ی نابه‌جێ بوون، كرد. له‌كۆبوونه‌وه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانیشدا، به‌ئاماده‌بوونی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێم، پێمانوایه‌، هه‌ڵوێستی یه‌كێتی له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ روون و رۆشن بوو. لێكدانه‌وه‌ی جیاواز هه‌ڵناگرێ. له‌كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسیش له‌(دوكان) به‌سه‌رپه‌رشتی هه‌ردوو سه‌رۆك تاڵه‌بانی و بارزانی، جه‌ختكرایه‌وه‌ كه‌ تێكڕای سووتاندنه‌كان خراپ بوون، به‌ڵكو وتراش، سووتاندنی باره‌گاكانی یه‌كگرتو، هه‌ڵه‌یه‌كی خراپتریش بوو، چونكه‌ ئه‌سڵی كێشه‌كه‌ی كرده‌ كێشه‌ی لاوه‌كی. له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێین: پێمانوایه‌، به‌ڕێز میرانی باش ده‌زانێ، نه‌ پارتی گفتی به‌ یه‌كێتی داوه‌، راگه‌یاندنه‌كه‌ی كت و مت، وه‌كو راگه‌یاندنی یه‌كێتی بێ، نه‌ یه‌كێتیش گفتمان به‌پارتی داوه‌، راگه‌یاندنه‌كه‌مان پابه‌ندی سیاسه‌تی راگه‌یاندنی پارتی بێت. گه‌ر قسه‌ش بێته‌سه‌ر ململانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ هه‌ڵه‌كانی سیاسه‌تی هێزه‌كانی ئیسلامی، پێمانوایه‌، یه‌كێتی به‌رده‌وام به‌شێكی ئه‌م ئه‌ركه‌ی راگه‌یاندووه‌ و راپه‌ڕاندووه‌و دووچاری كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌تریش له‌مه‌ی زاخۆ، له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌، هاتووه‌. به‌هیواشین، دوای لێكۆڵینه‌وه‌و سزادانی تاوانباران، جارێكی دیكه‌ له‌م چه‌شنه‌ رووداوه‌، روونه‌داته‌وه‌. له‌گه‌ڵ ڕێزمان بۆ به‌ڕێز میرانی و راگه‌یاندنی پارتی هاوپه‌یمان.
راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسیی ی.ن.ك

 

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com