سەرلێشوان.. جارێکی تر کەم بایەخکردنی هەوڵی باش… پەیوەندییەکەی تاڵەبانی
رۆشنبیران بوونەتە کۆیلەی سەرلێشواوی، ئەوان ئێستا موریدی ئەو تەرقەتەن
رزگار رەزا چوچانی. سوید
سەرلێشێوان کەرووی کردە وڵات و میللەتێک وازوو لەکۆڵی نابێتەوە، چ جای ئەگەر ئەو ئەو سەرلێشێوانە تەمەنێک لەگەڵی گوزەری کردبێت و هەموو کایە سیاسی و سەقافی و پەروەدەییەکانیشی گرتبێتەوە، کورد لەو رۆژەوەی کە داگیر کراوە بۆ خۆ رزگارکردن پێویستی بە خۆ رێکخستن بووە، ئەویش بە پێویستی یەک ریزی، بەڵام نەیتوانیوە ریزی شۆڕشەکانی رێکبخات، و ئازادی خۆی بەدەستبخات، بەهۆی تموحی شەخس و هەوڵی دەسەڵاتەکانی شەخس و زوو تەسلیم بونی بە ویستی دژو هەمبەرەکانی، بۆیە سەرلێشێواوی کردووەتە میوان و دواتریش خانەخوێی وڵاتی.
سەرلێشیواوی لەوێندەر ئەوەندەی چەرمەسەری بەسەردا هێناوەو تا گەشتۆتە هەوڵی یەک سڕینەوەو دەرهێنانی یەکتر لە ریشەوە، تا گەشتۆتە رشتنی خوێنی خۆیان بەدەستی خۆیان بەئەندازەی دەریایەک.
ئاخر سەرلێشێوان کاتێک توانی بچێتە ناو ئەو کایانەی کە دەتوانێت بەردەوام تێیاندا خەریکی خۆ ئەپدەیتکردن و خۆ نوێکردنەوەو لەدایک بونەوە بێت، ئیدی کارەسات دەخولقێنێت. بوارەکانی پەروەردەو راگەیاندن و رۆشنبیری، ئەو بوارانەن کە دەتوانن زەمینەبن بۆ ئەپدەیتکردنەوەی هەر شتێک، هەر کارێک، هەر باشکاریی و هەر خراپکارییەک.
لەکوردستان ئەو سەرلێشوانەی لەمێژ ساڵە رووی تێکردووین، خۆی خزاندۆتە ناو ئەو سێ کایە گرنگەو ئەو سێ زەمینە حەساسە، بۆیە پەروەردە لەوێندەر قوتابی بێ بەرهەم و بەردوەشێن و نا ئاگا بەرهەم دێنێت و داهاتووی وڵاتێک هەپورن دەکات، ئینسانیەت بەرەو جەهالەت لێدەخورێت، دەلاقەی رووناکییەکان وێران دەکات. راگەیاندن خەریکی پەخشکردنی جەهل و ژەنینی ئاوازی جەنگە، خەریک بە چاندنی رق و نوێنکردنەوەی سەرلێشێوانە، خەریک بە دروستکردنی بێهیوای و شێواندنی راستی و جوانکردنی درۆیە، خەریک بە تێکدانی زەمینەی ئاشتی و خۆشکردنی ئاگری شەڕە، وێرانکردنی بڕوای ئینسان و بیناکردنی بێبڕواییە، رۆشنبیران بوونەتە کۆیلەی سەرلێشوان، ئەوان ئێستا موریدی ئەو تەرقەتەن، خۆیان بڵندگۆی جاڕدانی رەوایی سەرلێشێوان و سەر لێشێواو ئێستا ئەوانن. هەموو ئەوانەش دەلالەتە لەبەرهەمی نابوتبونی عەقڵ و جێگرتنی سەرلێشێوان.
سەرلێشوان لەو وڵاتەی ئێمەدا وای پێکردووین راگەیاندنی شەڕ وەک موژدەی سەرهەڵدانی رزگاری ناو دەبەین، هەوڵی ئاشتی بەسوکایەتی و کەمبونەوە، بەرەوپیری ئاشتی چوون بەتەسلیم بوون و بەزیوی دەزانین، بڕوانە راگەیاندنی کوردی چی ئاوازێک بۆ جەنگ دەخوێنێ، چی کارێک دەکات بۆ کەمبایەخکردنی هەوڵەباشەکان، چی دەکات بۆ قارەمان پێشاندانی ئەوانەی توندن لەهەمبەر ئاشتی، چی دەکات بۆ نابوت پێشاندانی ئەوانەی دەیانەوێت نەرمی بۆ ئاشتی بنوێنن.
دوێنێ بوو لەناو گەرمەی هوتافەکانی شەڕ و یەکتر سڕینەوە، لەناو چڕی بۆنی خوێندا، بارزانی دەستپێشەخەری کرد و سەردانی نەوشیروان مستەفای کرد، راگەیاندن لەجێی بەرزنرخاندنی بە تەنازول و زۆر شتی تر لێکیان دایەوە، هەردوێنێ لەناو هەڵای مانشێتیەکانی شەڕ، مامۆستا عەلی باپیر هەوڵی ئاشتەوایی دا رۆشنبیرێک نەبوو ئەم هەوڵە مەزنە، وەک خۆی هەڵسەنگێنێ هەشیانبوو کە بەهەوڵ بۆ مەساڵحی شەخسی لێکی دایەوەو قسەی لەسەر کرد، ئەمرۆ سەرۆک کۆماری عێراق دوای گرژییەکان ئەو گرژیانەی کەهەمووکات ئەگەری تەقینەوەی هەیە، کێشەکانی عێراق وەک دەرفەت بۆ هەوڵی هێورکردنەوەی گرژی پەیوەندییەکانی گۆڕان و یەکێتی بەکار دەبات و دوای پچڕانی پەوەندییەکان پەیوەندی دەگرێت و راوێژەکانی دەباتەوە لای نەوشیروان مستەفا.
بەڵام چەند کات دوای ئەو، راگەیاندن ئەم هەوڵەی تاڵەبانیان کەم بایەخکرد، رایانگەیاند ئەمە لوتف و کەرەمی تاڵەبانی نەبووە، بەڵکو بە قسەو ئەمرو زەختی ئەمریکاو لەترسی گەشتنی بەهاری عەرەبی بووە، کوری نەوشیروان مستەفاش رایدەگەیەنێت کە نەوشیروان تەنها گوێی گرتووەو هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە، تۆ بڕوانە ئەم جەهالەتە ئەم ماڵوێرانییە چۆن هەموو لەهەوڵی شەڕداین، چۆن لەهەوڵی کەمبایەخکردنی هەوڵە باشەکانداین، بروانە سەرلێشێوان چۆن رەگی داکوتاوە لەنێوماندا، چۆن بەسەرلێشواوی رێدەکەین، قسە دەکەین، شیکار دەکەین و رادەگەیەنین.
من لێرەوە خوێنەر دەکەمە حەکەم برۆن بەدوای نوسینەکاندا بگەڕێن، بزانن چەند دێڕی هاندانی ئاشتی و چەند دێڕی هاندانی شەڕ و دروستکردنی بێهوایی دەبینن، چەند نۆتە بۆ ئاوازی شەڕ و چەند بۆ ئاشتی دەبینن، ئەوکات بڕیار بدەن بەراست ئەوە منم سەرم لێشێواوە وا بەم ئەندازە گەورە سەرلێشوان دەبینم لەوێندەر، یان راستە ئەوە سەر لێشوانە بۆتە رۆحی پەروەردەو راگەیاندن و رابەرو تەریقەتی رۆشنبیرانی ئێمە.