ئایا هەرێمی کوردستان دەبێتە بەشێک لەکێشەکە.؟؟. هاشمی ئەمرۆ منم سبەی کەسێکی ترە

0

بارودۆخی عێراق و ئاڵۆزییەکان
نوچەنێت ئاژانسەکان
قاسم عه‌تا وته‌بێژى كرده‌كانى به‌غدا رایگه‌یاند سێ كه‌س له‌ پاسه‌وانه‌كانى تاریق هاشمى ده‌ستگیركراون به‌تۆمه‌تى تیرۆر، ئەویش لەدواى ئه‌وه‌ى هه‌وڵیاندا‌ له‌ فرۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌غداوه‌ به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌ هه‌ڵبێن.
وتەبێژی کردەکانی بەغدا بۆ سۆمه‌رییه‌ نیوز راگه‌یاند سێ پاسه‌وانه‌ ده‌ستگیركراوه‌كه‌ ره‌وانه‌ى بنكه‌یه‌كى ئه‌منى كراون بۆ ئه‌نجامدانى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیاندا.
دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی عێراق دانپێدانانی پاسەوانە دەستگیرکراوەکانی تارق هاشمی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراقی بڵاوکردەوە، کۆمەڵێک کردەی تیرۆرستیان خستە ئەستۆی خۆیان، ئەوەشیان راگەیاند بە رێنمایی و پاداشتی نوسینگەی هاشمی ئەنجامیانداون.
ئەحمەد شەوقی کە پلەی رائیدی لە سوپای عێراق هەیە و پاسەوانی هاشمییە و یەکێک لە دەستگیرکراوەکانە دەڵێت” تارق هاشمی لە نوسینگەکەی خۆی ڕازیکردم چەند کردەیەکی توندوتیژی ئەنجامبدەم و بە ئەحمەد قەحتانی بەرپرسی نوسینگەکەی راسپارد و ئەویش دەمانچەی بێدەنگی پێدام”.
ئەوەشی ئاشکرد کە یەکەم کاری تیرۆرستی لەدوای راسپاردەی هاشمی تەقاندنەوەی بۆمبێکی چێندراوبووە لە گۆڕەپانی الموال لەگەڕەکی موستەنسریەی بەغدا، لە ساڵی 2009، کە لەبەرامبەردا هاشمی سوپاسی کردەوەو بڕی 3 هەزار دۆلاری پێداوە.
شەوقی ئەوەش دەڵێت کە کۆمەڵێک کاری دیکەی تیرۆرستی کردووە وەک تەقاندنەوەی بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆبێلی پاسەوانێکی هادی عامری وەزیری گواستنەوەی عێراق و تیرۆرکردنی فەرمانبەرێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبەرانبەر هەریەک لەو کردەوانەش هاشمی سوپاس و پاداشتی کردووە.
هەروەها مولازمی یەکەم غسان جاسم پاسەوانی تارق هاشمی و تۆمەتبار مەروان دلێمی ئاشکرایانکرد بە فەرمانی نوسینگەی تارق هاشمی کۆمەڵێک کاری تیرۆرستیانکردووە کردوەو لەبەرامبەردا پاداشتی مادییان وەرگرتوە.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگاداریش به‌ “سۆمه‌رییه‌ نیوز”ی‌ راگه‌یاند هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ به‌غدا رێگریان له‌ فڕۆكه‌كه‌ی‌ هاشمی‌‌و حه‌وت پاسه‌وانی‌ داواكراوی‌ كرد به‌ره‌و سلێمانی‌ بفڕێت.
بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک رێگە نەدان بەسەفەری ساڵح موتڵه‌گ و خوزه‌یر خوزاعی‌ ‌و تاریق هاشمی‌‌و رافیع عیساوی‌ لە فرۆکەخانەی بەغدا، ئێوارەی دوێنێ گەشتنە کوردستان.

دوای سەردانەکەی هاشمی بۆ کوردستان سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نزیك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، به‌سایتی‌ هاوڵاتی‌ راگه‌یاند هاشمی‌ داوای‌ بینینی‌ تاڵه‌بانی‌ كردووه‌، به‌ڵام تاڵه‌بانی‌ ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌، سەرچاوەکە وتبوشی“به‌و هۆیه‌‌وه‌ هاشمی‌ به‌ره‌و شاری‌ هه‌ولێر به‌رێكه‌وتووه‌”.
بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی ئەوەی تاڵەبانی بینینی هاشمی رەتکردۆتەوە، سه‌رچاوه‌یه‌كى نزیك له‌ جه‌لال تاڵه‌بانى سه‌رۆك كۆمارى عێراق به‌ رۆژنامه‌ى (الشرق الاوسط)ى راگه‌یاندووه‌، كه‌ تارق هاشمى لەکوردستان دەمێنێتەوە، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوى بڵاو بكرێته‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ به‌منزیكانه‌ جارێكی دیكه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ جێگره‌كانیدا كۆده‌بێته‌وه‌و پاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا. وتوشیەتی “پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ بۆ به‌غدا، تاریق هاشمی‌ جێگری سه‌رۆك كۆمار له‌هاوینه‌ هه‌واری‌ دوكان تا كاتێكی نادیار ده‌مێنێته‌وه‌و ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا”.
هەر لەبارەی ئەو کێشەیەو رێگری لە هاشمی و بەرپرسانی عێراق، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند”ئه‌وه‌ی دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ 18/12/2011 له‌ فرۆكه‌خانه‌ی به‌غدا روویدا, جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌كی زۆره‌، به‌ شێوه‌یه‌كی نابه‌رپرسیارانه‌ و نه‌شیاو مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو به‌ڕێزی جێگری سه‌رۆك كۆمار خوزه‌یر خوزاعی و تاریق هاشمی و جێگری سه‌رۆكی وه‌زیران ساڵح موتڵه‌گ و وه‌زیری دارایی رافع عیساوی كرد, بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك رێگه‌ی سه‌فه‌ركردنیان نه‌دان، ئه‌وه‌ هه‌رگیز جێگای قبوڵكردن نییه‌”‌.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەکەیدا تەئکیدی لەوە کردەوە”نابێت لایه‌نی ئه‌منی به‌دپلان بكرێت یاخود بۆ ئامانجی دیكه‌ بقۆزرێته‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێت رێگه‌ به‌ دادگا بدرێت بڕیاری خۆی بدات.”
دوێنێ دوشەممە دادگای باڵای عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ تارق هاشمی، جێگری سەرۆک کۆمار دەرکرد و سەفەرکردنیشی لێ قەدەغەکراوە، لە یاداشتەکەدا هاتوو، ناوبراو به‌پێی‌ مادده‌ی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ تیرۆر داواكراوه‌ له‌ناوچه‌ی‌ سه‌وز داده‌نیشێت و پێویسته‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ده‌ستگیری‌ بكه‌ن.
لای خۆشیەوە ئەمرۆ لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لە هەولێر، تارق هاشمی جێگری سەرۆک کۆماری عێراق، لەبارەی ئەو کێشەیەوە قسەی کردوو وتی “زانیاریم هه‌یه‌ ئه‌جێندای‌ ده‌ره‌كی و چه‌ند ده‌وڵه‌تێك له‌ پشت ئه‌و تۆمه‌تانه‌وه‌یه‌ ئاراسته‌م ده‌كرێت، به‌ڵام ناوی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ نابه‌م و زیاتر له‌ چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كیشم هه‌یه‌ له‌وباره‌یه‌وه”. جێگری سەرۆک کۆماری عێراق ره‌تیكرده‌وه‌ كێشه‌كه‌ی‌ به‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بكرێت و رایگەیاند” نامه‌وێت كێشه‌كه‌م به‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ بكرێت و ده‌مه‌وێت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كێشه‌كه‌م یه‌كلاییبكرێته‌وه‌و چاره‌سه‌ر بكرێت.
ئەوەشی راگەیاند”چۆن توانیان له‌ماوه‌ی‌ ته‌نها 24 كاتژمێردا ئه‌و هه‌مو تۆمه‌ته‌ بخه‌نه‌ پاڵ من‌و پاسه‌وانه‌كانم له‌سه‌ر چه‌ند كرده‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌درێژایی‌ چه‌ندین ساڵی‌ رابردو ئه‌نجامدراون، له‌كاتێكدا ئه‌مه‌ پێویستی‌ به‌چه‌ند مانگێك هه‌یه‌ تاكو به‌ڵگه‌‌و دانپیانانه‌كان به‌راورد ده‌كرێن، پێشی وایە لە ئه‌و تۆمه‌ت‌و دانپیانانه‌ پێشوه‌خت حازر كراون، ته‌نانه‌ت به‌ر له‌وه‌ی‌ پاسه‌وانه‌كانیشی ده‌ستگیربكرێن.
هاشمی تەئکیدی لە دڵسۆزی پاسەوانەکانیشی کردەوەو وتی به‌و په‌ڕی‌ دڵسۆزیه‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ رابردودا كاریان كردوه‌‌و هیچ كاتێك پێشێلی‌ یاسایان نه‌كردوه.‌
جێگری سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند”دادگاكانی‌ عێراق به‌سیاسی‌ كراوه‌‌و سه‌ربه‌خۆبونی‌ خۆیان له‌ده‌ستداوه‌”، بەڵگەکانیشی بە”به‌رتیله‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ بازرگانی‌‌و چۆنێتی‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و باسه‌” خستەڕوو.

هەروەها تەئکیدی کردەوە  كه‌ ئه‌مه‌ پلانێكی‌ نەخشە بۆ داڕێژراوه‌‌و ئەمرۆ هاشمی‌ كراوه‌تە ئامانج‌ سبه‌ینێ‌ كه‌سێكی‌ ترە.
بەڵام ئامادەیی چونە بەردەم داداگای پێشاندا بەو مەرجەی”سه‌رجه‌م كه‌یسه‌كه‌ بهێندرێته‌ دادگاكانی‌ كوردستان‌و لێره‌دا لێكۆڵینه‌وه‌كان، به‌ئاماده‌بونی‌ كۆمكاری‌ عه‌ره‌بی‌‌و یه‌كێتی‌ پارێزه‌رانی‌ عه‌ره‌ب، به‌ڕێوه‌بچێت”.
هاشمی تۆمەتبارکردنی واباسکرد کە ئه‌وه‌ی‌ ئێستا روده‌دات ئه‌جێندای‌ تائیفیه‌، به‌ڵام من وه‌ك كارێكی‌ سیاسی‌ ته‌ماشای‌ ده‌كه‌م‌و نامه‌وێت تایفیانه‌ قسه‌ بكه‌م‌و هیوادارم به‌زوترین كات ئیعتیباری‌ جێگری‌ سه‌رۆك كۆماری‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌‌و پاسه‌وانه‌كانیشم ئازاد بكرێت‌و دادگا‌و لێكۆڵینه‌وه‌كانیش بهێندرێنه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان”.
لەبەرانبەر ئەو داواکارییەکی هاشمی کە دۆسیەکەی بهێنرێتە کوردستان، مەریم ئەلرەیس راوێژكار لە نوسینگەى مالیكى بە (ئاكانیوز)ى راگەیاند “پایتەختى عێراق بەغدایە و لێكۆڵینەوە لە پایتەختدا دەكرێت نەك لە هەرێمى كوردستان”.
هەروەها وتى “وا چاكترە هاشمى لەبرى تۆمەتباركردنى دادوەریى عێراق بەوەى بەسیاسى كراوە و بێلایەن نییە، بەڵگەى بێتاوانیى خۆى پێشكه‌ش بكات، قسەكانى هاشمى سوكایەتییە بە دادوەرى و دادوەرانى عێراق”.
راوێژكارەكەى مالیكى ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد لە رووى یاساییەوە سەفەركردن له‌ هاشمى قەدەغە كراوە، بۆیە هەر لایەنێك یارمەتى بدا بۆ سەفەركردن لە رووى یاساییەوە بەرپرسیار دەبێت.
هەر لەوەڵامی قسەکانی هاشمی و مانەوەی لەکوردستان، حسێن ئه‌سه‌دی‌، سه‌ركرده‌ له‌ لیستی‌ ده‌وڵه‌تی‌ یاسا له‌ لێدوانێكدا به‌ (سۆمه‌ریه‌نیوز)ی‌ راگه‌یاند”حه‌شاردانی‌ تاریق هاشمی تاوانێكه‌ كه‌ یاسا سزای‌ بۆ داناوه”‌. داواشیكرد”هه‌رێمی‌ كوردستان تاریق هاشمی راده‌ستی‌ دادگا بكات و به‌رپرسیاریه‌تی‌ یاسایی ترسناكی حه‌شاردانی‌ له‌ ئه‌ستۆ نه‌گرێت.
ئه‌سه‌دی‌ ئه‌وه‌شی وت‌”حه‌شاردانی‌ تاریق هاشمی‌، به‌شداریكردنه‌ له‌ تاواندا، چونكه‌ هاشمی به‌ ماده‌ی‌ سه‌روی‌ چواری‌ به‌گژاچونه‌وه‌ی‌ تیرۆر تۆمه‌تباركراوه‌.
لای خۆیەوە به‌ها ئه‌لعره‌جی، سه‌رۆكی كوتله‌ی‌ ره‌وتی سه‌در له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا داوایكرد‌، تاریق هاشمی خۆی‌ راده‌ستبكات و پاكی خۆی‌ بسه‌لمێنێت له‌ دادگا، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر تاوانباركرا، ئه‌وكات پێویسته‌ ملكه‌چی یاسا بێت.
سەرکردەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغداش ئەمرۆ راگەیاندنێکی بڵاو کردەوە و ته‌ئكیدیان له‌وه‌كردە‌وه‌‌ هێزه‌كانیان پابه‌ندن به‌ ده‌ستگیركردنی‌ تاریق هاشمی، جێگری‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق، كه‌ به‌ تێوه‌گلان له‌ كرده‌ی‌ توندوتیژی‌‌ تۆمه‌تباركراوه‌.
ئەوەشیان راگەیاند”هێزه‌ ئه‌منیه‌كان پابه‌ندن به‌ جێبه‌جێكردنی فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی تاریق هاشمی تۆمه‌تبار، له‌ هه‌موو ناوچه‌كاندا به‌بێ جیاوازی‌”.
لەوەڵامی راگەیاندنی سەرکردەی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق، خالید شوانی‌، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و سه‌رۆكی لیژنه‌ی‌ یاسایی لەبارەی داواكه‌ی‌ هاشمی‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ دۆسیه‌كه‌ی‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، وتویەتی” له‌ روی‌ یاساییه‌وه‌ ناكرێت لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسیه‌یه‌كی تاواندا له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی تر بگوازرێته‌وه‌و پێویسته‌ له‌ شوێنێكی روداوه‌كه‌دا لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت.”
شوانی دەشڵێت‌”به‌پێی‌ ده‌ستوری‌ عێراقی ناكرێت هێز بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان بنێردرێت بۆ ده‌ستگیركردنی هاشمی‌، به‌ڵكو هه‌رێمی‌ كوردستان هێزی‌ هه‌یه‌و ده‌كرێت ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌ندی به‌غدا هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵدا بكات بۆ ده‌ستگیركردنی‌ هاشمی‌”.
هەر لەمەڕ کێشەکانی عێراق، ئەمەریکا نیگەرانی خۆی راگەیاندو داوای لە سەرکردە عێراقییەکان کرد، هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن.
جای کارنی وتەبێژ بەناوی کۆشکی سپی ئەمەریکا وتی، ئەمەریکا نیگەرانە لەو قەیرانە سیاسییەی عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت، بە تایبەت دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تارق هاشمی، جێگری سەرۆک کۆمار.
ئاماژەی بەوەشدا، واشنتۆن سەرکردە عێراقییەکانی لەو نیگەرانییە ئاگادار کردوەتەوەو سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هانداوە بۆ هەوڵدان بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان.
هەر بۆ هەمان مەبەست جۆ بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا پەیوەندی بە سەرکردە عێراقییەکانەوە کردوەو جیمس جیفری، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان خستوەتەگەڕ.
هەر لەبارەی دۆخی عێراقەوە ساڵح موتڵەگ هۆشداری رژانی خوێنێکی زۆریدا لەئەگەری بەردەوامی کێشەکان و و لیستی عێراقیەش بەشداری خۆیان لە حکومەتی عێراق هەڵپەسارد.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com