“پیلان لەدژی نێچیرڤان بارزانی لە ئارادایە، بەڵام موستەحیلە هەنگاوێک هەڵگرێت دڵنیا نەبێت لەسەرکەوتنی”

0

“پیلان لەدژی نێچیرڤان بارزانی لە ئارادایە، بەڵام ئەو هۆشیارترە لەوان موستەحیلە هەنگاوێک هەڵگرێت دڵنیا نەبێت لەسەرکەوتنی”

نێچیرڤان بارزانی و کەسوکاری شەهیدان

نوچەنێت . تایبەت

توێژەرێکی سیاسی بۆ نوچەنێت رایگەیاند، پیلانێک لەدژی نێچیرڤان بارزانی لەئارادایە لەلایەن کۆمەڵێک”نوسەری رق لەدڵ” و سیاسی “فاشل” کە لەئێستاوە قەڵەم تیژ دەکەن و راگەیاندن تاو دەدەن، کە لەکاتی وەرگرتنەوەی سەرۆکایەتی حکومەت، دەست بەهێرشەکانیان بکەن، بەڵام وەک ئەو وتی” نێچیرڤان بارزانی لەوان هۆشیارترە”.
ئەو توێژەرە سیاسییە بۆ نوچەنێت وتی” ئێستا کاتی ئەوەیە حکومەت رادەستی پارتی بکرێتەوە، پارتی دەیەوێت و دۆخی کوردستانیش دەخوازێت کەسێک سەرۆکایەتی حکومەت بکات، کە لەئاستی گەورەیی تەحەداو کێشەکانی کوردستان بێت، هەم کێشە ناوخۆییەکان و هەم کێشە هەناردەکراوەکان، بۆیە نێچیرڤان بارزانی تاکە کەسە کە کاندید بێت و شیاو بێت”.
بەڵام وتیشی “بەداخەوە بەخوێندنەوەی خۆم بۆ راگەیاندنەکانی کوردستان و قەڵەم بەدەستە رق لەدڵەکان و لێدوانی هەندێ سیاسی فاشل زۆر بەجدی هەست بە پیلانێک دەکرێت، بۆ بچوکردنەوەی تواناکانی ئەو پیاوە، چونکە هێشتا دیار نییە حکومەتەکەی لەسەر چ ئەساسێک پێک دەهێنێت و لەسەر چی ئەساسێک کار دەکات، بە ئاشکرا رایدەگەیەنن جیاواز نابێت لەحکومەتی پێشخۆی، لەئێستاوە ئەنجامی حکومڕانییەکەیان دیاری کردووەو مەتریالی هێرشکردنەکەشیان ئامادەکردووە، بەڵام پێم وایە نێچیرڤان بارزانی لەوان هۆشیار ترە و هەنگاوێک دڵنیانەبێت لەسەرکەوتنی موستەحیلە هەڵیبگرێت، ئەوەنەی من بزانم ئەو دنیایەک خەڵکی بەتوانا، چی بیانی چی کوردی شارەزای لەدەورەو راویژی بەردەوامیان پێدەکات بۆیە واش بەئاسانی تێناکەوێت”.
لەوەڵامی ئەو قسەیەی ئەرسەلان بایز جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی کوردستان کە رایەگەیاندبوو”ئەگەر هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ركران.. ئه‌گه‌ر دنیا بووه‌ شامی شه‌ریف. ئه‌وا ئه‌و كاته‌ هه‌موو كه‌س ئه‌توانێ ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بدات و ببێته‌ سه‌رۆكی حكومه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو”، توێژەرە سیاسیەکە بۆ نوچەنێت وتی”کاک ئەرسەلان یەکێکە لەو کەسانە یان ئەو جێگای کە هاوکاری نوسینەکانینی باش دەزانن یاری بە وشە بکەن، ئەگەرنا باش تێدەگەن، کە نێچیرڤان بارزانی تاکە کەسە توانای ئیدارەدانی وڵاتی هەبێت لەسەردەمی کێشەکان، لەکابینەی پێنجەمیش ئەمەی سەلماندووە، بەڵام ئایا دەکرێت حکومەتێک هێشتا پێک نەیەت زەمینە سازی بۆ لێدانی بکرێت، پارتی بێت بەم توانا گەورەی نێچیرڤان بارزانییەوە کار لەسەر ئەو کێشە بچوکانە بکات کەتەنها نەزانی سیاسی هۆکاریانە. یان دەبێت تواناکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ کێشەگەورەکانی تر بەکار بێت، وەک کێشەی سنورەکان و کێشە دەرەکییەکان کە هەموومان بینیمان چی رۆڵێکی گرنگی هەبوو لەم ماوەی رابردوودا، ئەگەر بڕیار بێت لە ئێستاوە سەرۆکایەتی حکومەت بکرێتە ئامانجی لێدانی سیاسی ناوخۆیی، ئەگەر بڕیارە لە ئێستاوە سەرۆکایەتی حکومەت بکرێتە ئامانج بۆ لێدان بۆ دژایەتی بۆ مونافەسە لەسەر ئەساسی رق، بۆ تۆڵەکردنەوەی دۆڕاندن، بۆ کێشەی ناوخۆیی، چ پێویستە پارتی پایەیەکی گەورە لە حزبەکەی رووبەڕووی ئەو کێشەیە بکاتەوە، بێگومان نایکات، چونکە پارتی گەورەتر لەوان لە باردۆخی کوردستان دەڕوانێت و دەشزانی وەک حزبی یەکەمی گۆڕەپانەکە بەرپرسیاری گەورەتری لەسەرشانە، بۆیە قسەکانی کاک ئەرسەلانیش دەچێتە خانەی قسەی سەرکردەکانی تری یەکێتی کە گومان دەکرێت لەئێستاوە چاوەڕوانی دروستبونی هەمان بەزمی سەردەمی کابینەی شەشەم بن، تا بڵێن ئەوە نییە پارتیش پێی نەکرا”.
بەڵگەش بۆ قسەکانی کەپێی وایە سەرۆکایەتی حکومەت دەکرێتە ئامانج بۆ لێدانی سیاسی، بەوە دەهێنێتەوە کە”نێچیرڤان بارزانی کاتێک ئامادەیی دروستکردنی حکومەتی بنکە فرەوان بێت، کاتێک ئامادەی دارشتنی بەرنامەی کاری حکومەت بێت لە رای هەموو بەرە بەشدارەکان، کاتێک داوای بەشداری لە هەموو لایەنەکان بکات هەموو بەپێی قورسیەتی دەنگی خۆیان لەپەڕلەمان، کاتێک ئامادەی بنیاتنانی حکومەتی شەراکەتی راستەقینە بێت، راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن و سەکردەکانیان لە ئێستاوە بێ دەستپێکردن، بڵێن حکومەتی داهاتووش وەک ئەم حکومەتەی ئێستا دەبێت، بڵێن حکومەتی داهاتووش حکومەتی حزب و مەکتەبی سیاسی حزبەکان دەبێت، کەوایە هەمان پیلانی دژایەتی ئەم حکومەتشیان هەیە وەک ئەوەی هەیان بوو بۆ حکومەتی پێشوو کابینەی شەش، ئەمە ماناکەی روونە مانای ئەوەیە بەشداری ناکەن و درێژە بەدژایەتی و ئۆپۆزسیۆن بوونی بازاڕی دەدەن، مانای ئەوەیە مەبەست و ئامانجیان چارەکردنی گرفتەکانی کوردستان نییە، ئەوەندەی مەبەستیانە گەورەبن لەسەر ئەساسی فەوزا، ئەگەر مەبەست چارەکردنی کێشەکان بێت، نێچیرڤان بارزانی تاکە پیاوی سیاسییە ئەمرۆ توانای هەبێت حکومەت وەربگرێتەوەو کێشەکانیش چارەسەر بکات، بۆچی؟ چونکە لەحزبەکەی خۆیدا خاوەنی پێگەیەکی ئەوەندە بەهێزە هیچ سەرکردەیەک نەتوانێ رێگری لەکارەکانی بکات، لەحزبی بەرانبەریشی بەحوکمی قورسیەتی دەنگی حزبەکەی بەحوکمی ئیدارەدانی باشی لەسەرەتای تێکەڵکردنەوەی حکومەت لای بەشی زۆری سەرکردەکانی خاوەنی رێزو قورسیەتە، لای ئۆپۆزسیۆنیش هەمان شت، ئیتر چی رێگرییەک هەیە بۆ بەشداری نەکردن،؟ کە هیچ رێگرییەک نەبێت و دڵنیاشن لەوەی توانای باشکردنی دۆخی کوردستانی هەیە و بەشداری نەکەن، ئەوە دیارە مەبەست چییە و پیلان چییە”.
وتیشی”بەنسبەت ئۆپۆزسیۆنەوە ئەوە لەئەگەری بەشداری نەکردنیان دەخوێنرێتەوە، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێت بەشداری بکەن، هەرچەند من دەبینم ئۆپۆزسیۆنی کوردی یان ئەوەتە بەشێک لەسەرکردەکانیان و میدیاکەیان تەسلیم بەشەپۆلەکە بوون، یان ئەوەتە واتێگەشتوون لە ئەگەری درێژەدان بە ئاڵۆزی ئەوان گەورە دەبن لەناو خەڵک، بۆیە باشترە بەشداری حکومەت نەکەن تا هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکرێت، دوای ئەوە بەشدار بن چونکە ئەو هەڵبژاردنەش مەحەکە بۆ ئەوان، وەک ئەوەی بزتنەوەی گۆڕان بەنیازە تەنانەت کۆنگرە حزبییەکەشی دوا بخات تا ئەو هەڵبژاردنە دەکرێت، بەڵام لەهەموو حاڵەتەکان، دەبینم ئامادەیی هەیە لەئێستاوە بۆ دژایەتی کابینەیەک کە نێچیرڤان بارزانی دایمەزرێنێت، بەئاشکرا ئەوانەی دەنوسن و بەقەرار نوسەرن، شین دەکەن بۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی بێتە سەرۆکی حکومەت، ئیستفزاز دەکەن، هان دەدەن ، بەڵام لەناو هاندانەکانیشیان، لەئێستاوە دژایەتی دەکەن، ئەمە نەک هەر قەڵەم بەدەست بەڵکو سیاسی و پەڕلەمانتارەکانیشیان وا دەکەن، بۆیە وەک وتم ئەوە پیلانە، نێچیرڤان بارزانیش ئاسان تێناکەوێت و زۆر گەورەترە لەو زەلکاوەی کە ئەوان مەلەی تیا دەکەن، ئەو ئامادە دەبێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات، بەو مەبەستەی هەموو بێنە سەر بەڕێوەبردنی وڵات و ئیدارەی وڵات بکەن بەشەراکەت، کە نەشهاتن و سوربوون لەسەر ئەو دژایەتیەی کە ئێستا بۆ حکومەت هەیانە، بێگومان نێچیرڤان لەوەگەورەترە خۆی مەشغوڵی شەڕی ئەوان بکات و خۆشی بەوە نازانێت بەرەی شەڕی ناوخۆیی بگرێت”.
بەڵام هیواشی خواست”کە ئۆپۆزسیۆنی کوردستان بەجدی هەست بەمەترسی دۆخەکەو خەتەرەکانی سەرکورد بکەن، پێکەوە حکومەتێک پێکبهێنن کە توانای رووبەڕووی بونەوەی کێشەکانی هەبێت، نەک خۆئامادەبکەن بۆ سەرقاڵکردنی حکومەت بەکێشەی بچوکی ناوخۆیی و پشتکردن لەکێشە و هەرەشە دەرەکییەکان کەزۆر جدی دەردەکەون، بەهیوام تێبگەن لەوەی ئەگەر بێت و بەدەم ئەو نیازە باشانەوە نەچن کە بۆ شەراکەتی راستەقینەی حوکمڕانی ئەوان هەیە، ئەوە خۆیان ئەو زەمینەیە تێکدەدەن کەکاری لەسەر دەکەن کە ئەویش متمانەی خەڵکە، چونکە نابێت پێیان وابێت کە ئیدی دەتوانن خەڵک چەواشە بکەن بەوەی حکومەت بەنیازی شەراکەتی راستەقینە نییە چونکە ئەگەر بێت و نێچێرڤان بارزانی ئەو هەوڵانە بدات، ئەوە بێگومان هەوڵ و مەبەست و نیازەکانی بۆ خەڵک ئاشکرا دەکات”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com